نێچیرڤان بارزانی دبلۆماسییە ژیرەکەی ناوچەکە لە قەتەر بوو

د.محمد خدرمولود
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 18-12-2022 بە دەعوەتنامەی فەرمی میری قەتەر ئامادەی یاری کۆتایی پاڵەوانیەتی جامی جیهانی - مۆندیاڵی فیفا 2022 بوو.
ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کەسێتی بەرێز نێچیرڤان بارزانی لە بۆنەیەکی ئاوادا لەگەڵ سەرکردە و سەرۆک و گەورە بەرپرسانی جیهاندا بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان قەوارە سیاسیی و کارگێڕییەکەی چەندین مانا واتای سیاسیی لە خۆ دەگرێت هەموو واتا و ماناکان لای قەتەرییەکان ئەوە دەگەینێ کە ئەزموونی بەرخودانی کورد و بارزانی و حوکمداری و کوردستان و دەوڵەتمەداریەتی، لە ناوچە و دەڤەرێکی جوگرافی وەک هەرێمی کوردستانی گەمارۆدراو بە گرفت و قەیران و ئاریشە، کوردستان و هەولێر بۆتە ناونیشانی مانەوەو بەردەوام و بوون و هەنگاونان بۆ پێشەوە و پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەردەوام.
هەروا قەتەریەکان و میرانی قەتەریش لەوە تێگەیشتوون کە ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەو پێشخستنی کاری سیاسیی لە کوردستان دا تەنیا بە پیاوە مەزن و لە خۆبردوو و بەخشندە و ژیر و ئازا و بوێرەکان دەکرێ.
هەروا لە تێگەیشتن و دید و دیدگای قەتەر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی میری قەتەردا هەرێمی کوردستان پێگەی سیاسیی و ئابووری لە ناوچەکەدا لە چاو وڵاتانی باڵادەستی دەرودراوسێیدا بەهێزترە و ئەو سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەی کوردستانی پێناسراوە ئایندەیەکی گەشاوە و بوژانەوەی زیاتری لێ دەخوێندرێتەوە و بە بەراورد لەگەڵ پێگەی وڵاتانی سەربەخۆ و مەزنی خودان هێزی لە بن نەهاتووی دەور و بەردا پێگەی کوردستان چی وای کەمتر نییە.
هەروا لە دید و تێگەیشتنی قەتەرییەکان و بە تایبەتیش شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی
میری قەتەردا، کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی، جگە لە ئەوەی هەڵگری ناسنامەی بنەماڵەی شۆڕشگێر و خانەدانی بارزانە، خۆشی سیاسەتمەدار و دیبلۆماتێکی ژیر و دانایە و ناو و ژمارەیەکی سەنگینی نێو ژمارە و ناوەکانی ناوچەکەیە.
وەک ڕووسەکان چۆن نازناوی دبلۆماسییە ژیرەکەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان بە نێچیرڤان بارزانی بەخشیوە، قەتەرییەکانیش ئاوا رێز لە گەڵی کوردستان و خەبات و تێکۆشانی و لە پێگەی ئێستایی هەرێمی کوردستان و حوکمداریەتییەکەی و پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرن و نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆک و ڕابەر و سەرکردە و گەورە بەرپرسانی جیهان سەیر دەکەن و لەتەک سەرۆکی وڵاتانی دونیا بە فەرمی بانگهێشتی ئەو بۆنە جیهانییەی دەکەن.
ئاخر پرسەکە چەندە مەزنە، سەیر کەن هەموو دونیا هەر لە ئەرجەنتینەوە تا ئوستورالیا، لە کیپ تاونەوە تا بەستەڵەکی باکورەوە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 18-12-2022 لە میدیاکانەوە کوردستان و گەلی کوردیان لە روخسار و شێوەی سەرۆکی هەرێمەکەیدا بینی.
بۆیە بە هەموو پێوەر و لێکدانەوەو راڤە و شرۆڤەکان ئامادەبوون و دەرکەوتنی نیچیرڤان بارزانی لە قەتەر لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2022 گەر بۆ سەیرکردنی یاری کۆتایی تۆپی پێی نێوان تیپی هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئەرجەنتینیش بووبێ، ئەوا دەرکەوتن و ئامادەبوونی سیاسیی و ئابووری بەهێزی هەرێمی کوردستان و ئایندەی گەش و چالاکی پەیوەندییە دبلۆماسییەکان دەگەینێ.
هەولێر 19-12-2022




