میدیای سۆشەڵ

بەشی شەشەم
پ.د.نەزاکەت حسین
سۆشیاڵ میدیا رەفتارت دەگۆڕێت
رەفتار و میکانیزمی فێربوونی رەفتارێک و وازهێنان لە رەفتارێک پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و کۆمەڵناسەکان زۆرتر شارەزای ئەم بوارەن کە چۆن مرۆڤێک فێری رەفتارێک دەبێت و چۆن دەتوانێت لێی رزگاربێت. ئامرازەکانی راگەیاندن و بەکارهێنانیان بە تایبەتی تەلەفزیۆن بە حوکمی دەنگ و رەنگ و جوڵە و دراما و چیرۆکەکان، جۆرێک لە ئالودەبوونی بەرهەم هێناوە بۆ هەندێک لە مرۆڤەکان. ئەوەی ئەمڕۆ باس لە ئالودەبوونی سۆشیاڵ میدیا دەکرێت جیاوازە لە ئالودەبوون بە هەر بابەت یان ئامرازێک یان رەفتارێکی تر. Jaron Laneir لە کتێبەکەی Ten Arguments for Deleting Your Social Media دەڵێت" لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئالودەبوون هەبووە بە مادەیەک یان رەفتارێک، نموونە وەک جگەرە، مادەی هۆشبەر، قومار، بەڵام هەموو مرۆڤەکان نا، ئێستا ئالودەبوون بە سۆشیاڵ میدیا خەریکە هەموو مرۆڤەکان بن، کەس نەمێنێت لە کۆمەڵگە واقعیەکان گفتوگۆ بکەن، باسی خۆپارێزی و رێگە چارە لەم ئالودەبوونە بکەن و هەمووی لەناو سۆشیاڵ میدیا بێت." و باسی جیاوازی ئەم ئالودەبوونەش بە تۆڕی کۆمەڵایەتی دەکات لەگەڵ هەر ئامرازێکی تری راگەیاندن. چونکە وەک ئەم پسپۆڕە لە کتێبەکی باسی دەکات تۆ ئالودە دەبیت بە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و سەیری دەکەیت، بەڵام ئەو سەیری تۆ ناکات، چاودێریت ناکات و زانیاریەکانت نابات و ئیشی لەسەربکات، بەڵام مۆبایل و گۆگڵ و یوتیوب وسۆشیاڵ میدیا سەیری تۆ دەکات و دتخوێنێتەوە، رەفتارت دەزانێت و ئیتر دەزانێت چۆن رەفتارت بگۆڕێت.
Jaron Laneir دەڵێت" کاتێک یوتیوب ڤیدیۆیەک دادەنێت تەنها مەبەستی نیە خەڵک بیبینێت، مەبەستیەتی لێکنزیکی و خواستی هاوبەشی وەرگرەکانی بزانێت، لەوێوە ئیدارەیان بکات بزانێت زۆرینەیان حەزیان لە چیە". ئەم زانینی حەز و خواست ئیشی خاوەندارەکانی فەیسبوک و تویتەر و گۆگڵ نیە، بەڵکو ئیشی خاوەندارەکانی ریکلامکەرانە ئەوانەی پارە دەدەن کە ریکلامەکانیان خەڵک بیبینێت و قەناعەت دروست بکەن بۆ کڕینی کاڵاکانیان، ئاماژەش بەوە دەکات ئەم پسپۆڕە کە ئیشی فەیسبوک و گۆگڵ و یوتیوب ئەویە قەناعەت بە خەڵک بکەن، هەموو قەناعەت پێ کردنێکیش رەفتار گۆڕینی دەوێت. بۆیە سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆڕمەکانی سەکۆیەکن بۆ گۆڕینی رەفتار، یاری بە تۆ دەکات و رەفتارێکت لا دروست دەکات کە خۆی دەەیەوێت ئەویش لە رێگەی چاودێریکردنی هەست و کاردانەوەو حەز و خولیا و رەتکردنەوەکانت. ئەوەی شارەزایان باسی دەکەن ئێستا کارکردنە بۆ هێنانە دەرەوەی خەڵک لەناو ئەم جیهانە ئەگینا کۆمەڵگەیەکی تاریک بە مانای ئەوەی تاکەکان بێ بیرکردنەوە ئاراستە دەکرێن کاتیان بەسەر دەبرێت رەفتاریان دەگۆڕدرێت و ئیدارە دەکرێن و ئازادیەکان و خواستە کەسیەکان نامێنن. سەرلەنوێ مرۆڤێکی تر کۆمەڵگەیەکی تر بەرهەم دێت. گرفتی گەورەی ئەم گۆڕانکاریەش ئەوەیە هێواش و ژێربەژێری و نادیارە، چونکە رەفتار دروست کردن و گۆڕین وردە وردەیە، کاتێک دەزانیت ئەو مرۆڤانەی تۆ بینیوتن وەک جاران رەفتار ناکەن و هەڵسوکەوت ناکەن. بۆیە ئەم ئالودەبونە مەترسیە، چونکە چەندە ئالودەبونت زیاتربێت، چاوت لە سەر شاشە و ئەکاونتەکەت بێت، ئەوەندە چاودێریکردنت زیاتر لە سەرە، خوێندەوەت بۆ دەکرێت و داتات لەسەر کۆدەکرێتەوە. دواجار ئاسان بەڕێوەدەبرێت و ئاراستە دەکرێیت و رەفتارت دەگۆردرێت. بە بێ ئەوەی بەخۆت بزانیت تەنها بەهۆی چاودێری هەستەکانت و کاردانەوەکانت و جوڵەی چاوەکانت و وەستانت لەسەر وێنە و ڤیدیۆ و بابەتەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.




