٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئیتاڵیەكان دۆستی ڕاستگۆی كوردن

سەرچاوە: KDP.info

فەلاح حەسەن*

جۆرجیا میلۆنی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا، ڕۆژی 23 ی دیسێمبەری 2022 بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە هەولێر، بە گەیشتنی، لەگەڵ بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە و باسیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستان كردەوە، بەتایبەت لە ڕووی وزە و لایەنی ئەمنی، سەرباری ئەو ڕاوێژكار و ڕاهێنەرە سەربازیانەی ئیتاڵیا كە هێشتا ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەكەن لە نێو هەرێمی كوردستان.

ئیتاڵیەكان بە بەڵگە سەلماندوویانە دۆستی ڕاستگۆی گەلی كوردستانن، لە ڕۆژانی شەڕی داعش و هێرشەكانی سەر هەولێر لە دوای 16 ئۆكتۆبەر، ڕۆڵێكی گرنگ و بەهێزیان بینی لە گۆڕینی ئاراستەی شەڕ و هێرشەكان بە پشتیوانی كردنی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان.

پارتی فۆرزا ئیتاڵیا كە پارتێكی پڕ جەماوەریە لە ئیتاڵیا و زۆرترین كاریگەری لەسەر میدیای ئەوروپا و ئیتاڵیا هەیە، لە سەرەتاكانی دەستپێكی شەڕی داعش، ئیمانیۆل ئیكۆپێنتی ڕاوێژكاری بەرلیسكۆنی سەرۆكی پێشووی حكومەتی ئیتاڵیا و سەرۆكی پارتی فۆرزا ئیتاڵیا كە میدیا هەرە كاریگەرەكانی ئیتاڵیای بە دەستەوەیە، تیمێكی میدیایی ئیتاڵی ناردە بەرەكانی پێشەوەی شەڕی هێزەكانی پێشمەرگە لە گەڵ داعش، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ زۆرترین دیمەنەكانی قارەمانیەتی و بەرگری پێشمەرگەی بۆ میدیای ئەوروپا و ئیتاڵیا گواستەوە كە زۆرترین كاریگەری جەماوەری لە ئەوروپا و ئیتاڵیا دروستكرد، ئەو هەوڵەی میدیاییەی ئیتاڵیا، فاكتەرێكی بەهێز بوو لە پاڵ هەوڵە دیبلۆماسیەكان، بۆ پشتیوانی كردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

زۆر دڵنیام لەوەی ئەنتۆنیۆ تایانی وەزیری دەرەوە، كاریگەریەكی گەورەی لەسەر تێڕوانینەكانی جۆرجیا میلۆنی سەرۆكوەزیرانەوە هەبووە بە نیشاندانی وێنایەكی جوانی كوردستان، لەگەڵ ئەو ئارامی و ئاسایش و پێكەوەژیانەی پێكهاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان هەیە لەو وڵاتە، ئەمە وای كردووە جۆرجیا میلۆنی بە سەردانێكی كورتی بۆ هەولێر، ئەو تێڕوانینە باشە لەسەر ئارامی و ئاسایشی هەولێر و هەرێمی كوردستان قسە بكات، سەرباری ئەو دیمەنانەی لە پایتەخت بە چاوەكانی خۆی بینی لە هێمنی و تەناهی.

لە دیدارەكانی چەند جارەم لەگەڵ بەرلیسكۆنی سەرۆكی پێشووی حكومەتی ئیتاڵیا و سەرۆكی پارتی فۆرزا ئیتاڵیا، باسی دۆستایەتی خۆی لەگەڵ جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی دەكرد و دووپاتی دەكردەوە كە هەمیشە هاوكار و پشتیوانی گەلی كوردستان دەبێ‌، ئەو تێڕوانینە باشەی بەرلیسكۆنیش كاریگەری لەسەر زۆرینەی ئیتاڵیەكان كردووە سەبارەت بە كورد و دۆزەكەی.

