٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

میدیای سۆشەڵ و قەیرانی سەرنج

سەرچاوە: KDP.info

بەشی چوارەم

پ.د.نەزاکەت حسین

ئاشکرایە زۆربوونی سەرچاوەکانی زانیاری و لەبەردەست بوونی کەناڵی جۆراوجۆری راگەیاندن، بەرچاوی وەرگر قەرەباڵغ دەکات و سەرنجی پەرتەوازە دەکات، نازانێت سەرنج لە چی بدات و چی لای به‌ بایەخ بێت. بۆ ئەوەی هەر پەیامێکیش کاریگەر بێت پەیامێکی میدیایی بێت یان ریکلامی، دەبێت رەچاوی ٤ پرنسیپ بکرێت کە بە پرنسیپی AIDA ناودەبرێت کە کورتکراوەی هەر چوار چەمکی Attention, Interest, Desire ,Action واتە سەرنج  و بایەخ  و رەغبەت و کردار، دەبێت هەر پەیامێک ئەم سێ رەگەزانەی تیادابێت ئەمجا کاریگەرە و دەگاتە قۆناغی کۆتایی کە 'کردارە' واتە قەناعەت لای وەرگرەکە دروست دەکات تاکو هەنگاوی بۆ هەڵنێت و ئیتر یان پەێڕەوی بکات یان ئەگەر پەیامێکی ریکلامی بوو بڕوات بە پیریەوەو بڕیاری کڕینی کاڵاکە بدات. وەک دەشبینین سەرنج یەکەم رەگەزەو یەکەم پێداویستی هەر پەیامێکی ریکلامی یان میدیاییە بۆ ئەوەی کاریگەر بێت. ئەگەر سەرنج دروست نەبوو واتە کاریگەری و قەبوڵکردنی پەیامەکە لە قۆناغی یەکەمیدا کوژاوەتەوە هیچ کاریگەری بەجێ ناهێڵێت. زۆربوونی کەناڵی راگەیاندن و هاتنی سۆشیاڵ میدیا بە تایبەتی یەکجار ئەم ژینگەیەی قەرباڵغ کردووە و گرفتی بۆ سەرنج دروست کردووە، نە وەرگر دەتوانێت سەرنجەکانی کۆکاتەوە نە دەزگاکانی راگەیاندن و پەیجە هەواڵی و زانیارییەکان ئاسان دەتوانن پەیامێکیان هەبێت لەناو ئەو لێشاوە هەڵڕژاوەی پەیام و زانیاری کە سەرنجی وەرگر رابکێشێت. باسەکەش تەنها سەرنج راکێشان نییە، چۆنیەتی بەرزکردنەوەی رانک و ڤیو و لایک و کۆمێنتە، بەتایبەتی بۆ پەیامە ریکلامییەکان، ئەمانە وایکردووە کە راگەیاندنەکان پەنا بۆ بابەتی وروژاندن و زەق کردنەوەی هەندێک بابەت بەرن ئەگەر لەسەر ناوەرۆک  و بەها مەعریفی و کەلتورییەکەش بکەوێت، چونکە سروشتی میدیا وایە تا بەرەو بازرگانی و ریکلامی بڕوات ناوەرۆک لە ڕووی قوڵی و بەهای مەعریفی و فەرهەنگیەوە لاواز دەبێت. ئێستا ئەوەی دەیبینین کە زۆربەی کات بەها باڵاکان و کەلتور و پیرۆزییەکان دەبنە قوربانی لە ئەنجامی پەیامێک یان ڤیدیۆیەک یان وێنەیەک کە بڵاودەبێتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایه‌تییەکان، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی کە تۆڕی کۆمەڵایەتی هێشتا بەشێوەیەکی تەواو بە یاسا و ئیتیک رێکنەخراوە، جگە لەوەی زۆر جار بە شاراوەیی دەتوانرێت یان بە پەیجێکی سێبەر یان ئەکاونتێکی فەیک شت بڵاوبکاتەوە. سەرباری ئەوەی ژینگەی ململانێ زیاتر بوار دەرەخسێنێت بۆ هەواڵ و زانیاری ساختە و پەیامی وروژێنەر، هەر بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو تا ئێستاش رێژەی بوونی دەزگای راگەیاندن لە وڵاتەکەیان دیارکراوەو نایانەوێت وەرگر دابەش و پەرتەوازە ببێت و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی میدیای نیشتمانیان هەیە. کار دەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک لەسەر ئەو میدیایە کۆببێتەوە تاکو پەیامە نیشتمانییەکان بە هەموو کەس بگات و نزیکی ئایدیا و بۆچوون دروست ببێت، بەڵام سۆشیاڵ میدیا ئەم نۆرمەی تێک داوە و ئێستا بووەتە هۆی قەیرانی سەرنج راکێشان و لەپێناو ئەوەشدا چی دەکات چی بڵاودەکاتەوە دەیکات تەنها بۆ ئەوەی خۆی لەو قەرباڵغی زۆره‌ی پەیام و زانیاریانه‌دا وەرگر بۆ خۆی راکێشێت وبدۆزێتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار