٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مۆبایلەکەت زیان و سودت دیاری دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بڵند نەوڕەس

مۆبایل بۆتە پێویستییەکی رۆژانەی هەموو کەسێک لەسەر ئاستی جیهان، رێژەی گەنج  زۆرترین بەکارهێنەری مۆبایلی زیرەکن، کە زۆرترین کاتیشیان تەرخاندەکەن بۆ مۆبایلەکانییان، لە نێوان ١ کاتژمێری رۆژانە بۆ ١٠ کاتژمێری رۆژانەدا، بە پێی دوا پۆڵێنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایل لە سەر ئاستی وڵاتان.

مۆبایل بە پێی چەند توێژینەوەیەکی بەشی پزیشکی و سەرچاوە مرۆییەکانی بەشێک لە زانکۆکانی ئەمریکا و ژاپۆن و کەنەدا و سویسریدا کە بە هاوبەشی ئەنجامییان داوە، سەلماندوویانە کە بەکارهێنانی مۆبایل، بەکارهێنەران تووشی ئاڵودەبوون دەکات، هاوتای بەکارهێنەرە هۆشبەرەکان! 

یەکێکیشە لە هۆکارەکانی لەبیرچوونەوە لای مرۆڤ، بەو پێیەی لە سەردەمی پێش مۆبایلدا لەبیرچوونەوە زیاتر لە دوای ٧٠ بۆ ٧٥ تا ٨٠ ساڵی رویدەدا لە مرۆڤدا، بەڵام لە ئێستادا لە بیرچوونەوە لە تەمەنی ٢٠ بۆ ٢٥ تا ٣٠ ساڵی بەدی دەکرێت! 

بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی کێشەکانی جومگە و فەقەرات و خواربوونەوە و وشکبوونی نێوان ئێسکەکانی مل ٢٥٠٪ زیادتر بووە لە چاو ساڵی رابردوودا، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ بەکارهێنانی مۆبایل دەگەڕێتەوە!

ئەوەی جێگای تێڕامانە، لەوەتەی مۆبایل بەستراوەتەوە بە ئینتەرنێتەوە، رێژەی گێلی و بێ ئاگایی تاک لەسەر ئاستی جیهان زیادی کردووە، لە بەرامبەردا بابەتی بێ بایەخ و بێ کەڵک و راگوزەر تەشەنەیەکی ترسناکییان کردووە.

تۆی بەکارهێنەر کاتێک لە رێگەی مۆبایلەکەتەوە کاتەکانی خۆت دەکوژیت بە بابەتە بێ نرخ و بێ بەهاکانەوە، ئەو کاتە تۆ کاتت لێ دەڕوات و هۆگر و گیرۆدە دەبیت و هەنگاوێک دەچیتە دواوە، لە بەرامبەردا دروستکەرانی ئەو ناوەڕۆکە پووچانەش داهات و ناو و ناوبانگییان لە رێگەی تۆی هۆگرەوە زیاتر و زیاتر دەبێت.

تۆی بەکارهێنەر کرێکارێکی دوورەدەستی ئەوانیت و بێ مووچە و بێ پاداشت کاریان بۆ دەکەیت، رێک لە سەردەمی کۆیلایەتی دەچێت کە کۆیلەکان کۆشکییان بۆ خاوەن کارەکە دروست دەکرد و خاوەن کاریش ئەوەی لەسەر بوو بچێتە کۆشکەکەوە بێ ئەوەی بزانێت کێ بۆی کردووە !

بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە تۆی ئێستا کۆیلەی هزری سەردەمی تەکنەلۆژیایت و ئەوان کۆیلەی جەستەیی سەردەمی کۆیلایەتی بوون!

واتە تۆ بە چاو و مل و کات و هزر و هۆشت، بەوپەڕی پەرۆشییەوە کاردەکەیت بۆ ئەوانەی ئەو بابەتانە ئامادە دەکەن.

تۆ لە رووی هزری و تەندروستی و ئابوورییەوە زیان دەکەیت، ئەوانیش لە رێگەی زیانەکانی تۆوە بەردەوام و بە چرکە سودی زیاتر لە تۆ دەکەن و گەورەتر دەبینن.

گەر نەتتوانی سود لە تەکنەلۆژیا و مۆبایل ببینیت بۆ خۆت، زۆر دڵنیابە بێ ئەوەی خۆت ئاگاداربیت هۆکاریت بۆ سودگەیاندن بە خەڵکانی تر کە هەنگاوێک لە پێش تۆوەن و زیرەکانەتر مۆبایل بەکاردەهێنن.

بۆیە هەوڵ بدە مۆبایلەکەت بخەرە خزمەتی خۆت، نەک بە پێچەوانەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار