هەولێرهەر بستە خاکێکی پیرۆزە و تەیراوەش پایتەختیەتی

د. محمد خدر مولود
ماوەیەکە نووسین و بابەتی هەمەجۆری میدیایی و سۆشیاڵ میدیایی دژی هەولێر و هەولێرییەکان دەستی پێکردۆتەوە.
ئەم جۆرە وتار و نووسینانە ئاو لە ئاشی دیماگۆگیەت و خواستی ناوچەگەرێتی و شارچیەتی و بێ بەها سەیرکردنی بەرامبەر دەکەن و ووردە ووردە لە بابەتێکەوە دەرفەت و هەل دەقۆزنەوەو لە ناوچە و ناوچەگەرێتییەوە دێنە نێو گۆڕەپانە فراوانەکەی جەماوەر و گەل و بنکۆڵی بابەتە کە بە جۆرێ دەکەن درزەکان ببن بە خەرەند بۆ دابڕان و دوورکەوتنەوە و جیاخوازی، کە سەرەنجام لێکترازانی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە و گوتاری پۆپۆلیستی بەرهەم دێنێ و کۆمەڵگاش پڕاوپڕ دەکات لە تاکی گومڕای فریودراوی چاوبەستە.
چاودێرانی بواری میدیایی سەرنجیان داوەتە ئەو هەڵمەت و ئەو تەرزە بابەت و نووسینە و لەوە تێگەیشتوون گەر بابەت و نووسینەکە بۆ هەر مەبەستێ بێ و لە پای هەر ئامانجێکیەوە بێ با ئاراستەکەشی ڕووی لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش بێ، ئەوا شاری هەولێریش لە ئامانج و مەبەستی گشتییە شاراوەیەکەیدا بەدەر نییە و نەک هەر پڕووشکەکانی بەردەکەوێت، بەڵکو لە نێو جوغز و کڕۆکی بابەت و نووسینەکەدا هاوکێشەکە وا دەخوێندرێتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و هەولێری پایتەختی کوردستان دوو دیوی یەک دراون.
ئەو پرسە لە چاو شارانی دیکەی کوردستاندا زیاتر بۆ هەولێرییەکان رووداو و ڕەهەندی مێژوویی هەیە کە مێژوو و ڕووداوگەلێکی تاڵ و کوشندەی ماڵوێرانی و شاروێرانی هەیە و هەڵگری چەندین کۆدی شەری نەگریزی ناوخۆیە. جا چ لە تیرۆر و شەهید کردنی فریشتە ئاسمانییەکە، حاجی لەق لەقەکەی سەر مزگەوتی خانەقاوە بێ یا لە سوتاندنی رۆژنامەی رۆژانەی برایەتی - ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یا بە دوژمن سەیرکردن و بە کەم بینی هەولێر و هەولێرییەکان و حەڵاڵکردنی هەموو تاپۆ و حەڕامەکان بە خوێن ڕشتنی براکان و نانەوە و برەودان بە مەیلی شارچیەتییەوە تا بە بێ بایەخ و بە کەم سەیرکردن و بە نا پیرۆز پێشاندانی هەولێر، ئەوانە هەمووی هەڵگری کۆدی ئەو مێژووە تاڵ و کوشندە و ماڵوێرانی و داگیرکاریەن کە ئاگری شەڕی نەگریسی ناوخۆن و شاری هەولێری وەک پایتەختی کوردستانیش نەپاراست و پیرۆزییەکانی پێشێلکراو داگیرکاری بۆ هەندێک و لایەنێک، شاربەدەری بۆ هەندێک و لایەنی تری تێیدا بوو بە تایبەتمەندیەتی شاری هەولێر. هەر لەو ساوە تا ئەمرۆ و تا ئەو نووسینە تەنزو جنێو ئامێزە ئەو پرسیارانە لە بیروهزری هەولێر و هەولێرییەکان دروست دەکات و دە پرسن:
ئەرێ گەلی برادەرینە ئەو هەموو گێرە شێوێنی و گەوجاندن و پۆپۆلیستییە چییە و لە پای چییە بە مەبەستەوە ئاراستەی شارێکی وەک هەولێر دەکرێ ..؟ ئەرێ حەقە قەڵەمی نووسەرێک کە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد - لقی سلێمانییە بە وتاری تەنز و گاڵتەئامێزەوە سوکایەتی بە شاری هەولێری پایتەختی کوردستاندا بکات؟
لەکاتێکدا ئەم وتارە تەنزئامێز و جنێوئامێزە، گوتارێکە دەچێتە خانەی گوتاری پۆپۆلیستیی بەرپرسێکی باڵای نووسەرانی سلێمانی..!! بۆتە جێ پرسیار و سەرسوڕمانی سەدان لە نووسەرانی راستەقینەی کورد و شاری سلێمانی، دەقی گوتارە پۆپۆلیستییەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022دا نووسراوەو بڵاوکراوەتەوە، بەداخەوە بە درێژایی ئەو ساڵەش كە ساڵی 2022 بۆ چەندین جار نێو سەنتەری شاری هەولێر و فرۆکەخانە ناودارەکەی و لە باکور و رۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە لە نێو سنوور و لە دەرەوەی سنورەوەش، شەکرەشار ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری مووشەكباران و دڕۆن باران و کاتیوشاباران بۆتەوە.
خەڵکی کوردستان و وڵاتانی دونیاش ئەوەیان لە بیرە کە ئەو هێرشانەی لەو ساڵەوەدا کراون لە چ ئاستێکدا بوون و بە چ مەبەستێ ئاراستەکراون، خۆراگری و گیانی بەهێزی بەرخودانی هەولێر و کوردستانیانیش بوو بوون بە ناونیشانێکی دیکەی مەزنی هەولێر و سەری بڵندی نەچەماندەوە.
ئاخر هەولێر، هەر هەولێرە، با لەو ساتانەی كە باری گرژی و قەیراناوی ڕوو لە پارتەکان دەکەن بە تایبەتیش کە قەیران و گرژییەکان ڕوو لە پارتی و یەکێتیی دەبن، حەقوایە نووسەران ببن بە هۆکار بۆ ساردبوونەوە و خاڵی کردنەوەی فشار و گرژییەکان هەروا بە نووسین و گوتارەکانیان ببن بە بەشێک لە چارەسەر و ئاشتەوایی هەمیشەیی.
گەر نا، ئاهی فریشتەکانی ئاسمان، حاجی لەقڵەقەکانی خانەقا و شەهیدانی یەکی شوبات دەیانگرێ و شەرمەزار دەبن.
هەولێر 30-12-2022




