دامەزراوەی مرۆڤدۆستی و ناسنامەی نەتەوەیی

هاودەنگ فاروق
دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، بە گەیاندنی هاوكاری خێرا بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی توركیا و سووریا، مێژوویەكی شەرەفمەندانە و بەخشندانەی بۆ گەلەکەی تۆمار کرد؛ دامەزراوەیەک، تەنیا مرۆڤدۆستی دەناسێ نەک سنوور. دوورترین ڕێگا پڕمەترسییەکان بۆ ڕزگاری و خزمەتی مرۆڤایەتی دەبڕێت.
دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، بە سەرۆك و ستافە خۆبەخش و دڵسۆزەكەیەوە، ڕایەڵەیەکی متمانەداری ئاست بەرزیان لەگەڵ ڕێكخراوە خێرخوازیی و ئاژانسە نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكاندا دروست کردووە، لەم ڕوانگەیەوە تاکە ڕێکخراوی کوردستانن مامەڵەی فەرمیی لەگەڵدا دەكرێ، بۆیە مایەی شانازی کوردستانیان و ئایندەیەكی گەشن بۆ هەموو كوردێك.
(BCF) دامەزراوەیەكی پێشكەوتووی پسپۆڕ و خودان توانایەكی مرۆیی و لۆجیستی زۆر باشە و لە ڕووی دیسپلین و سیستەمی ئیداریی و پاكیی لە گەیاندنی ئەمانەت و هاوكاریی هەمەلایەنە بۆ هەژاران و لێقەوماوان، باشترین ناو و ناوبانگی بۆ خۆی و میللەتەكەی تۆمار كردووە؛ هەر بۆیە بۆتە بانكی دڵنیایی هەموو لایەك. كار و خزمەتەكانیشی لە ڕووی جۆرییەتی دەست و بردییدا لە ئاستێکی هەرە پێشكەوتوو و بەرزدایە.
لە ڕوویەكی دیكەوە، ئەم دەزگەیە توانیویەتی لە بواری دیپلۆماسیی میللیدا، ببێتە بەشێكی دانەبڕاوی زۆر هەستیاری سێكتەری دیپلۆماسی و ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاو ببینت، هەروەك لە کاتی قەیران و كێشە و كارەساتە سروشتییەكان، بە ئاڵای كوردستان و لۆگۆی تایبەتی كە وێنەی " بارزانیی نەمر"ە، خۆی بە هەموو جیهان بناسێنێت.
ڕۆڵی دەزگەكە وەختێك زۆر كاریگەرتر دەردەکەوێت، كە دەبینین ناحەزانی گەلی كوردستان، بەر لە دۆستەكان و دڵسۆزان گەواهی لە ڕۆڵی گرنگ و دیاری دەدەن. ئەوەتا بینیمان چۆن ئەندامی باڵای حزبێكی توركی نەیاری كوردستان، لە تویتەری خۆیدا لۆگۆیەكی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی دادەنێت و دەنووسێت: " لەخەودا بووین كە ئەمان هاتن بۆ هاوكاریمان ".
ئایا ئەو كارەی دەزگەی بارزانی كردی و نەیارانی ناچار كرد دان بە شوناس و ڕۆڵی مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازانەی نەتەوەی كورددا بنێن، تا ئەمڕۆ بە هیچ حزبێکی سیاسی کراوە؟! بێگومان نەخێر.
ئامادەیی ئەم دەزگە گرنگە لە ناو جەرگەی كارەساتە مرۆییەكاندا، بە نوێنەرایەتیی كوردە، ئەوەتا سەركۆماری توركیا لە بەرامبەر ڕۆڵی كاریگەری ئەو دەزگەیەدا، تەلەفۆن بۆ سەرۆك بارزانی دەكات و دەڵێت: سوپاسگوزارتانین.
دەزگەكە ڕووی شارستانی و مرۆڤدۆستیی كوردی نیشان دا، ئەوەی سەلماند كە ئاستی كورد لە كایەكەدا ئەوەندە پێشكەوتووە، جیاوازیی سیاسی و ئیتینكی نابێتە ڕێگر لەوەی ڕۆڵی مرۆڤدۆستانەی لە هەموو شوێنێكدا هەبێت، بەڵكو كورد بەڕادەیەك مرۆڤدۆستە، هەموو جیاوازییەكان دەخاتە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە.




