دادگەی فیدڕاڵی، ئامرازێک بۆ تێکدان

بڵند نەوڕەس
هەوڵەکانی پارتی و لایەنە سونەکان و لایەنە شیعییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەکەی سودانی، لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی کۆنکرێتی سیاسی مەرجدار بوو، هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی هاوسەنگی رابگیرێت و هەڵەکانی پێشتر دووبارە نەبێتەوە و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکانییان ئاسایی ببێتەوە و ئاسۆیەکی روون بەدی بکرێت.
هێماکانی ئەو ئاساییبونەوەی پەیوەندی و لێکتێگەیشتنەش لە پانتایی سیاسیدا بە روونی هەستی پێدەکرا، بەڵام لە ناکاودا و بە مەبەستی تێکدانی ئەو رێککەوتنەی کە هەبوو لە نێوان هەرێم و بەغدادا، دادگەی فیدڕاڵی جارێکی تر ئەو کەشە ئارامەی ئاڵۆزکردەوە و متمانەی بۆ جارێکی تر لەقکرد لە نێوان هەردوو لادا.
بۆیە گومانەکان لەسەر دادگەی فیدڕاڵی تەنها ئەوە نییە کە دژی هەرێمی کوردستانە، بەڵکو دژ بە ئارامی سیاسی خودی عێراقیشە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوپەڕی هەستیارییەوە داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان دەکات پابەندبن بە رێککەوتنەکانییانەوە.
هەروەها گەڕاندنەوەی عێراقیشە بۆ خاڵی سفر و سەرچاوەیەکیشە بۆ دروستبوونەوەی کێشەکان تا ئەندازەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی سودانی!
عەقڵییەتی جیاکاری و خۆسەپێنی هێشتا لە عێراقدا باڵادەستە و هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوون و پەیوەندییانەی ئەنجامدران تا ئاستی رێککەوتنی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدادا، بە بڕیارێکی دادگەی فیدڕاڵی هەموو رێسەکەی کردەوە بە خوری!
پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) زۆر بە روونی ئاماژەیداوە بە هەوڵی دادگەی فیدڕاڵی بۆ تێکدانی دۆخی عێراق و زۆر بە ووردی مەرام و مەبەستەکانی پشت پەردەی ئاشکراکردووە کە لە بەشێکیدا دەڵێت:
"جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە".




