٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بۆ گرنگە ئافرەت لەناو حیزب ھەبێت؟

سەرچاوە: KDP.info

بەشی دووەم

بەرھەم ھێنانی دیموکراسی و بڕیاری دروست

پ.د.نەزاکەت حسێن

بەرھەم ھێنانی دیموکراسی بەتایبەتی لەناوچە گەرمەکانی  پڕ کێشەو دووبەرەکی و ململانێ و تازە گەشەسەندو ناسەقامیگر، کارێکی ئاسان نیە، رەنگە دروشمی ھەموو پارتێکی سیاسی بێت بەتایبەتی لەناوچە فرە حیزبیەکان، جگە لە ھۆکاری فەرھەنگی و کولتوری و پەروەردەیی و یاساو دەستووری پیادەکراوی ئەو وڵاتە، کەئەمانە ھەموو بەشدارن لەسەرکەوتن و فەراھەم بوون یان سەرنەکەوتن و شکستی دیموکراسی، ھۆکارێک کە رەنگە باس نەکرابێت و تیشکی نەخرابێتە سەر بەشداری ئافرەت بێت کە بەپێی توێژینەوەکان سەلمێنراوە کە ئافرەت لەھاوکاری و بەشداری بۆ بەرھەم ھێنانی دیموکراسی لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا خاوەن توانا و لێھاتویەکی تاقانەیە.

‏Rosenthal, C.S. (٢٠٠١) دەڵێت: "ئامرازەکانی وەک بوونی ئافرەت لەسەرکردایەتی و چارەسەری دووبەرەکیەکان، ئەبێتە ھۆی بەرجەستەکردنی دیموکراسیەت، چونکە ئافرەت زۆرتر ئارەزووی بەلای کارکردن بە شێوەی ھەڕەمی نیە، بەڵکو بە شێوەی بەشداری پێکردن و ھاریکاریە لەگەڵ ھاوپیشە پیاوەکانی، وە سەلماندویانە کە ئافرەتان زۆرتر توانای تێپەڕاندنی ھێڵە حیزبی و ئایدیۆلۆژیەکانیان ھەیە تەنانەت لەو ناوچانەش کە زۆر حیزبین و حیزب زۆر باڵادەستە".

بەپێی راپۆرتێکی NDI دەڵێت: "نوێنەرایەتی کردنی ئافرەت تەنھا فاکتەرێک نیە بەڵکو یەکلاکەرەوەیە لە دروستکردنی دیموکراسیەتی وەڵامدەرەوەی خەڵک و شەفاف".

کوفی ئانان، سکرتێری پێشووی نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت: "پیاوان و ئافرەتانی یاسادانەر لە وڵاتەکانیان دەبێت کاربکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان، نەک تەنھا ئاستی وڵاتەکەیان بەڵکو لەسەر ئاستی جیھان بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەی مرۆڤایەتی و بەرھەم ھێنانی دیموکراسیەتێکی بەھێزو بەردەوام، ئەمەش بەدی نایەت تاکو ھانی ئافرەتان نەدرێت و تەمکین نەکرێن و بەھێزنەکرێت بۆ ئەوەی لەسەرکردایەتی سیاسیدا بن لەناوکۆمەڵگەکەیان".

Schwindt Bayer, L.A. and W. Mishler (٢٠٠٥) ئاماژە دەکەن بەمتمانە بوونی خەڵک بە دیموکراسیەت کاتێک ئافرەت لەوڵاتدا بەشداری سیاسی بێت و دەڵێن: "ئافرەتان زیاتر لەپیاوانی ھاوڕێیان خاوەن متمانەو وەڵامدەرەوەی داواکاری دەنگدەرەکانیانن، بوونی ئافرەت لە ئۆرگانەکانی حکوومەت وادەکات ھاووڵاتی متمانەی بەدیموکراسیەتی وڵاتەکەی ھەبێت.

‏Stolberg, Sheryl G دەڵێت: "بەڵگەی بەھێز ھەیە لەناو کەرتی تایبەت کەدەری خستووە بەڵانسی جەندەری لەناو دەستەی بڕیاردان لەھەر دەزگایەک ھاوکارێکی گرنگ بووە بۆ دەرەنجامی باشی ئەو بریارانەی کە دەدرێت، لەتوێژینەوەیەک لەسەر ١٠٠٠ کۆمپانیای سەرکەوتوو کراوە دەریخستووە پەیوەندیەکی بەھێز ھەیە لەنێوان بەڵانسی جەندەری و فرەیی ڕەچەڵەک و جیاوازی باکگراوندی ستافی بەڕێوەبردن و ئاستی ئەدای کۆمپانیاکە، وە سەلمێنراوە کۆمپانیایەک بەبوونی دوو ئافرەت لە بۆردی بەڕێوەبردنی ئەدای باشتربووە لەو کۆمپانیای کە ئافرەتی ھیچ تێدانەبووە، کە سەرکەوتنی ئەمە گەڕاوەتەوە بۆ دروستی بریارەکانی کە بەرھەم ھێنراوە بەبوونی ئافرەت".

راپۆرتێکی NDI تایبەت بە بەشداری ئافرەت دەڵێت ژنان و پیاوانی یاسادانەر لەوڵاتدا پێویستە کاربکەن نەک تەنھا بۆ چارەسەری قەیرانەکانی وڵاتەکەیان بەڵکو بۆ بەرھەم ھێنانی دیموکراسی و بەردەوامی ئەو دیموکراسیەتە، ئەمەش کاتێک بەرھەم دێت ئافرەتان تەمکین و بەھێزبکرێن".

‏Moccia, P. (ed) et. al. (٢٠٠٧) ئاماژە بەوەدەکەن کە "نوێنەرایەتی ئافرەت و بەشداری لە پەرلەمان و حوکمڕانی نەک تەنھا فاکتەرێکی تاقانەیە، بەڵکو رەگەزێکی یەکلاکەرەوەی بەرھەم ھێنانی دیموکراسیەتی شەفاف و وەڵام دەرەوەیە، وە ھەمان سەرچاوە ئاماژە بەوەدەکات دەڵێت مەرج نیە ھەر ئافرەتێک کەخاوەن بڕوانامە و ئاستێکی بێت خاوەن لێھاتوویی بێت، بەڵکو خوێندەوار بێت یان نەخوێندەوار، گەنج یان پیر، لە شار بژی یان لادی، خاوەن تواناو لێھاتویی و ئەزمونێکە پێویستە سودی لێ ببینین و وەگەڕخرێت".

‏Schwindt-Bayer, L. (٢٠٠٦) دەڵێت: "کاتێک ئافرەتان ھەڵدەبژێردرێن بۆ پەرلەمان زۆر فشار لەخۆیان دەکەن کار و پرۆژەیان ھەبێت بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، بەشداری زۆرتر دەکەن بۆ یاسادانان و گفتوگۆی سیاسی، لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ لەپەرلەمانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداری ئافرەت و بوونی وتەی لەکاتی گفتوگۆی یاساکان ١٤.٩ دەستەواژە بوو لەیەک خولەک لەکاتێکدا پیاوان ٦.٥ ".

‏Jennifer Asuako. (٢٠٢٠) دەڵێت: "بەڵگە ھەیە لە کەرتە گشتی و تایبەتەکان کە بوونی ئافرەت لە بەشی دروستکردنی بڕیارو بڕیاردان بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی چالاکی و وەڵامدانەوەی خواستەکانی ھاووڵاتی".

دەزگای ئەمریکی  The United Nations Sustainable Development Goals (SDGs) بۆ بەردەوامی گەشەی وڵات چەند میکانیزمی دیاری کردووە، یەکێک لەو میکانیزمانە بەشداری کاراو تەواوی ئافرەتانە، وە پێدانی ھەلی سەرکردایەتی کردنە لە گشت ناوەندی بڕیار لەسەر ئاستی ئابووری کۆمەڵایەتی سیاسی، ھەمان سەرچاوە ئاماژەدەکات بەوەی کەدەڵێت: "بەشداری ئافرەت لە بڕیار دروستکردن تەنھا مافێک نیە، بەڵکو کلیلە بۆ بەردەوامی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون دیموکراسیەت بەرھەم نایەت ھەتا ھەردوو رەگەز نوێنەرایەتیان نەبێت لەکۆی دام و دەزگاکانی وڵاتدا ".

‏Jennifer Asuako. (٢٠٢٠) دەرەنجامێکی تری توێژینەوەکان ئاماژە پێ دەکات کە لە وڵاتی غانا کراون لەبارەی بەشداری ئافرەت لە دروستکردنی بڕیار دەڵێت: "توێژینەوەکان دەریان خستووە کە بەشداری پیاو یان ژن لەدروستکردنی بڕیار دەبێتە ھۆی فراوانکردنی ئاسۆ' اڵافاق' و داھێنان کاری و نوێگەری، وەفرەیی لە لێھاتووی و توانا، وە کەمکردنەوەی دووبەرەکیەکان و باشکردنی پرۆسەی بڕیاردروسکردن، لەکۆی گشتیدا بەشداری ئافرەت لە شوێنی بڕیاردان و بڕیار دروستکردن تەنھا بۆ خۆی نیە بەڵکو بۆ کۆمەڵگەشە".

‏Rosenthal, C.S پرۆژەی NDI’s focus on women’s political empowerment جەختی لەوەکردوەتەوە بۆ مرونەتی دیموکراسی و بەرھەم ھێنانی دیموکراسی دەبێت بەشداری ھەموو ھاووڵاتیان تێدابێت ئاماژە دەکات بەوەی کە بەشداری پێکردنی ئافرەت بەشێوەیەکی یەکسان لەدروستکردنی بڕیار کاریگەری دەکاتە سەر بەرەوپێشچوونی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان، ئەمە مەسەلەیەکی مافە و لەھەمان کاتدا ئامرازی بەرھەم ھێنانی دیموکراسیەتی راستەقینە و  بێفڕوفێڵە.

هەواڵی پەیوەندیدار