٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەرکەوتنی کۆنگرەی پارتی، سەرکەوتنی کوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

د.حەمدی شنگالی

پارتی بە کۆنگرەی 14 نوێبوونەوە، بە دروشمەکانی ئازادی و دیموکراسی و دادپەوەری، خۆی بە خاوەنی کوردستان دەزانێت، ئەم حزبە نەتەوەییە هەمیشە بەرگریکارێکی سەرسەختی دۆزی رەوای گەلی کورد و تەواوی کوردستانیان بووە، بە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان.

سەرۆک بارزانی، وەک مەرجەع و سەرۆکمان هەمیشە داڕێژەری ستراتیژی سەرکەوتنی کوردستان و پارتییە، ئەمجارە جێگرەکانی جێبەجێکاری ستراتیژەکە دەبن، لە دوای ئەم کۆنگرەیە پارتی کارەکانی بە ئاسۆیی دەکات، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی هەرێم بکات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، هەنگاو بەهەنگاویش ستراتیژی سەربەخۆیی کوردستان بباتە قۆناغی تر.

پارتی وەک هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم خۆی دەگونجێنێت، ئەم جارەش سەلماندی سەرەڕای هەموو بارودۆخەکان توانی لەگەڵ شەپۆلە خێراکانی گۆڕانکارییەکانی دونیا خۆی بگۆڕێت بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی.

ئەوانەی لەم کۆنگرەیەدا هاتنە پێشەوە، گەیشتن بە کۆمیتەی ناوەندی، پیرۆزبایی گەرمیان لێ ئەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، بەڵام پێویستە بیریان بێت ئێستا ئەرکیان قورسترە، پێویستە زیاتر کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی و ستراتیژی 76 ساڵ خەباتی ڕێبازی بارزانی و بەرنامەی پارتی، ئەوانەشی دەرنەچوون یاخود کشانەوە لە کاندیدبوونیان، هیوای سەرکەوتنیان لە کاری داهاتوو بۆ دەخوازم، دڵنیام پارتی کەسی لێ زیاد نییە، بۆیە هەموو بەپێی توانا و شارەزایی خۆیان ئەرک و ماف وەردەگرن و ڕێزلێگیراوی پارتی دەبن.

لەم کۆنگرەیەدا بەشداریی ئافرەتان بۆ ئەندامی کۆنگرە ڕێژەی 25% بوو، ڕێژەی دەرچوونی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیش کرایە 15%، واتا هێنانەپێشەوە و گرینگدان بە  ئافرەتان لای پارتی ستراتیژە و هەنگاو بەهەنگاو پێگەی ئافرەت لە ناو پارتی و لە پرۆسەی حکومڕانیی کوردستاندا زیاتر و زیاتر دەکرێن.

لەم کۆنگرەیەدا تا ئەوپەڕی دیموکراسی جێبەجێ کرا، ئەویش بە ڕێگادان بە کاندیدبوونی 129 کاندید بوو، 49 کورسیی کۆمیتەی ناوەندی، بوونی 1056 ئەندامی کۆنگرە لەسەر ناوچە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخستنەکانی پارتی لە تەواوی لق و ناوچە و ڕێکخراو و ئۆرگانەکانی حزب.

بە دڵنیاییەوە، هەندێك كادیر بۆ زیاتر خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەل و نیشتیمان و پارتەكەیان هاتنە گۆڕەپانی خەباتەوە، بە تایبەت لەسەر ئاستی کۆمیتەی ناوەندیی حزب، ئەمەش نیشانەی نوێبوونەوە و هێناپێشەوەی خوێنی نوێیە، هاوتەریب لەگەڵ کەسانی بەئەزموون و خاوەن خەباتی سیاسی و چەکدار، کە دەبنە تەواوکەری یەکتر بۆ خزمەتی کوردستان و پارتی.

پارتی بەم ستافە نوێیەی لە کۆنگرەی 14 دەرچوون، زیاتر پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان دەکات لە رووی ئارامی و ئاشتی و بەهێزكردنی پێگەی ئابووری و ئاسایشەوە، کاری زیاتریش دەکات بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە كوردستانییەكان و ناوچەکە و وڵاتانی جیهان.

گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی لەسەر ئاستی عێراقی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد و كوردستان. لەگەڵ چەند پرسێكی تری گرنگ و ئەركی دیكە كە وەك هەمیشە بەرپرسیاریەتی قورسی خستۆتە سەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئومێد و هیوای نەتەوەیەكی لە سەر بونیاد نراوە.

پارتی لەم کاتەدا، سەرەڕای ئەو هەموو کێشمەکێش و ئاستەنگ و ئاڵۆزی و بارودۆخی عێراق و ناوچەکە، پارتیمان بڕیاری دا کۆنگرە ببەسێت، ئێستاش پارتی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێووە بە خوێنی گەرم و ستافی نوێ درێژە بە کارەکانی دەدات.

بڕیارەکانی پەیڕەوی کۆنگرەی 14ی پارتی هەموو بۆ گونجاندن و ڕێکخستنەوەی کارەکانی پارتی بوون، بۆ ئەوەی پارتی وەک حزبێکی تەمەن سێ چارێک سەدە، خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سەردەمی ئێستا، وەک هەمیشە پارتی ژمارە یەکەمی بێ ڕکابەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، وەک هەمیشە پارێزەری دۆزی کورد و کوردستانیان دەبێت، هەڵگری ئاڵای نەتەوەیی و سەربەخۆیی کوردستان دەبێت.

لە کۆتاییدا وەک سەرۆک بارزانی فەرمووی "پارتی دار بەڕووە" نە دەکەوێت نە دەشکێت، نە وشک دەبێت. هەردەم ڕەگی توندتر دەچێتە ناو خاکەوە بۆ سەرجەم سنوورەکانی کوردستان، دوای سەرکەوتنی کۆنگرە ئەوانەی لە ڕابردوو و داهاتوودا خۆیان بۆ  فاتیحەخوێندن لەسەر پارتی ئامادە کردبوو، لە ئێستا و داهاتوو دەبێ لەسەر خۆیان بخوێنن بە سەرکەوتنی کۆنگرەی 14ی پارتی لە دهۆک.

هەواڵی پەیوەندیدار