دەسەڵاتی دوگمە

پ.د. نەزاکەت حسێن
سەردەم، سەردەمی سیستەمی زانیارییە، لە سیستەمی زانیاریشدا وەک ‘مارک سۆڵمس” زانایەکی دەرونناس و شیکاری دەرونیی باشووری ئەفەریقاییە، دەڵێت: ” لە سیستەمی زانیاریدا زۆر شت تێک شکاوە، دیموکراسییەت تێک شکاوە، ئێتیک تێک شکاوە، گفتوگۆ تێک شکاوە، گفتوگۆ لە ژیانی واقعی چووەتە ناو ژیانێکی گریمانەیی سنورداری وەک سۆشیاڵ میدیا و تەکنەلۆجیا، ئەمانەش، هەموو لە سەر سەرنج ئیش دەکەن. چۆن سەرنجی خەڵک ڕاکێشن لە جیهانێکی قەرەباڵغ بە زانیاری و مرۆڤ بەرکەوتە دەبێت بە شەپۆل و لێشاوێکی زانیارێ.
مرۆڤ خاوەنی هەستە، هەستەکانی خۆشەویستی و ڕق، هەستەکانی ویستن و نەویستن. ئەوەی ئەمڕۆ لە سۆشیاڵ میدیا و ئەپلیکەیشنەکان پێ دەوترێت لایک و دیسلایک، مرۆڤی لە کۆنترۆڵ و دیسپلینی خۆی دەرکردووە بۆ دانانی پەنجەی لە سەر دوگمەکانی ڕق و خۆشەویستی و لایک و دیسلایک. بەپێی زانستی سۆسۆلۆژیا مرۆڤ لە ژیانی واقعیدا کە ڕووداوێک ڕوودەدات چاودێریی بارودۆخەکە دەکات و بیری لێدەکاتەوە تا لێی بگات، ئەمە کاتێکی دەوێت تا هەستەکەی بە ویست یان نەویست، ڕق یان خۆشەویستی دەربڕێت. بەڵام لە جیهانی سۆشیاڵ میدیادا ئەم بیرکردنەوە نییە؛ خێرا بڕیاری خۆی لەسەر یەکێک لەم دوگمانە دەدات بۆ ئەوەی سەرنج ڕاکێشێت. دوگمەکانی ڕق و توندڕەوی و ئیرهابی زۆرترین سەرنج و لایک و کاردانەوەیان هەیە لە سۆسیاڵ میدیادا، بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە ساڵی ٢٠٢١ لە بەر فەیسبوک و بەکارهێنانەکانی لە زانکۆی وێستمینیستەر کراوە، ڕێژەی سەرنجڕاکێشان بۆ بابەتە ئیرهابیەکان و ڕقاوییەکان سێ هێندەی بابەت بەزمەسات و نەرم و ئارام و خۆشەویسیتەکان بووە. یۆڤاڵ هەراری، فەیلەسوفی سەردەم و مامۆستا لە زانکۆی ئۆرشەلیم دەڵێت:” دوگمەکانی ڕق و خۆشەویستی و ویست و نەویستن لە مێشکی مرۆڤدا هەن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە لە سۆشیاڵ میدیا و مامەڵەی مرۆڤ لە ناو تەکنەلۆجیای زانیاری و زیرەکیی دەستکرد، ئەو دوگمانە خێرا لە مێشکەوە دەردەچن؛ بەهۆی تەکنەلۆجیاوە وا دەکات مرۆڤ کاردانەوەی خێرای هەبێت و زوو ئەم هەستانە دەربڕێت بە لایکێک یان دیسلایک، یان دەست خستنە سەر دوگمەی خۆشەویستی یان ڕق. لە لایەکی ترەوە توێژینەوەکان لەسەر سۆشیاڵ میدیا و بەکارهێنەرەکانی زۆربەیان ئەوەیان سەلماندوە کە مرۆڤ ئیدمان دەبێت ئالودە دەبێت بە بەکارهێنانی ئەم تۆڕانە، ئیدمانبوونیشی بە دەستخستنە سەر دوگمەکانی ویستن و نەویستن