میدیای سۆشەڵ

بەشی دووەم
پ.د.نەزاکەت حسین
مرۆڤ لە ژیانی خۆیدا لە هەر سەردەمێکدا ژیابێت تامەزرۆی ئازادی و دیموکراسی بووە و هەوڵ و قوربانی بۆ داوە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا لەم سەکۆیەدا کە سەکۆی سۆشیاڵ میدیایە و بەرهەمی دەستی تاک خۆیەتی توانیویەتی ئەو دیموکراسیەتە بەرهەم بهێنێت؟ گەرچی ئەم ژینگە نوێیە بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەر لە سەرەتاوە بە بەرهەمی ژینگەی دیموکراسی و ئازادی ناسێنرا و هەندێک بە میدیای دیموکراسی ناویان برد. پسپۆڕان و سیاسیەکان رای جیاوازیان هەیە لەم بارەوە هەندێک بە ئامرازێکی کاریگەری بەرهەمهێنانی دیموکراسی ئەژماری دەکەن، لەو رووەوە کە بواری رەخساندووە بۆ هەموو تاکێک کە ئەژمارێکی لە یەکێک لە جۆرەکانی سۆشیاڵ میدیا هەبێت رای خۆی دەربڕێت ئازادانە و گوزارشت لە خۆی و لە بۆچوونەکانی بکات، بە تایبەتی ئەم رایە زۆرتر گەشەی کرد لەو کاتەوەی کە لە وڵاتانی عەرەبی بەهاری عەرەبی بەرهەمهێنا. باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری پێشووی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەم بارەوە دەڵێت "ئێمە شایەتحاڵین کە چالاکوانەکانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی چۆن سۆسیاڵ میدیا بەکار دێنن بۆ تۆماری خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن و قسەکردن لەسەری و کۆکردنەوەی خەڵک لەسەر کێشەکانی گۆڕانی کەش و هەوا یەکسانی رەگەزی و نەژادی، بە بوون لە ئینتەرنێت و زانیاری شۆڕش بە ئاسانی دەگوازرێتەوە و گەڕانەوە نیە بەڵام وەک هەموو پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و گەشەسەندنی دەرەنجامی باشیشی نابێت هەندیک جار دەبێت نرخەکەشی بدەین" بەڵام لە هەمان کات رای جیاواز لەمەش هەیە و پێیان وایە تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن دیموکراسیەتی تێک شکاندووە، چونکە دیموکراسیەت بە تەنها رای ئازاد دەربڕین و هەڵبژاردن بەدی نایەت، بەڵکو پرۆسەیەکە پێویستی بە گفتوگۆ و گوێ لەیەکگرتن و راستکردنەوەی هەڵەکان و بەخۆداچوونەوە هەیە. ئەمە لە ئێستادا لە تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن و سۆشیاڵ میدیا کە بەرهەمی ئەم تەکنۆلۆجیاییە کەمتر دەبینرێت و بەڵکو جگە لە سەنتراڵیزم بونەوەی دەسەڵات و بڕیارەکان زۆر شتی تێکشکاندووە، وەک 'مارک سۆڵمس" زانایەکی دەروونناس و شیکاری دەروونیە لە باشوری ئەفەریقا، دەڵێت "لە سیستمی زانیاریدا زۆر شت تێکشکاوە، دیموکراسیەت تێکشکاوە، ئیتیک تێکشکاوە، گفتوگۆ تێکشکاوە، گفتوگۆ لە ژیانی واقعی چوتە ناو ژیانێکی گریمانەیی سنورداری وەک سۆشیاڵ میدیا و تەکنەلۆجیا، ئەمانەش هەموو لەسەر سەرنج ئیش دەکەن، چۆن سەرنجی خەڵک راکێشن لە جیهانێکی قەرەباڵغ بە زانیاری و مرۆڤ بەرکەوتە دەبێت بە شەپۆل و لێشاوێکی زانیاری". لەلایەکی تریشەوە باراک ئۆباما هەر لەبارەی سۆشیاڵ میدیاوە دەڵێت" دابەشبوونی زانیارییەکان، جاران کاتێکی زۆرت دەویست تاکو خۆپیشاندانێک رێک بخەیت، ئەمڕۆ نارەزایەتییەکان رێکناخرێن لەلایەن سەندیکاکان یان رێکخراوە ناحکومییەکان، بەڵکو لەلایەن خەڵکانێک رێک دەخرێن کە رەنگە یەکتریش نەناسن هەفتەیەک پێشتر. ریفراندۆمەکان رەنگە لەلایەن کەسانێکەوە رێکبخرێن بانگەشەی بۆ بکرێت کە هەرگیز سیاسی نەبوون، ئەمە تەندروستیترین وریابونەوەیە بۆ سەرکردە سیاسیەکان، دەبێت هەموو کات هەموو رۆژ و چرکەیەک بڕیارەکانیان بابەت بێت بۆ ئەو خۆپیشاندان و جوڵە دیارانە، سەرکردەکان دەبێت بۆ ئەو خەڵکە پۆپۆلیستیە قسە بکەن نەک دامودەزگای رەسمی و ریکخراوە."