لە ساڵی 2010 لە كۆنگرەی لاوانی جیهان لە جۆرجیا، ماركۆ كازێلا و ئەنتۆنیۆ كاسپێرا نوێنەرانی ئیتاڵیا لە لاوانی جیهانم ناسی، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ دیلۆشیان سەرۆكی پێشووی لاوانی ئەوروپا كە ئەویش ئیتاڵی بوو، لە ڕێگەی ئەوانیشەوە زۆرینەی سیاسەتمەدار و كاربەدەستانی ئیتاڵیام ناسی، ئەوان سەرسام بوون بەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە، دڵخۆشبوون بەوەی هێشتا شوێنێك هەیە بۆ ئارامی ئایین و پێكهاتە جیاوازەكان، هەوڵی كاریگەریاندا بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، لەسەر ئەو بنەمایە ئیتاڵیا ڕاهێنەرانی سەربازی خۆی ناردە كوردستان بۆ ئەوەی ڕاهێنان بە پێشمەرگە بكەن.

ماركۆ كۆمپاجیە ئەندامی پێشووی سەركردایەتی لاوانی ئەوروپا، كتێبێكی لەسەر قارەمانیەتی پێشمەرگە و شەڕی داعش نووسی و چاپكرد، ئەو ڕۆژانەی دەهاتە كوردستان، بە یەكەوە دەچووینە بەرەكانی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش، لەوێ‌ دیمەنەكانی تۆمار دەكرد بۆ ئەوەی لە دوو توێی كتێبێكدا لەو ئەوروپادا بڵاوی بكاتەوە وەكو مێژوو، سەرباری ئەوەش، ماركۆ بەڕێوەبەری ماڵپەڕی یورپیان پۆست بوو كە بینەر و خوێنەرێكی زۆری هەبوو، لە وێش بە وەرگرتنی زانیاری و ڕاوێژكردن پێمان، نووسینەكانی خۆی لەسەر دۆزی كورد بڵاو دەكردەوە، هەمیشە قارەمانیەتی پێشمەرگەی نیشانی ئەوروپا و ئیتاَلیا دەدا، لەپێناو ئەوەی پشتیوانی زیاتری پێشمەرگە بكرێت و چەكی پێ‌ بدرێت لە شەڕی دژ بە داعش، چونكە ئەو بەباشی دەیزانی ئەو شەڕە پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی و جیهانی هەیە، چونكە تیرۆر پرسێكی جیهانیە و داعش ببوە هەڕەشەیەكی گەورە لە سەرتاسەری جیهان، پێشمەرگەش لە بری تەواوی جیهان ئەو شەڕەی دەكرد.

وەك جێگری سەرۆكی لاوانی دیموكراتی سیاسی ئەوروپا و جیهان، ڕۆژانی شەڕی داعش، شاندێكی گەورەی ئیتاڵیامان هێنایە كوردستان، ئەوان لە پارتە جیاوازەكانی ئیتاڵیا بوون، هاتن لە نزیكەوە لە گەڵ بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی كۆبوونەوە، پشتیوانی وڵاتەكەیان بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش دووپات كردەوە، دەشڵێ‌:"ناتوانین وەكو كورد، ڕۆڵی جوامێرانە و دڵسۆزانەی ئیمانیۆل ئیكیۆپێنتی و ئیتاڵیەكان لەبیر بكەین، ئەوان دۆستی ڕاستەقینە و ڕاستگۆن بۆ كورد، هەماهەنگیمان لەگەڵ یەك هەیە، ئەوان بەنیازن بەو نزیكانە شاندێكی ئیتاڵی بنێرنە كوردستان، ئێمەش شاندێكی لاوان بنێرینە ئیتاڵیا، بەو شێوەیە، دەمانەوێ‌ دۆستایەتیەكی زۆر پتەوتر لەنێوان گەلی كوردستان و گەلی ئیتاڵیا دروست بكەین، سەرباری ئەوەی وەك جێگری سەرۆكی لاوانی دیموكراتی سیاسی ئەوروپا پەیوەندییەكی بەهێزمان لەگەڵ لاوانی ئیتاڵیا هەیە كە بە ئیتاڵی پێی دەگوترێت (جیۆڤانی پێرلا لابێرتا)، ئەوانیش سەر بە پارتی فۆرزا ئیتاڵیایە كە بەرلیسكۆنی سەرۆكی پێشووی ئیتاڵیا سەرۆكایەتی دەكات.

 

 

*جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسی ئەوروپا و جیهان

هەواڵی پەیوەندیدار