٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مەسرور بارزانی پیاوە ئاوریشمییە پۆڵاینەکە بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەردەکەوێ و ئەستەم دەبوارێنێ

سەرچاوە: KDP.info

د.محمد خدر مولود 

چوار ساڵ بەر لە ئەمرۆ، کاتێ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتەکەی پێشکەش کرد، بە بڕوا و متمانە بەخۆبوونەوە بڕگەکانی بەرنامەی کاری حکومەتی کوردستانی خوێندەوە و دڵنیایی ئەوەشی دەدا، کە بەسەر ئاستەنگ و لەمپەرەکاندا زاڵ دەبێت.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتێکدا لەدایکبوو، لێکەوتەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، شکستی هێرشبەرانیان لە پردێ و سحێلا، بەردەوامی و درێژە پێدان بە سیاسەتی بڕینی بودجە و موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە لایەن بەغداوە هەر جارێ بە ئاین و ئۆن و هەنجەتێکی بەغداییانەی دارێژراو پلان و ئەجندای هەمەجۆری دەرەکی و ناوخۆی دژە کورد، و دژە هەولێری پایتەخت. ئەوە سەرباری سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا کۆڤید 19 و تەشەنەسەندی کە گرفت و ئاستەنگێکی دیکەی ژیانی مرۆیی و ئابووری هەرە ترسناک بوون.

ئەوانە و دواتر کۆسپ و لەمپەر و ئاستەنگی تری شاراوەی نادیاری هەڵتۆقیو بۆ ئان و ساتی ئامادەکراو قورمیش کراو، رێگر بوون لەبەردەم نەخشە و بەرنامەی چاکسازی و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریدا تا ئەو دروشمەی خودی سەرۆک وەزیران بەرنامەی کاری کابینەکەی لەو پێناوەدا دارشتبوو، ڕاشکاوانە نەخشەڕێگای گەیشتن بە (کوردستانێکی بەهێزتر) ی کردە میتۆد و بەرنامە و پاکیجی کار.

لەو ساوە تا ئەمڕۆ بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەر لە هەمووان دەیزانی و هەستی پێ دەکرد (نەخشەڕێگای گەیشتن بە کوردستانێکی بەهێزتر) گوڵڕێژ و راخراو نییە بە فەرشی سوور، بەڵکو دژواری و ئاڵنگارییەکانی قۆناغەکە، پلان و ئەجندا دژەکان، هاوتەریبی نەخشەڕێگایەکەی ئەون و تا بکرێ و بلوێ دەبن بە ئاستەنگ و لەمپەری هەمەجۆری بەردەمی.

وێرای ئەوە کەسان و لایەن هەبوون گرەویان لەسەر شکست و نشوشتی حکومەتەکەی و تەنانەت کەسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەکەش دەکرد.

ئەو هەموو گرفت و تەنگژەو قەیرانی سیاسیی و ئابووری و ئیداریی و ئاسایشیی و میدیایی ئاراستەکراوەی لە و ماوەی تەمەنی ئەم کابینەی نۆیەمدا هاتووبوونەتە پێش و بەگڕکەوتبوون کەم نین، تا بۆیان لوا تۆوی رق و کینە و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و دووبەرەکی و نا ئارامی و تەنانەت ترس و تۆقاندنیش لە نێو ناخی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانی دا بڕوێنن. 

بۆیە لەو ماوەیەدا ئەجندای دژ و ئاراستەکراو چما نەیکەن ..؟ چ کرێتییەک هەبوو پەیڕەویان نەکردبێ ..؟ هەر بۆ هیچ نەبووبێ، تەنیا بۆ ناشیرین کردن و ناوزڕاندنی کورد و حکومەتەکەی و ناشیرین و ناوزراندنی کابینەکە. 

لە بەرامبەریشدا حیکمەت و وردبینی و ئایندەبینی و روانین و رامانی بەرپرسانەی سەرۆکی کابینەی نۆیەم، هەموو ئەگەر و پێشهات و خەیاڵ پڵاوی و گرەوەکانی خاوەن ئەجنداکانی گۆڕەوشار کردەوە. 

مەسرو بارزانی، پیاوە ئاوریشمییە پۆڵایینەکە، سەڵماندنی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بوژاندنەوەی ئابووری، بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایین و ئاینزا، بۆ دیموکراسیەت و رای بەرامبەر، بۆ تەبایی و مافەکانی ژیانی فرەیی و موزایکی کوردستانی ڕوون و ڕەوانە، پیاوە ئاوریشمییەكە خاوەن میتۆد و هەڵگری کەلتوری باوباپیران و رێبازی پارتی و بارزانییە، ڕاشکاو و راستگۆیە، بوێر و ئازا و زرنگە، پۆڵایینە بۆ گەندەڵی و قۆرغکاری و ناحەز و نەیاریش وەک ژمارەیەکی سەنگین سەیری دەکەن و هەژماری دەکەن. بەڕادەیێ، هەژاری شاعیر گوتەنی :

دوژمن لە زەبری دەتاسێ .. کێ هەیە بارزانی نەناسێ.

نهێنی سەرکەوتنی مەسرور بارزانی پیاوە ئاوریشمییە پۆڵاینەکە هەر لەوەدا نییە وەک هەندێ لە چاودێران تەنیا وای دەبینن کە کوڕی گەورەی سەرۆک و رابەر و کاریزماو پێشمەرگەی کوردستان سەرۆک مەسعود بارزانی یە و هیچی تر نا، بەڵکو گەر ئەو بۆچوونە هۆکارێکی بۆماوەیی و کەلتوری پێشینەی باوانیش بێ، بەڵام کەسایەتی و هەڵکەوتوویی ئەو و ئەزموونی کاری سیاسیی و دبلۆماسیی و چاوکراوەیی و ژیری و بوێری خودی مەسرور بارزانیش لە ئەرک و پۆستە ئیداری و سیاسیی و پاراستنی ئاسایشیی کوردستاندا لە سەردەمە سەختەکاندا، گەواهیدەری ئەو راستییەن. 

هەروا، گەواهی ئەو سەرکەوتن و ئەو سەرکردایەتییە حەکیم و ژیرانەشی بۆ دەدەن کە رابردوویەکی بەرپرسانەی مەزنی هەبووە لە ئاست بەرپرسیارەتیدا بۆ پاراستنی سەرفرازی و شکۆ و بەرز راگرتنی ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلێکی ستەمدیدەی وەک گەلی کوردستاندا بۆ بەردەوامی و دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی حوکمڕانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

 

هەولێر 15-1-2023

هەواڵی پەیوەندیدار