حکوومەتێکی نوێ ودەرفەتێکی نوێ

هۆشیار سیوەیلی
بە هەڵبژاردنی بەڕێز دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشـــید وەک سەرکۆمارو ڕاســـپاردنی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نـــوێ، دەرفەتێکـــی نـــوێ بـــۆ هەرێمی کوردســـتان ڕەخســـاوە تا پەیوەندییەکانـــی نێوان هەولێر و بەغدا بە شـــێوەیەک دابڕێژرێتەوە کە خزمەتی خواســـت و بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردســـتان بکات. ئەمەش کارێکی ئاســـان نییە و بەبێ یەکڕیـــزی و یەکگوتاریی کورد لە بەغدا ئەســـتەمە ئەم ئامانجە بهێنێتە دی.
هەرێم ئەزموونی خراپی لەگەڵ حکوومەتەکانی پێشـــووتر هەیە و هیچیـــان هەنگاوی جددیان نەنا بـــۆ داڕشـــتنی پەیوەندییـــەکان و مامەڵەیان لەگـــەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور، تەنانەت بەڕێز موستەفا کازمیش نەیتوانی ئەو تەلیسمە بشکێنێت و لە سەردەمی ئەو و سەرۆککۆماری پیشـــوودا خراپترین هەنگاو نرا بۆ قوڵکردنەوەی زیاتری قەیرانەکان و پێشـــێلکردنی ئـــەو مادە دەســـتووریانەی پەیوەنـــدی بە هەرێمی کوردســـتانەوە هەیـــە.
هەرچەندە زۆر کەس لایـــان وایە لەبەرئەوەی سەدرییەکان لە حکوومەتدا بەشدار نین ڕەنگە هەوڵی بنکۆڵکردنیشی بدەن و نەیەڵن ئەو بەرنامەیەی دایناوە وەک پێویست جێبەجێ بکات. گومانی تێدا نییە کە ڕەوتی ســـەدر هەموو هەوڵیک دەدات شکســـت بـــەم حکوومەتە بهێنێت، بەڵام بەبێ پێگەیەکـــی پەرلەمانی و تەنیا پشتبەستن بە شـــەقام ڕەنگە سەرکەوتنی لەم بوارەدا زۆر سنووردار بێت.
ئەم ناکۆکییە و نزیکی لایەنەکانی سوننە لە کورد و شێوە کۆدەنگییەک لەسەر ســـەرکۆماری نوێ و بوونی ڕێکەوتنێکی باش لە نێوان پارتی و چوارچێـــوەی هاوئاهەنگی بۆ کاری حکوومەتی نوێ، دەرفەتی نوێ رەخساوە بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت لە پێگەیەکی بەهێزترەوە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدا بکات و هەندێک لەو کێشـــانەی لە نێوان هەوڵیر و بەغدادا هەن چارەسەر بکڕێن، بۆ ئەمەش پێویستە کورد لە بەغدا خۆی بەهێز بـــکات و جگە لە یەکبوون و یەکێتی نێوان لایەنە سیاسییەکان و یەکدەنگییان لەپەرلەمانی فیدراڵی، پێویستە کەسانی شارەزا و بە ئەزموون لە بەغدا نوێنەرایەتی هەریـمی کوردستان بکەن. هەر لەم ڕوانگەیەوە بە پێویستی ئەزانم پارتی لەوەدا دەسپێشخەر بێت و تیمێکی شارەزای سیاسی و ئیداری بنێرێتە بەغدا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تر ئەو پۆســـتە ئیداریانەی پشـــکی هەرێمن پڕیانبکاتەوە.