و ڕق و خۆشەویستی هەست بە دەسەڵات دەکات، ئیدمانی دەسەڵاتێک دەبیت کە لە ژیانی واقعدا نەیبووە. بۆ نموونە هەریەکە لە ئێمە پێش ئەم تەکنەلۆجیا و سیستەمی زانیاری و تۆڕی کۆمەڵایەتی و جیهانی گریمانەیی، سنووری پەیوەندی و کاریگەریمان لەناو خزم و کەسوکار و گەڕەک و کۆمەڵگە بچووکەکەی خۆت و هاوڕێکانت و هاوپیشەکانت بووە، ئێستا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لەناو جیهانێکدای دەتەوێت لەناو ئەم جیهانە بێسنوورەدا دەسەڵات و بوونت هەبێت. سەرنج ڕاکێشیت بۆیە هەموو پێوەری مرۆیی، ئێتیکی، بەها، دیموکراسی تێک دەشکێنیت تەنها بۆ ئەوەی هەبێت و لەناو ئەو لێشاوە زنیاریانە زانیاریەکانی تۆ سەرنج ڕاکێشبێت. هەروەک مارک سۆڵمس ئەم دەسەڵاتە بۆ زیرەکیی دەستکردیش باس دەکات کە ئەمڕۆ هەمووی دوگمەیە، بەدەست خستنە سەر دوگمەیەک دەتوانیت گەورەترین کاولکاری بە ئامێرە سەربازییەکان بکەیت. یۆڤاڵ هەراری دەڵێت مرۆڤ پڕە لە ڕق، مەترسیش ئەوەیە لە گەڵ ئەم پڕ بوونەوە لە ڕق دەستی لەسەر دوگمەی چەکی ئەتۆمیە، دەتوانێت بە دەربڕینی هەستیکی و دەستدانان لەسەر دوگمەی پۆست ‘بینێرە’ ترس و دڵەڕاوکێ و وێرانی سایکۆلۆژیای دەروونی هەزاران فۆڵۆوەری خۆی بکات لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی، بگرە ئاسایشی کۆمەڵگە و جیهانێکیش بخاتە مەترسیەوە. بۆیە دەسەڵاتی دوگمە کە لە سیستەمی زانیاری و تەکنەلۆجیای زنیاری و زیرەکی دەستکرد پاوەر و دەسەڵاتێکی داوە بە مرۆڤ کە هەموو بەها و پرینسیپە ئێتیکی و مرۆییەکانی خستووەتە مەترسییەوە. مارک سۆڵمس دەڵێت “هەرچی پرسیارم لێ دەکرێت تێڕوانینم بۆ ئایندە چۆنە وەک زانایەکی دەرونناسی و بەوەش ناسراوم دۆزەرەوەی دەماغی میهرەبانیم لە مرۆڤدا بەڵام دەڵێت ڕەشبینم بە ئایندەی مرۆڤایەتیی لەم جیهان و دەسەڵاتی دوگمەیەی کە کەوتوەتە بەردەست مرۆڤایەتی. تەنانەت یۆڤاڵ هەراری ئەم نەزعەیە بە نەزعەی ئاژەڵی باس دەکات و دەڵێ: ئاژەڵ، کاردانەوەی خێرای بێ بیرکردنەوەی بۆ هەستە خۆشی و ناخۆشیەکانی ویستن و نەویستەکانی هەبووە، مرۆڤ وا نەبووە کە سەیری ناخی خۆت بکە ئەم هەستانە سادەن دەتوانیت ئاسان کۆنترۆڵیان کەیت، بەڵام لە سیستمی زانیاری و بە بوونی ئەم تەکنەلۆجیایە کە چەکی دوگمەی خستوەتە بەر دەستی مرۆڤ، مرۆڤ وەک ئاژەڵ ڕەفتار دەکات، خێرا بێ بیرکردنەوە بێ هەست بۆ شتەکان بە لایک و دیسلایک کاردانەوەی خێرا دەکات. چونکە خێرا هەستەکە دەگوازێتەوە بۆ پەنجەکانت بۆ سەر دوگمەکان بێ بیرکردنەوە.




