٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

وەڵامێك بۆ ڕۆژنامەی سەباحی عەرەبی

سەرچاوە: KDP.info

دەنگی دلێری گەلی كوردستان ڕوونە

ڕۆژنامەی خەبات

ڕۆژنامەی (الصباح)ی عەرەبی لە ڕۆژی 18ی شوباتی 2023 بابەتێكی بە ناوی (ئایا هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟) لە نووسینی كەسێكی بەناوی حەیدەر ئەلجادری، و بە پشتبەستن بە ڕاپرسیەك و ڕای كەسێكی خۆفرۆش بەو ئەنجامە گەیشتووە كە خەڵكی هەرێمی كوردستان هەڵوەشانەوەی هەرێمیان دەوێت.

بەر لە هەموو شتێك ئێمە دەزانین كە نەفەسێكی شۆڤینی لە بەغدا بوونی هەیە كە چاوی بە بوونی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت و ئەوەش دەزانین كە ئەم بابەتە دەرخەری ڕای فەرمیی حكوومەتی عێراق نیە. لەگەڵ ئەوەشدا بە نووسەری ئەو بابەتە و هەموو ئەوانەی بە نەفەسێكی دوژمنكارانە سەیری هەرێم دەكەن، ڕادەگەیێنین كە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و خەباتی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و تەمەنی لە تەمەنی دەوڵەتی عێراقیش گەورەترە. بەر لە دروستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەیان ساڵ گەلی كوردستان تێكۆشاوە و قوربانی داوە و هەرێمی كوردستانی عێراق دەستكەوتی ئەو خەبات و قوربانیدانەیە. ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی زۆر بە ئاراستەی ئینكاركردنی مافەكانی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكان و نەهێشتنی هەرێم دراوە، دەستوور پێشێل كرا و بە دەیان شێوە هەوڵی ئابڵۆقەدان و گوشارهێنان لەدژی هەرێم درا، بەڵام شوكر بۆ خوا و لە سایەی خۆڕاگریی خەڵكی هەرێمی كوردستان، هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بووە و لەڕووی گەشەسەندن و سەقامگیرییەوە زۆر لە پێشەوەی بەشەكانی تری عێراقە. ئەگەر خۆفرۆشێكیش بێت و ڕایەكی پێچەوانەی خەڵكی كوردستانی هەبێت، ئەوە ئازادە چۆن بیر دەكاتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا گەلی كوردستان لە ساڵی 2017 دلێرانە دەنگی خۆی هەڵبڕی و هەموو جیهان زانی كە ویستی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان چیە. ئەگەر ڕۆژنامەی سەباح و ئەوانەی چاویان بە هەرێم هەڵنایەت حەز دەكەن ڕاستییەكان بزانن لەبری پشتبەستن بە ڕای خۆفرۆشێك با ئەنجامی ڕیفراندۆمی 2017 سەیر بكەن، ئینجا دەزانن ئیرادەی گەلی كوردستان لەسەر چییە و هەرێم چیی دەوێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار