٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

با لە بەهای هاوبەشەوە پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین

سەرچاوە: KDP.info

لە ساڵرۆژی کۆتاییهاتنی ئینتدابی بەریتانی لە عێراقدا ..

لیزترەس بۆ مەسرور بارزانی 

با لە بەهای هاوبەشەوە پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین 

د.محمد خدرمولود 

لە کاتێکدا جیهان لە دوای شەری ئوکراینا و لکاندنی بەشێکی ستراتیژی ئەو وڵاتە بە رووسیاوە لە رۆژی هەینی 30-9-2022 وە ڤلادیمێرپوتین تەواوی وڵاتانی جیهانی خستۆتە باری تەنگەتاوای و ناکاوی بە تایبەتیش وڵاتانی ناتۆ و ئەمریکای برا گەورەیان.

لە ناوچەکەشدا وڵاتی بە ناو عێراق ساڵێکە بە تەمایە حکومەتێک هەلبژێرێ و ساڵێکە لە تەنگژە و قەیرانەوە دەچێتە نێو گرفت و کێشەی قووڵتر و لە پای پێکهێنانی حکومەت سات بە سات قووڵتر ڕوودەچێتە نێو قووڵایی زڵکاو و لە دەستدانی متمانە و باوەڕی تەواو بە یەکتری چ لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دابێ یا لە نێوان دەستەڵات و خەڵک لە لایەکەی تردا بە جۆرێ ئەو وڵاتەی بەناو وڵاتی عێراقیە و کوردستان بە زۆر پێیەوە لکاوی دەستکردەی ئینگلیز و بەریتانییەکان خۆیانە ئەوا 90 ساڵە بە شاهێدی کۆمەڵەی گەلان رادەستی سوونە و شیعەی عەرەب کراوەو خۆیان سەرکردایەتی حکومڕانی خۆیان و سەروەری خۆیان دەکەن، وا ئەمرۆ 30ی 10ی 2022 چەقبەستووی نێو زڵگاوی دواکەوتوویی و مەزهەبی و هزری شۆفینی و تۆتالیتاری و ژێردەستەی هەژموونی ئێران و دەرەکییە بە جۆرێ خەریکە زڵکاوە بۆگەنەکەی عێراق خەڵکەکە نەک کاس و گێژ دەکات، بەڵکو دەیانخنکێنێ و ناچار بە رژانە گۆرەپانی تەحریر و ناوچەی کەسکی بەغدا و شارەکانی باشووری عێراقی دەکات.

لە هەمان کاتدا هەرێمی کوردستان، تا ئەو ساتەش لەژێر فشار و هەژموونی هێرش و پەلاماردانە بێ هۆ بێ ئامان و بێ بەزەییەکانی دراوسێکانی دایە و هێشتا خوێنی بەناحەق رژاوی دوا هێرش و پەلاماردان و کۆمەڵکوژییەکەی تاران لەرۆژی چوارشەممەی 28-9-2022 وە هەڵمی لێ هەڵدەستێ.

ئەوا رۆژی دووشەممە 3ی ئۆکتۆبەری 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی لە لیزترەس سەرۆک وەزیرانی شانیشینی یەکگرتووی پێگەیشت. 

ئەم نامەیە هاوکاتە لەگەڵ یادی 90 ساڵەی جاردانی نێودەوڵەتی بە ئەندام بوونی عێراق لە کۆمەڵەی گەلان – عوصبه الأمم و کۆتایی هاتنی ئینتدابی بەریتانی - ماندێتی بەریتانی لە عێراقدا. 

نامەکەی ئەمرۆ 3ی 10ی 2022 ی خاتوو لیزترەس و ناردنی لەم ساتە وەختەدا وێرای ئەوەی بیرهێنانەوە و ئاماژەیەکی مێژووی تەمەن 90 ساڵەی هەیە لە خوێندنەوەی ووردی لێ هەڵدەهێنجرێ و ناوەرۆکەکەی چەندین ئاماژەی سەردەمیانە و ئێستایی پێوە دیارە.. لەوانە هەرێمی کوردستان لە دید و سیاسەتی ئێستای وڵاتی بەریتانیای دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا - بریکست و دوای مانداتی – ئینتدابی عێراقی وڵاتە نەخۆشەکەی  ژێردەستەی دەوڵەتە نەخۆشەکەی عوسمانی ناوچەکە بوو، لە کاتێکدا هەموو ئەم وڵاتانە بە سەرکردایەتی بەریتانیای مەزن خاڵی هاوبەشیان لە 100ساڵەی پێشوودا دابەشکردنی کوردستان و ژێردەستە و سەرکوتکردنی خواست و ئیرادەی سەربەرزی و سەربەخۆیی کورد بووە وا ئێستا پەنجەی پەشیمانی دەگەزن و خۆیان بە شەرمەزاری مێژوو دەزانن و دەرحەق بە نەتەوە و گەلانی خۆراگری کوردستان چاو بەرەو ژێرن.

ئەو بۆچوونەمان لە کاتێکدایە ئاماژەکانی نێو نامەکەی لیزترەس بۆ مەسرور بارزانی پڕیەتی لە مانا و ئاماژەی شاراوە و پێمان دەڵێ :

هەرێمی کوردستان ناوەندێکی کاریگەری دبلۆماسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا و کوردستان و ڕۆڵی کورد و سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە شەری داعش و دوای شەری داعیشیش بەرزنخێندراوەو بە بایەخەوە وەرگیراوە و بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی ناوچەکەش بە گرفتەکانی وڵاتی عێراقەوەش ڕاو بۆچوونی کورد بە بایەخەوە وەرگیراوە.

لە کاتێکدا خاتوو لیزترس باشتر لە کەسانی تر ئاگادارە لەوەی کە رۆژی 1ی 10ی 2022 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سیناتۆر کریستیان کامبۆن سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەرەنسا کرد و مەبەست  لەو سەردانەش ئەوە بوو بەرێز کریستیان کامبۆن پێزانین و بایەخ پێدانی حکومەتی فەرەنسا و سەرۆک ماکرۆن بۆ ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی باوک و ڕا و بۆچوونی حەکیمانەی لەبارەی بارودۆخی کوردستان و عێراق هەبووە بگەیێنێتە سەرۆک بارزانی و ڕاشیگەیاند کە سەرۆک ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایسپاردووە کە سەردانی سەرۆک بارزانی بکات بۆ وەرگرتنی ڕاوبوچونی لە مەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق گوێ لە سەرنج و بیرو ڕای سەرۆک بارزانی بگرێت.

هەر وا خاتوو لیزترەس سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەوەش ئاگادارە کە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەرەنسا ڕایگەیاندووە وڵاتی فەرەنسا بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتی و دۆستایەتی گەلی کوردستان و میدالیای پەرلەمانی فەڕەنساشی وەک دیاری پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کردووە.

ئەوە پێگە و پایەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی سیاسی حەکیمانەی  سەرۆک بارزانی یە لای سیاسەتمەدارانی دنیا و بە دڵنیاییەوەش لە لایەن حکومەتی بەریتانیا بە تایبەتی  وردتر و باشتر خوێندنەوەی بۆ کراوە هەر بۆیە خاتوو لیزترس وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە نامەکەی دا وێرای ئەوەی سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەردانی لەندەنی لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا کردووە بە خۆشحالییەوە دەڕوانێتە پەیوەندی مێژووی و دێرینی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان و خاڵی جەوهەریش لەوەدایە کە بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییەکەیە  هەڵبەتە لە ڕوانگەی پیادەکردنی سیاسەتی تەندروست و باش و ئەرێنی نێوان ( گەل و دەستەڵات ) دایە لە هەرێمی کوردستاندا کە بۆتە نموونەیەکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دیموکراتییانە و بە پارێزراوی مافەکانی پێکهاتە و ئاین و ئاینزاو پاراست و بەرگری کردن لە مافەکانی مرۆڤ و بە بەراورد لەگەڵ پەیوەندی نێوان دەسەڵات و گەل و جەماوەری وڵاتانی ئێران و تورکیا و عێراق کە بەردەوام ڕووبەڕووی نارەزایەتی و چەوسانەوە و پێشێلکاری دەبنەوە و دەرەنجام دەرژێنە شەقام و گۆرەپان و کوچە و کۆڵانەکان و بە بەردەوام شەقام و گۆڕەپان و کوچە و کۆڵانەکانی بەغدا و تاران  دەبینرێن بوونەتە کوشتارگە. 

ئەم نامەیەی خاتوو لیزترەس لە رۆژێکی وەکو ئەمرۆ 3ی 10ی 2022 خالی نییە لە ئاماژەی  چەندین ( دێری شاراوەی پێداچوونەوەو دیزاینکردنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ) کە هیوادارین و ئەوەندی لێ دەخوێنینەوە بە قازانج و سوودی هەرێمی کوردستان بگەرێتەوە لە کاتێکدا ئەمرۆ 3ی 10ی 2022 یە و رۆژگاری 90 ساڵ بەر لە ئێستا نییە.

ئەمرۆ و لەم سەردەمەدا گەلی کوردستان خودان سەرۆک و فریادرەسی ژیر و حەکیمانەی خۆیەتی. سەرۆک بارزانی ئەو پیاوە مەزنە ژمارەیەکی سەنگینی نێو ژمارەکانە توانی بە پشتیوانی گەل و پێشمەرگە قارەمانەکانی تەلیسمی داعش تێکبشکێنێ و کۆمەڵگای مۆدێرن و مرۆڤایەتی لە چەنگی درەندەترین تیرۆرستانی رێکخراو رزگار بکات و جاری گەردوونی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی بۆ کوردستانیش وەک مافێکی ئاسایی بۆ کورد و کوردستان بدات و مافی دەنگدان و ئیرادەی دەربڕینی بیروڕا و دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکەی پیادە بکات و دواتریش پارێزەری بەهێزی مێرگە ئارامەکەی هەرێمی کوردستانیش بێ لە هێرش و چەنگی دوژمنانەی ئەنجامدەرانی 16ی ئۆکتۆبەر. 

سوپاس لیزترەس سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ نامە گرنگەکەت، چاومان لە گۆڕانکاری و تێگەیشتنی زیاتری ئەرێنی و ڕیشەیی دبلۆماسیەت و سیاسەتی بەریتانیایە بەرامبەر کورد و هەرێمی کوردستان وعێراقی دوای 90 ساڵ ژێر دەستەی و ئینتدابی- مانداتی خۆتان.

هەولێر 3-10-2022 

 

هەواڵی پەیوەندیدار