٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە چلەی ژینا ئەمینی دا

سەرچاوە: KDP.info

د. محمد خدرمولود 

دوای شەهیدکردنی کچە کوردی سەقزی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری تاران، بە پاساوی سەرپێچی لە سەرپۆشیندا و بە پێوەر و سیستەمی  ئاخوندەکان خزانی یا لاچوونی چەند سانتیمەترێکە لە سەرپۆشەکەی بە سەر قژ و  زولفی دا و بە دیارکەوتنی زولف و ئەگریجەیەتی بە پێوەری خیلافی موعتاد..!!  

ئەمرۆکە لە نێو چلەی ئەو ڕووداوە دا دەژین، ئەم وتارەمان شینگێڕی نییە بو ژینای کچە قارەمانەی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی گڕگرتووی کوردستان، بەڵکو بینین و خوێندنەوەیەکی ژیرانە و راستەقینەیی رووداوەکەیە.

لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران باش ئاگاداری کەلتور و مێژووی کوردستان و گەلی کوردن و لە هیچ سەردەمانێکدا ئافرەتی کورد بە مانای پاراستنی دابونەریت و پیرۆزییەکانی ئاین نا (موحەجەبەی لادەر و تێکدەر..!) نەبوون وەک هەندێ کەس و لایەن بانگەشەی ئەوە دەکەن، بەڵکو نموونە و وێنەی جوانی کۆمەڵگا بوون و شەرمیشیان لە فرێدانی سەرپۆشی نەکردووە، بەڵکو بە حەز و ویستەوە تێکۆشاون بۆ هێنانەدەی وەرگرتنی زانست و فێربوون و پێشکەوتنەکانی سەردەم و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵگای کوردی.. لەو پێناوەشدا هەنگاوی هێمن و ئاوریشمی ناوە و دوور لە دەنگ و دۆر و پرۆپاگەندەیی  فابریقەچیەتی فابریقەکان.

ئەم ڕووداوە کە لەوساوە تا ئێستا تەخت و تاراجی تارانی هەژاندووە و سیستەم و  دەسەڵاتدارانی کۆماریان هەراسانکردووە، چۆن لە سەرەتا دا ویستیان ڕووداوەکە لەسەر رێچکە و راستەرێی روودانی دا بەلارێدا ببەن لە روانگەی میدیای سیاسی  بۆ خوڵ کردنە چاوانی وەرگر و جەماوەری ناوەوەو دەرەوەی ئێرانی پێ فیرودەن. هەروا دەسەلاتدارانی تاران نەیانتوانی و بۆیان نەچووە سەر، تا سەر لەبەری روودانی  رووداوەکە و هێرش و لێدان و سووکایەتی پێکردن بە کچێکی سفیلی بێ کەسی کوردی سەقزی نا بەلەد و نا شارەزا بە شاری تاران بە بیانوی حیجاب لە بەرچاوی برایەکەی و خەڵک و جەماوەری نزیک وێستگەی شەقامی دووسایدی شەهید حەقانی و راپێچکردنی بە شێوەیەکی دڕندانە بۆ گرتوخانەی قۆزەڕا لە شەقامی قۆزەڕای تاران تا گواستنەوەی بە پەلەی بۆ نەخۆشخانە لە بەرکاریگەری لێدان لە سەری و خوێن بەربوون لە مێشک و جەڵتەی مێشک و دڵی.. چۆن چۆنی ئەم رووداوە درێژ خایەنە بە هەڵە و هەڵچوون هەڵەشەیی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و رووداوی سوتفە و رێکەوت..!! لە قەڵەمی بدەن. 

ئەو پرس و ڕووداوە لە ساتی روودانیەوە بۆتە رەمز و سیمبوڵی ئازادی و دژی  چەوسانەوەی گەلانی ئێران و لەوانیشەوە گەلی کورد و کوردستانیانی رۆژهەلات ئێستا  بابەت و رووداوی ژینا ئەمینی رۆژەڤی سیاسییە و تەواوی شەقامی نارازی و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە شارەکانی ئێران بە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن تەنیووە بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی تاران و حکومەتی ئێران لەو راستییە دڵنیابنەوە کە چیتر چەوسانەوەی گەلان و نەتەوەکانی ئێران، لەوانیشەوە چەوسانەوە و زوڵم و ستەمی لە گەلی کورد و سەرکوتکردنی داخوازی گەلان و میللەتان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بۆ ناچێتە سەر و هەروا چیتر ناتوانێ هەژموونی خۆشی بسەپێنێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەری. 

لە ماوەی ئەو چل ڕۆژە دا تاران هەر لە رۆژی 19-9-2022 لە مانگرتنی گشتییەوە  و پێشتریش لە روودانی کارەساتی لێدان و ئەشکەنجەدانی ژینا ئەمینی لە رۆژی 16-10-2022 و شەهید بوونیەوە تا هێرشی چڕوپڕی بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە 28-9-2022 تا ئەمرۆ زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ تاران لە کۆشکی سپی ئەمریکاوە، لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لێدراوە تەواوی دونیای ئازادیخوازان لە رۆژهەڵات و رۆژئاواوە لە هەر حەفت کیشوەری دنیاوە، تا کوچە و کۆڵان و خیابانی شارە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتەوە، بە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و هونەر و رۆشنبیری و شەقام و خیابان و دوکاندارانی تاران و شارەکانی سەرتاپای ئێرانەوە لە گەڵ ژینا ئەمینی و پرسی ئازادی و سەربەخۆیی هاودەنگ و هاوسۆزن.

ئێستا ژینا ئەمینی بە زوڵف و ئەگریجەی تەخت و تاراجی تارانی هێناوەتە هەژان و وەک کچە کوردێکی نەشمیلی سەقزی ناو و ناوبانگیشی جیهانی تەنی و چۆن خۆی بۆتە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی دونیایێ، ئاواش پرس و دۆزی نەتەوەیی کورد و نەتەوەکانی ئێران و لەوانیشەوە پێپەری پرس و دۆزی نەتەوە و گەلی ژێردەستەکەی کوردستانی رۆژهەڵات – کوردستانی ئێرانی هێناوەتەوە سەر مێزی ناوەندەکانی سیاسیی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی بڕیار بەدەست. 

وا بە هۆی  زولف و ئەگریجەی ژینا ئەمینی کچە کوردی شۆخ و شەنگی سەقزی  لە نێو هۆڵ و کەریدۆر و ژوورەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش رۆژانە گفتوگۆ و پەیڤین و لێدوانی گەرم لە بارەی ئێران و کورد و چەوسانەوەی گەلان دەدرێ.

هەولێر 29-10-2022 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار