٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کاتالین نۆڤاک.. ئافرەتە پۆڵاینەکەی هەنگاریا لە کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

د. محمد خدرمولود 

سەردانی خاتوو کاتالین نۆڤاک سەرۆک کۆماری وڵاتی هەنگاریا، لەم ئان و ساتەدا بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و پاشان مانەوەی لە هەولێری پایتەختی کوردستاندا، چ بۆ گەلی هەنگاریا و حکومەتەکەی، چ بۆ گەلی کوردستان و حکومەتەکەی لە مانایەک زیاتردەگەیێنێ. 

چونکە ئەم سەردانە بوێری و ئازایی خاتوو کاتالین نۆڤاک دەگەیێنێ کە بە راستی و لە دلسۆزیەوە لە خەمی بەرێوەبردنی کاروباری وڵاتی خۆی دایە و مەبەستیەتی پەیوەندی بەهێزی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەنگاریا برەو پێ بدات و بگەینێتە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتووتر. هەروا سەردانەکەی سەلمێنەری ئەوەیە بەم خاتونە سەرۆک کۆمارە بگوترێ: ئافرەتە پۆڵاینەکەی هەنگاریا، چونکە دوو هۆکاری بەهێز ئەو نازناوەی پێ ڕەوا دەبینێ، هۆکاری یەکەم کردنەوەی دەرگای سنووری وڵاتەکەی بوو بۆ لە ئامێزگرتنی ئاپورای هەزاران ئاوارەی ئوکرانی و ئەوانەی جەنگ و شەڕی داسەپاوی رووسیا بە سەر ئوکراینا، ناچاری ئاوارەو دەربەدەری کردبوون.

بریاری ئەوسا بۆ وڵاتێکی وەک هەنگاریا لە ترسی هەژموون و فشاری سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتین وا ئاسان نەدەهاتە بەرچاو لە کاتێکدا کەمینەیەکی هەنگاری زمان هاونیشتیمانی ئوکراینین و رێژەی (0.3%) دانیشتوانی ئوکراینا پێکدێنن بۆیە ئەو نیگەرانی و نا ئارامی و دڵەڕاوکێ و ترسەی نێوان هەنگاریا و ئوکراینا کە لە سەرەتاوە لە لایەن رووسیا و دامودەزگاکانی سەربازی مۆسکۆوە زەمینەی بۆ خۆش دەکرا و جاری بۆ دەدرا و تەنانەت بانگەشەی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان هەنگاریە هاونیشتیمانییە ئوکراینەکانی بۆ دەکرا بە پشتیوانی و دنەدان و هاندانی هەنگارییەکان بۆ شەڕ و دژایەتی ئوکراینا، بەڵام حکومەت و هەنگارییەکان بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانییەوە ژیر و بوێرانە ئاراستەی هاوکێشەکەی مۆسکۆیان  پێچەوانەکردوە. 

هۆکارێکی دیکەی بە ڕەوا بینین و بەخشینی نازناوی ئافرەتە پۆڵاینەکەی هەنگاریا بە خاتوو کاتالین نۆڤاک هاتن و سەردانکردن و مانەوەیەتی لە هەولێری پایتەخت.  

لە کاتێکدا دوژمنانی هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ پەروا لە بانگەشە و دژایەتی کردنی خودی هەولێردان وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان تا بۆیان لوابێ و بلوێ بە شارێکی نا ئارام وێنای دەکەن.

بە پێچەوانەی هەموو ئەو هەوڵ و کۆششە نەزۆک و مایە پووچانەی ئەم و ئەوی دەرەکی و دەستکێشی ناوخۆ، هەولێر هەر رۆژێکی ژیان و گوزەران تیایدا لەگەڵ رۆژی پێشووی دا پێشکەوتن و گەشەسەندنێکە، پاراستنی زیاتری ئارامی و ئاسایش و ئاسوودەیی و ئاوەدانکردنەوەی زیاترە. هەولێر هەر رۆژێکی ژیانی بە بەراورد لەگەڵ رۆژانی پێشووی هەستکردنی زیاترە بە پتەوی بنیاتنان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئاین و ئاینزا و نەتەوەکان، هەولێر رۆژ دوای رۆژیش وەک پایتەختە ناودارەکانی دونیا، پایتەختی بریاری سیاسی، پایتەختی ئابووری و پایتەختی ئارامی و پێکەوەژیانە و هەردەم لە گەشەسەندنی بەردەوام دایە. 

کاتالین نۆڤاک گەر بۆ بەسەرکردنەوەی سەربازە قارەمانەکانی وڵاتەکەی و سەردانی کلێساکانی ئەلقووش و تلسقۆف و کردنەوەی قوتابخانەی نێودەوڵەتی هەنگاری لە عەنکاوە هاتبێ و ئامانجی هاتنەکەشی ئایندەییە، ئەو دەزانێ و هەست دەکات دێتە وڵاتێک کوردستانە و نیشتیمانی فرەنەتەوەیی و مێرگی پێکەوەژیانی هەمەچەشن و دیموکراسییانەی پێشمەرگە قارەمانە تەلسم شکێنانی داعشە و تا بە رۆژی ئەمڕۆی گەیشتووە رووبارێک خوێنی ڕشتووە.

ئەو خاتوونە سەرۆکی هەنگاریا کاتارین نۆڤاک ڕاشکاوانە رایدەگەیێنێ: ئێمە دەمانەوێ وەبەرهێنان لە داهاتووی ئێوەدا بکەین و هەرگیز کوردستان بەتەنیا جێناهێڵین. 

 

هەواڵی پەیوەندیدار