ئەوانەی رێبازیان بەردەوام بێت هەرگیز کۆچ ناکەن

پ.د.نەزاکەت حسێن
سروشتی ژیان وایە مرۆڤ جارێک لە دایک دەبێت جارێکیش دەمرێت. مرۆڤە گەورەکان و ئەوانەی خاوەن رێباز و رێچکە و دامەزرێنەری قوتابخانە و فەلسەفەیەک بن بۆ ژیان، نەک هەرگیز نامرن بەڵکو هەموو رۆژێک و هەموو چرکەیەک لەدایک دەبنەوە. قوتابخانەیەک سەدەیەکی تێپەڕاندبێت لە پێگەیاندن، لە بەردەوامی لە نوێگەری لە شوێنکەوتن و فەلسەفە و بیری بەردەوام بۆ ژیان، نزیک دەبینەوە لە سەدەیهک لەناو ئەم بیر و رێباز و مەدرەسەیەدا، هێشتا نەک زیندووە بەڵکو روئیا و دیدگا و بەرچاوڕونیمان دەداتێ بۆ ئایندە. چۆن دەتوانین بڵێین دامەزرێنەکەی کۆچی دوایی کردووە؟ کۆچ بۆ مرۆڤەکان بەگشتی تەواوبوونی ژیانە، بۆ مرۆڤە گەورەو داهێنەرەکانی وەک نەمر مەلا مستەفای بارزانی هەموو رۆژیک لەدایک بوونەوەیە، چونکە دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە کۆچی، بەردەوامی و فراوانبوون و خۆڕاگری ئەم قوتابخانەیە پەیوەستە بەو بیر و وتە و فەلسەفهی ئەو دایناوە. هەر رێبازێک توانی لەگەڵ سەردەمە جۆراوجۆرەکان بەردەوام بێت و بمێنێتەو، مانای زیندوویی دامەزرێنەکەیەتی. لەناو کۆمەڵگەی کوردی و زۆر رێچکە و بیر و ئایدیا تاقی کرایەوە، هەندێک هاوردە و هەندێک خۆماڵی، هیچیان نەیانتوانی لە سەردەمێکی کورت زیاتر بەردەوام بن. بەڵکو زۆربەشیان دەرهاوێشتەی نامۆو تا دەرهاویشتەی مەترسیداریان لە سەر کۆمەڵگەی کوردی بەجێ هێشت. رێبازی مەلا مستەفای بارزانی نەک رێبازێکە بەردەوام زیندوویەتی دەدات، بەڵکو چەترێکە شوێنی بۆ هەموو کوردێک بگرە فرەیەکی نەتەوەیی و ئایینی و رەچەڵەکی و رەگەزی داناوە، کەسێک نیە بیەوێت بێتە ناو ئەم رێبازە، ژێر ئەم چەترە جێگای خۆی نەبینێتەوە و هەست بە کیان و بوونی خۆی نەکات. چونکە بنەما و فەلسەفەیەکی مرۆڤ بوون و هیومانیەتیە رێبازی بارزانی. کەواتە هەموو کەس باوەڕی بەم رێبازە هەبێت و بیەوێت بیکاتە فەلسەفە بۆ ژیان و کوردایەتی، دەتوانێت لەم قوتابخانەیەدا بژی. بەردەوامی رێبازیش وابەستەیە بە بوونی بیرێک کە بتوانرێت لێ هەڵبگوۆزرێت و بگەڕێیتەوە بۆی لە کاردا، لە هەموو سەردەمێکدا لە بیری کوردایەتی و ژیان و حوکمڕانی و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن و رێزگرتن لە مرۆڤ. هەر کاتێک سەیری ئەم رێبازە دەکەیت ئایدیایەکت دەداتێ کە بەکاری بهێنیت. جگە لە رەهەندێکی بەهێزی ئەم رێبازە کە بناغەی مانەوەو بەردەوامیەتی. ئەویش توانای پێگەیاندنی سەرکردەیە. زۆربەی رێباز و رێچکە و قوتابخانەکان لە ژیانی مرۆڤایەتی بۆ کوژاونەتەوە؟ بۆ نەماون و بوون بە ئەرشیف لە مێژوودا؟ چونکە توانای پێگەیاندنی سەرکردە دوای سەرکردەیان نەبوو، نەیانتوانی بیرەکە، رێبازەکە لە مرۆڤەکاندا بەرجەستە بکەن، ئەوەی سەرنج راکێشە لە بیر و رێبازی بارزانیدا پێگەیاندنی سەرکردەیە، کە بەشانازیەوە کە سەیری نەوەکانی بارزانی دەکەیت نەوە دوای نەوە ئامادەن وەک سەرکردە، هەمووشیان بیر و ئایدیاکانی ئەو رێبازەیان تیادا بەرجەستەیە. بوونەتە پێشڕەو بۆ گەلی کورد بگرە بۆ ناوچەکانی دەوروبەریش، بەشداری لە پرس و کۆنفرانسە جیهانیەکان دەکەن و چارەسەریان پێیە. بۆیە رێبازێک دوای نزیک لە سەدەیەک توانای پێگەیاندنی سەرکردەیەکی هەبێت لەگەڵ گەشەسەندنە جیهانی و پرسە نوێ جیهانیەکاندا مامەڵە بکات. سەرۆکێک وەک جەنابی کاک مەسعود کە مەرجەعە، نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ زۆربەی پرس و کلیلی چارەسەرەکان لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەو. لە گەڵیشیدا دوو سەرکردەی پێگەیشتوو، مۆدێرن و دیبلۆماسی دیار وەک جەنابی کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور لەناو هاوکێشە ناوچەیی و جیهانیەکان رۆڵ دەبینن، نەوەی ئەمانیش بەردەوام بەدیار دەکەون، بە هەڵگری هەمان بیر و رەفتار و ویقار. کەواتە دەبێت ئێمە نەک باسی کۆچ و مردن بکەین بەڵکو هەموو رۆژ و ساتێک باسی لەدایک بوونی ئەم سەرکردە و دامەزرێنەری ئەم قوتابخەنەیە نەمر مامۆستا مەلا مستەفای بارزانی بکەین.




