٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

میدیای سۆشەڵ

سەرچاوە: KDP.info

بەشی یەکەم 

پ.د.نەزاکەت حسین

لەگەڵ بەردەست کەوتنی ئامێرەکانی تەکنەلۆجیا و زانیاری بۆ مرۆڤ و پێدانی توانا بە مرۆڤ، کە بتوانێت زانیاری و مەعلومات نەک تەنها بە لێشاو وەرگرێت، بەڵکو خۆشی زانیاری بڵاوبکاتەوە. چەمکی Citizen Journalism بە مانای 'هاوڵاتی رۆژنامەنوس' نەک تەنها وەک چەمک هاتە ناو فەرهەنگی میدیا و رۆژنامەگەرییەوە،  بەڵکو وەک بابەتێکی رۆژنامەنوسانی چوە ناو خوێندنی کۆرسەکانی میدیا لە زانکۆ و پەیمانگاکان. ئێستا پلەی ماستەر و دکتۆرا لەو بوارە وەردەگیرێت. هێندە بابەتەکە بابەتێکی زیندوو و بەردەوام گەشەسەندوە، بە تایبەتی بەهۆی فۆڕمە یەک لە دوای یەکە بەرهەم هاتووەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەپلیکەیشنەکان و پلاتفۆرمەکانی گفتوگۆو کۆمینیکەیشن، کە بەردەوام بواری ئاڵوگۆری زانیاری و پەخشکردنی زانیاری گفتوگۆی ئۆن لاین فراوان دەکات. ئەوەی لەم باسەدا مەبەستە، ئەمرۆ بپرسین ئایا سۆشیاڵ میدییایە وا دەکات؟ یان ئێمەین وادەکەین؟. میدیایەک کە بەرهەمی دەستی خۆمانە، خۆشمان رەخنەبارانی دەکەین و گلەیی لێ دەکەین، دەڵێین سۆشیاڵ میدیا وای کرد و وای وت، وا کاریگەری نەرێنی بۆ بەجێ هێشتووین. بیرمان چوەتەوە کە بەرهەمی دەستی خۆمانە و دەبێت ئەو گلەییە لە خۆمان بکەین. ناوهێنانی منیش بۆ ئەم فۆرمە لە میدیا بە 'میدیای سۆشەڵ' لەوەوەیە کە میدیای بەرهەمی کۆمەڵایەتی و سۆشەڵی خۆمانە. باراک ئۆباما' سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە بارەی سۆشیاڵ میدیاوە زۆرێک پیاهەڵدان و دەستکەوت و بوار باس دەکات کە بۆ مرۆڤایەتی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام لەبارەی ئەوەی دەگوزەرێت لە ناو سۆشیاڵ میدیا ئەو ڕایەکی هەیە دەڵێت" سۆشیاڵ میدیا شێ دەدات واتە بەهێزی ئەو رەفتار و هەڵسوکەوتانە دەکات کە بەکارهێنەرەکانی هەیەتی، واتە دەرخەر و کاردانەوەو بەهێزکردنی ئەو رەفتارەیە کە تاکە بەکارهێنەرەکانی هەیانە.

ئەمڕۆ شارەزایانی بورای میدیاش دەڵێن بەپێی تیۆرەکەی مارشاڵ ماکلۆهان بێت 'کە ئامرازەکانی راگەیاندن هەریەکەیان درێژکراوەی هەستێکی مرۆڤە' ئەوا سۆشیاڵ میدیاش درێژکراوەی کۆمەڵگەکەیە کە تیایدا دەژین، بەڵام ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دەوڵەمەندتری بۆ دروست کردووین کە تیایدا کات زۆر خەرج دەبێت بەهۆی ئەو دەرفەتە جۆراوجۆرەیە کە رەخساندوویەتی. واتە ئەوەی هەیە و دەگوزەرێت و بەرهەم دێت لە ناو تۆری کۆمەڵایەتی بەرهەمی دەستی خۆمانە و ئەوە نمایش دەکات کە من یان ئێمە هەمانە لە ئیتیک، باوەڕ و بیرکردنەوە، رەفتار، هەست، ویژدان، پرینسیپی ئەخلاقی بوون. گەرچی بەخۆڕایی بوارێکی خستوەتە بەردەم هەریەکەمان، جیهانێکی بێ سنوری بۆ دروست کردووین کە دەتوانین گوزەری بکەین بە خەیاڵ و گریمانەیی بە هەموو جیهاندا. لەم باسە و چەند زنجیرەیەک باسی تردا لەسەر هەندێک لەو بوار و دەرفەتانە باس دەکەین کە بە ئەرێنی و نەرێنی رەخساندوویەتی بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کورده‌واریدا. یەکەم باسمان پۆپۆلیستی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتیە، کە بەداخەوە وایکردووە نەک یەکپۆشی ئایدیا بەڵکو یەکپۆشی بیر و رەفتار و کاردانەوە بڕیاردانیشی بۆ دروست کردووین، کە رووداوێک روودەدات یەکەم پۆست چۆن وێناکرا و چۆن لە سەری درا، لەناو تۆری کۆمەڵایەتی، ئیتر ئەوە دەبێتە نۆرم و سروشت و دەربڕینەکانی هەموومان بە جیاوازی ئاستی زانستی و سیاسی و تەمەن و پێگەمان لەسەر ئەو بابەتە کە زۆر دەگمەن جیاوازی دەبینیت بەداخەوە لە بۆچونەکانمان، جگە لەوەی لەسەر زۆر بابەتیش دابەش دەبین بۆ دوو بەرەی دژ و پرۆ، بە گشت دەچینە ناو ئەو باسە، بە یەک جۆر رەفتار و حوکم دانەوە. واتە زۆر جار خۆت و ئەندێشە و زیهنی خۆت لە دەست دەدەیت لە بڕیارەکانت. زۆربەی کاتیش حوکم دانی پێشوەخت و بێ بنەمایە و دواتریش چەند باسەکە وا نەبێت، گەڕانەوەو پاشگەزبوونەوە لە ڕا و بۆچوونەکانمان ئاسان نییە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار