٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بۆ گرنگە ئافرەت لەناو حیزب هەبێت؟

سەرچاوە: KDP.info

بەشی یەکەم

پ.د.نەزاکەت حسێن

دواکەوتن و درەنگ هاتنە مەیدانی ئافرەت بۆ هەندێک بواری ژیان بووە هۆی سەرهەڵدانی خەباتێک بۆی، کە کار بۆ ئەو پێگەیشتن و بەشدارییە بکات و لە چەندین رووەوە گوازرشتی لێبکات، وەک مافی بەشداری کردن و یەکسانی و نەهێشتنی جیاکاری  و بەڵانسی جەندەری...هتد. گەرچی بە هۆی ئەم خەباتە و دروست بوونی ئایدیای باوەڕبوون بە توانای ئافرەت، لە بەشداری پێکردن و هەوڵی دام و دەزگاکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە جەندەر و داکۆکی لە مافی ئافرەت، رێژەی بەشداریەکە لە سیاسەت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. بە گوێرەی راپۆرتێکی NDI  بەرزبوونەوەی رێژەی ئافرەت لەسەر ئاستی جیهان لە رێژەی %١٥ لە ساڵی ٢٠١٢ بەرزبووەتەوە بۆ %١٩.٨  لە ساڵی ٢٠٢٢. تەنانەت لە هەندێک ناوچەی وەک باشوری بیابانی ئەفەریقا بەرزبوونەوەکە و رێژەکەی دراماتیکیە، کە رێژەکە لە %١٣.٧ لە ساڵی ٢٠١٢ بووە بە %١٩.٨ لە ساڵی ٢٠٢٢. بە تایبەتی تریش ئەوەی جێگای دڵخۆشیە لە وڵاتانی عەرەبی رێژەکە یەکجار بەرزبووەتەوە لە %٦.١ بووە بە %١٤.٧ .

باسی بەشداری ئافرەت لە سیاسەت و ناو حیزب، تا ئیستا واهاتووە بۆ بەشدارنەبێت؟ ئەم  بۆ بەشدار نەبێت و پیاو بەشدار بێت؟ بۆ پیاو هەبێت، ئافرەت نەبێت؟ چونکە نیوەی کۆمەڵە مافیەتی بەشداربێت. کەمتر باس لە جەوهەری بابەتێک کراوە کە بۆ پێویستە بەشدار بێت، مافیەتی یان گرنگە بەشداربێت؟ ئافرەت پێویستی بەوەیە بەشدار بێت یان کۆمەڵگە و حیزب و دام و دەزگاکان پێویستیان بەوە؟ ئەو توانایانە چین ئەو لێهاتوویانە چین لە ئافرەت کە گرنگە سوودیان لێ ببینرێت؟ لە نەبوونیدا یان لە بەشداری پێنەکردنیدا چی روودەدات، چی لە دەست دەدەین؟ ئەم کائینە لە چی دا کاریگەرە، تواناکانی لە چی دا، لە چ پرۆسەیەکدا گرنگن سودیان لێ ببینین؟ وزەکانی چین؟بۆ چی باشە؟ واتە لەو سۆنگەیە بێینە دەرەوە کە ئافرەت شەڕ بکات بۆ ئەوەی هەبێت، بەڵکو کۆمەڵگە و حیزب و دام و دەزگاکان شەڕ بکەن بۆ ئەوەی سود لە تواناکانی ببینین. 'کۆفی ئانان' سکرتێری پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان وتەیەکی هەیە لە سەر گرنگی بوونی ئافرەت و دەڵێت "توێژینەوە یەک لە دوای یەکەکان فێریان کردین هیچ ئامرازێک نیە بەهێزتر بێت لە گەشەدان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگاکان جگە لە تەمکین کردنی ئافرەت، هیچ  سیاسەتێکی پەێڕەوکراو نیە هێندەی تەمکین کردن و بەشداری پێکردنی ئافرەت رۆڵی هەبێت لە پڕۆسەی بڕیاردان  بۆ بەرزکردنەوەی ئابوورییەکی بەرهەم هێن و کەمکردنەوەی رێژەی مردنی دایکان و منداڵان، هیچ سیاسەتێک نییە کاریگەرتر بێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی گەشەی خۆراک لەناویدا رێگری کردن لە نەخۆشی ئایدز، جگە لە تەمکین کردن و بەهێزکردنی ئافرەت. وە دەڵێت هیچ سیاسەتیک نییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەدرەی نەوەکانی داهاتوومان جگە لە رۆڵ پێدان و تەمکین کردنی ئافرەت". مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی پێشوتری ئەمریکا دەڵێت "جیهان دەستمایەیێکی گرنگی لە دەست داوە لە کەمی بەشداری پێکردنی ئافرەت لە ئاستی سەرکردایەتی. چونکە بێ بەش بوو لە بەکارهێنانی تواناکانی ئافرەت و دوورخستنەوەی وزە و سەلیقە و لێهاتووەکانی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان.

بەشداری ئافرەت بەکارهێنانی وزە و سەلیقەکەی هێزێکە لە دروست کردنی ئاشتی، پێکەوەژیان، لێکنزیکكردنەوە، بونیاتنانی دیموکراسیەتێکی راستەقینە، بەرزکردنەوەی ئاستی پەرورەدە و تەندروستی و بونیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکان متمانە دروستکردنی کۆمەڵگە بە فەراهەم بوونی دیموکراسی. لەم زنجیرە باسەدا دەرەنجامی ئەو توێژینەوانە دەخەمە روو کە ئەمەی سەلماندووە، وە هەروەها  رۆڵی ئافرەت و بەشداری پێکردن چ کاریگەری دەبێت لەسەر هەر یەکە لەم بوارانە.

یەکەم : کاریگەری ئافرەت لە دروستکردنی ئاشتیەکی سەقامگیر و بەردەوام

١- بە گوێرەی سەلماندنی دەزگای لیکۆڵینەوەی The Institute for Inclusive Security (2009) ئافرەت بەشداری دەکات بە شێوەی قوڵ لە دروستکردنی ئاشتی و بونیاتنانەوەی وڵات دوای دووبەرەکی و ململانێ، وە توانایەکی تایبەتی هەیە لە هێنانی لایەنە ناکۆکەکان بۆ سەرمێزی دانوستان، چونکە ئافرەت زۆر کاریگەر دەبێت و ئازار دەبینێت لە کاتی جەنگ و دووبەرەکیەکان، بۆیە ئەم کاریگەربوونەی بەکاردێنێت لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاشتی و تەبایی. وە هەمان دەزگا لە توێژینەوەیەکی تر  سەلماندوویەتی بەشداری پێکردنی ئافرەتە لە کاتی راگواستن و حکومەتی راگواستن لە دوای ململانێ و دووبەرەکی لە وڵاتدا دەبێتە هۆی شەرعیەت دان بە دام و دەزگا تازە دامەزراوەکان و کەم کردنەوەی گەندەڵی، فراوان کردنی ئەجندای سیاسی و بەهێزکردنی سیاسەتی بەشداری پێکردن و هاندان بۆ لێک نزیکبوونەوەی تێپەڕاندنی ‌هێڵی جیاوازیە ئایدۆلۆژیەکان و کەرت و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان.

٢- Chinkin, C. (2003) لە توێژینەوەکەی Peace Agreements as a Means for Promoting Gender Equality and Ensuring the Participation of Women.” United Nations: Division for the Advancement of Women.  دەڵێت : توێژینەوەکان بە تایبەتی ئەوانەی لەسەر دیراسەی حاڵەت Case Study واتە ئەو دیراسانەی لە سەر هەندێک رێکكەوتنەکان   کراون، سەلماندوویانە دانوستانەکان سەرکەوتووتر دەبن، رێكکەوتنەکان لە پێکهێنانی ئاشتی دریژخایەنتر دەبن هەر کاتێک ئافرەت بەشدار بووبێت تیایدا."  

٣- Steinburg, Donald (2012)  دەڵێت" لە%٥٠ ی رێکكەوتنەکان واژۆکراون لە دەیەی رابردوودا شکستیان هێناوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکەی بەشداری نەکردنی ئافرەت بووە تیایاندا، چونکە رێكکەوتنامەی ئاشتی و پێکهێنانی ئاشتی و ئاشتەوایی لە لایەن کۆمەڵگەوە زیاتر پێشوازی دەکرێت و سەرکەوتوو دەبێت بە بەشداری بوونی ئافرەت تیایدا.

٤-هەمان سەرچاوەی پێشوو دەڵێت "بوونی ئافرەت لە قۆناغەکانی سەرەتایی پرۆسەی دروستکردنی ئاشتی و ئاشتی بونیاتنان باشتر کار دەکات و جێگیر و سەقامگیرتر و درێژخایەنتر دەبێت. و هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گەندەڵی و ئابوورییەکی بەرهەمهێن و برەودان بە کەرتی تەندروستی و پەروەردە."

٥- بە پێی راپۆرتێکی NDI فەرامۆش کردنی نیوەی کۆمەڵ لە پرۆسەی ئاشتی پێکهێنان کە ئافرەتە، واتە دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی کە لە پرۆسەی ئاشتەواییدا کارەکە خێراتر دەکەن.

٦- Powley, E. (2003) دەڵێت "ئەو ئایدیایەی کە ئافرەت بەشداری نەکات لە ململانێ و جەنگ و پرۆسەی ئاشتی دروست کردن، بە بیانوی ئەوەی کە ئافرەت بپارێزرێت لە ململانێ و جەنگ و قەیران، بەڵام نازانرێت لە زۆربەی جەنگ و ململانێکان ئافرەت قوربانی  و بەرکەوتەیە".

٧- هەمان سەرچاوەی پێشوو ئاماژە دەکات بە بارودۆخی رواندا، کە بەشداری پێکردنی ئافرەت وایکرد توانیان پەیکەری دام و دەزگایەکی لامەرکەزی بونیات بنێن و پارێزگاری لێ بکەن، سەقامگیری بەرهەم بهێنن بە هۆی بونیات و بەشداری لە پرۆسەی بڕیارداندا، لە هەمان کاتدا هەوڵیان دا ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دروست بکەن لە سەر ئاستی گەل، کە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بوو لە رێگەگرتن لە دووبەرەکی کارکردن بۆ بونیاتنانەوەی وڵات. 

٨- بە پێی توێژینەوەیەکی دەزگای Women for Women International (2007) کە کردویانە لە سەر ئافرەتانی کۆسۆڤۆ، دەرکەوتووە لە %٦٣.٦ ژنانی کۆسۆڤۆ خواستیان هەبووە بۆ گونجان و ئیش کردن، کە کار بکەن لەگەڵ ژنانی پێکهاتە و رەچەڵەکەکانی تر کە دووبەرەکی هەیە لە نێوانیان، کە ئەمە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئاشتی، هەر بۆ ئەمەش گرووپێکیان بەناوی (WIG) دروست کرد کە پێکهاتبوو لە ئافرەتانی پارتە جیاوازەکان جگە لە ئاشتەوایی دروستکردن کاریان بۆ یەکسانی جەندەری کرد و دەلیلێکیان ئامادە کرد بۆ دەستوری ئەو وڵاتە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار