میدیای سۆشەڵ

بەشی حەوتەم
پ.د.نەزاکەت حسین
ئالودەبوونێکی مەترسیدار
بابەتی ئالودەبوونی کەسێک بە ڕەفتارێک یان خواردن و خواردنەوەیەک، ئاسان نەبووە دورخستنەوە لێی و وازپێهێنانی، چونکە مەترسی ئالودەبوون بە شێوەیەکە ئەو کەسە هەست ناکات و تێناگات و باوەڕناکات ئالودەیە و خراپی ئالودەبوونەکە چییە، رەنگە ئالودەبوونی مرۆڤ بەو رەفتار یان خواردن و خواردنەوانە جگە لەوەی دەرهاوێشتەی خراپی لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونیەوە هەیە، بووبێتە هۆکاری قوربانی بوونی خۆی و کەسانی تری نزیکیشی، بەڵام ئالودەبوونی سۆشیاڵ میدیا شارەزایان بە مەترسیدارتری دەبینن. نەک لەبەر ئەوەی دەرهاوێشتەی ئەم خراپترە لە ئالودەبوونەکانی تر، بەڵکو مەترسیەکە لەوەدایە وەک JaronLanier ئاماژەی پێ دەکات مەترسیەکەی لەوەدا دەبینێتەوە کە ئالودەبوونەکانی تری وەک جگەرکێشان و خواردنەوەی مادە کحولیەکان یان قومارکردن هەمیشە و لە هەموو کۆمەڵگایەک ژمارەیەک خەڵک ئالودەبوون، خەڵکەکەی تر کەمپینی دروستکردوەو گفتوگۆیان کردووە کە چۆن رێگری لەو ئالودەبوونانە بگرن و ئەو کەسانە دوورخەنەوە و هاوکاریان بکەن. تا ڕادیەکیش ئەوەکراوە، بۆ نموونە بۆ کەم کردنەوەی جگەرەکێشان و ئەو کەسانەی ئالودەبوون چەندین رێ و شوێن گیراوەتە بەر بە یاسا یان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تاکو لە زۆر شوێن قەدەغەی کێشانی بکرێت، یان کەمپپینی هۆشیارکردنەوەو یارمەتیدانی ئەو کەسانە کە ئالودەبوون، مادە کحولیەکان بەهەمان شێوە، بەڵام گرفتی ئالودەبوون بە سۆشیاڵ میدیا و تەکنەلۆجیای کۆمینیکەیشن و زانیاری ئەوەیە زۆرینەی زۆری خەڵکەکە ئالودەن و چونەتە ناویەوە بەکاری دێنن و تێناگەن ئالودەن. خەریکە کەس نەمێنێت لە دەرەوەی تاکو گفتوگۆ بکرێت و چۆن رێگری لێ بکرێت. بۆیە ئەم پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات لە کتێبەکەی Ten Arguments for Deleting Your Social Media کە دەبێت ئیش بکەین لانی کەم کەمینەیەکی کەمی خەڵکیش بێت دووریان خەینەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تاکو گفتوگۆ بکەین، رێگە چارە بۆ دوورخستنەوەی ئەوانی تریش یاخود خۆپارێزی لە مەترسیەکانی فێریان بکەین. گرفتی سەرەکی ئەم ئالودەبوونەش ئەوەیە بەکارهێنەرەکانی تێناگەن کە ئالودەن، چونکە وا دیزاین کراون ئەم پلاتفۆڕمانە خۆشی دەدەن بەو کەسانە کە بەکاری دێنن، لەوەش خراپتر تەرکیزیان لاواز بووەو هەموویان خستوەتە سەر بابەتەکانی ناو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە، بە ئاسانی ناتوانی تەرکیزیان بێنێتە دەرەوە و بە ئاگاو هۆشی بێنیتەوە، تەنها رێگەیەک Jaron Lanier باسی دەکات داخستنی ئەکاونتەکانتە و گەڕانەوەی تەرکیزە بۆ ژیانی راستەقینەی کۆمەڵایەتی، ئەوکات هەست بە ئالودەبوون و لە دەستچوونی هەموو ئەو کات و ژیانەت دەکەیت کە لە ژیانە گریمانەییە بە سەرت بردووە بە تایبەتی فەیسبووک.Sean Parker یەکەم سەرۆکی فەیسبووک نایشارێتەوە دەڵێت "نیازمەندانە فەیسبوکمان وا دیزاین کردووە رەفتاری خەڵک بەرەو خراپ بگۆڕێت و ئالودەی ئەو رەفتارانەشی بکەین" لە کاتێکدا خاوەنداری تویتەر و یوتیوب هێشتا ئەم دانپیانانەیان نەکردووە.




