٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

وەک حەلیمە.. عادت دادگای فیدڕاڵی عێراق الى عاداتها القدیمة

سەرچاوە: KDP.info

د.محمد خدرمولود

چاودێرانی سیاسی و سیاسەتمەدار و دەستەبژێرانی نێو کۆمەڵگا و ئەو بەرێزانەی لە نزیکەوە ئاگاداری بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراقن هەر لە بڕیاری دژ بە کاندیدبوونی هۆشیار زێباری بەربژێری هەرە کاریگەر و بەهێز و سیاسەتمەداری ناوداری کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، و دواتر بریاری دژ بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە تا بڕیاری رۆژی چوارشەممەی 25-1 کە بە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ناردنی بڕی(400) ملیار دینار ناوزەدکراوە. 

ئەو بڕیارەی رۆژی چوارشەممە هیچ کامێک لە توێژی چاودێران و دەستەبژێران و سیاسەتمەدارانی تووشی سەرسوڕمان و رووداوێکی لە ناکاوی چاوەڕوان نەکراو نەکرد. بەپێچەوانەوە بەڵکو لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە نێو ناوەندەکانی توێژینەوە و بەدواداچوونی سیاسیی و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و میدیایی بەتایبەتی ئەو تێگەیشتن و بۆچوونەی لە مەڕ ئەم دادگایە هەیە بەم جۆرە گەڵاڵە بووە: تا ئەو وڵاتەی ناوی (عێراق-بلد نیفاق)ە، خاوەن هزر و تێروانینی تۆتالیتاری و شۆفینی بێ و خودان (حەشدومەشد) و پەرلەمانتاری هەڵگری ئەجندای دەرەکی وەک (سنێد و منێد و بۆرە و مۆرە) بێ، حاڵی پایتەختەکەی بەغدای (باغ و باغات و باخچەی پشتەوەی تاران)ی لەوە باشتر نابێ و بۆ هەولێر بەغدا هەر (کچە هەتیم چەی - عادت حلیمە الی عاداتە القدیمە)ی یاسینی گۆلکێیە.

دوای دەرچوونی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی گەر دوژمنانی هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان، پێی بەختەوەر و کەیفسازبن و کەیفیان بە خۆیان بێ و ئەو بڕیارەی بەغدا بە سەرکەوتنی دادوەری و پیادەکردنی یاسا و رێگری لە گەندەڵی و بە فیرۆدانی پارەو سەروەت و سامانی گەلانی عێراقی تێ بگەن وەک سنێد و منێد و بۆرە و مۆرە وایان لێکدابێتەوە ئەوا دیوەکەی تری کە ڕووی راستەقینەی بابەتەکەیە بەم جۆرە خوێندنەوەی بۆ دەکرێ، بابەتێکی سیاسیی مەبەستدارە و ئەجندایەک لە باگراوەندەوە وەک کەیسێکی سیاسی بە ناوی دادوەری و یاسا و پارێزەری دەستوورەوە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەزموونی خۆراگری و سەرکەوتوویی حوکمڕانی کوردی و هەروا دژی  هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان دجولێندرێت.

یا بە واتایەکی تر خودی دادگای فیدراڵی ئامێرێکی سیاسیی مەبەستداری دەستی خودان ئەجنداکانە لە کاتە پێویستەکان دا دەهێندرێتە سەر تەختەی شانۆی سیاسی و نمایشە مەبەستدارەکەی پێ دەکرێت.

هەمدیس وای دەخوێنینەوە ئەم بڕیارە لە کات و ساتێکدایە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی شیاع سوودانی دەخاتە بەردەم تەنگژە و بێ متمانەیی سیاسیی و هەموو ئەو کەشە ئەرێنی و زەمینسازی و خاڵە پۆزەتیفانەی کە هەولێر بۆ بەغدای دەستەبەر کرد تا حکومەتی پێ دامەزرا هەمووی هێنایەوە خاڵی سەرەتا و هەولێری بێ منەت کرد لەو هەموو ئەو هەوڵ و كۆششانەی کە بۆ مەبەستی دامەزراندنی حکومەتە با بردەلەیەکەی بەغدایێ، فریادرەسانە هەنگاوی بۆ نا و دایمەزراند. 

با ئەو دڕکەی بەغداش لە پێی هەولێر ڕاچێ، دڵنیاین دەرهێنانی ئەو دڕکەش ئاسانە و ئەو بڕیارە دادوەرییە بە رەنگ و ڕووی سیاسییە ئەجندەییەش لێکەوتەی سیاسیی ئەوەندە مەترسیداری لێ ناکەوێتەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان  خاوەن ئەزموون و بەخششی مەزنتری نەتەوەیین و خاوەن سەرۆک و رابەر و فریادرەسی ژیر و دانای وەک سەرۆک مەسعود بارزانی یە و بارزانی هەیە. 

هەمیشە ئەو رابەرە مەزنە فریادرەس و خاوەن سەبری ئەیوبە، ئاڵنگاری و کێشە و گرفتەکان دەبوارێنێ و بەسەر ستەم و ئاستەنگەکانیشدا سەردەکەوێ و لە کۆتایش دا هەر کورد و کوردستانییانن تێرتێر لە ناخەوە بە بەغدا پێدەکەنن.

بەغدای دادگای فیدڕاڵیش نەک هەر وەک خاتوو حەلیمە دەگەڕێتەوە سەر عاداتی قەدیمە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لەو مێژووە کرێتە و ناوی دەچێتە رێزی (محاکم تەفتیش و دادگای مەکارسی و مەحکەمەی سەورەی عەواد بەندەرەوە).

 

هەولێر 27-1-2023

 

هەواڵی پەیوەندیدار