٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەرەو جیهانێکی زیرەک و بێ هەست

سەرچاوە: KDP.info

پ.د.نەزاکەت حسێن

گەشەی تەکنەلۆجیا تا ئێستاش وەک دەستکەوت و گرنگ سەیر دەکرێت و بەردەوام بە گەشەسەندن و داهێنانە نوێیەکانی دڵخۆشین، بە هۆکاری خۆشگوزەرانی و کارئاسانی دەزانین و دڵخۆشین بەوەی بەردەوام ئامێرەکان دادێن کارەکان لەبری ئێمە دەکەن و ئیمە ئیتر وەک مرۆڤ پشوو دەدەین. ئەم گەشەیەش لە سەرهەڵدانیەوە نەک تەنها گەشە دەکات بەڵکو گەشەکانی بەردەوام خێراتر و چەندبارە دەبێت، بۆ نموونە لە شۆڕشی یەكەمی پیشەسازیدا، بە ماوەی 70 سال خێرایی ئامێر بۆتە دوو ئەوەندە لە شۆڕشی دووەمدا بە ماوەی 40 ساڵ خێرایی بوەتە دوو هێندە، لە شۆڕشی پیشەسازی سێهەمدا بە 24 مانگ خێرایی گەشە تەکنەلۆجیا بوەتە دوو هێندە. لە شۆرشی چوارەمدا راستە هەر بە 24 مانگ خێراییەكە دەبێتە دوو ئەوەندە، بەڵام دوو ئەوەندەكە ئەوەندە زۆرە مێشكی مرۆڤ تەحەمولی ناكات. ئەم خێراییە لە گەشە تا وەک ئێستاش هێندە بیر لە زیاترکردنی ئەم خێراییە دەکرێتەوە بیر لە کۆنترۆڵکردنی نەکراوەتەوە، بێ ئاگابوون لەوەی لە بەرامبەر ئاسانکاری و داهینانکارییەکان بۆ ژیانمان، چ شێوەیەکی تری ژیانمان بۆ بەرهەم دێنن و مرۆڤ چۆن خۆی وندەکات. کە رەنگە وەک پسپۆڕەکان پێشبینی دەکەن ژیان بگاتە ئەو ئاستەی بێ مرۆڤ بەردەوام بێت، واتە ئامێر شوێنی مرۆڤەکان دەگرێتەوە، و هەرچی مرۆڤ بتوانێت بیکات ئامێرەکانی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد لە خۆی باشتر بیکەن، چونکە مرۆڤ شتێکی بەرهەم هێنا لە خۆی زیرەکتر بوو و کۆنترۆڵی ژیانی خۆی پێ کرد، رەنگە زۆر شت مرۆڤ بە مێژووی ژیانی دژی وەستابێتەوە و لە ناوی بردبێت بەڵام تەکنەلۆجیا و ژیان لە سایەی تەکنەلۆجیا بۆی بەرهەم دێنێتەوە، نموونە دیموکراسیەت و ئازادی چەند وەلا خرابێت لە وڵاتێک یان لە شوێنێکی ژیان لە مێژوودا بەڵام خۆی بۆ زەمەنێکیش لە ژیان بووبێت خۆی بەرهەم هێناوەتەوە، مرۆڤ چەند ژیانی دیسپلین کرابێت و کۆنترۆڵ کرابێت، هەوڵی خۆ رزگارکردن و خۆ ئازادکردنی داوە. بەڵام لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و دیجیتاڵی دیکتاتۆریەت خۆی بەرهەم هێنایەوە کە لە مێژوودا ئەمە نەبوە، ئێستا ژیانمان بە هۆی ئامێرەکانی تەکنەلۆجیا و کامێراکانی چاودێری و ئامێری مۆبایل و کۆمپیتەری زیرەک کۆنترۆڵ کراوە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین. تا هەنوکەش کە بەرەو قۆناغی پۆست تەکنەلۆجیا دەڕۆین، تەکنەلۆجیا وا دارێژراوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە واتە لە حوکمڕانە سیاسی و سەرمایەدارەکانەوە کۆنترۆڵی ژیانی مرۆڤی پێ دەکرێت، نەک مرۆڤەکان کۆنترۆڵی کاری حوکمڕانەکان و سەرمایەدارەکان بکەن، نموونە تا ئێستا تەکنەلۆجیا فێری کردوین لایک لە ریکلامەکان بکەین، نەک کۆنترۆڵی یان دەرخستنی گەندەڵیەکانی پێ بکەین. ئەمە دیکتاتۆریەت بەرهەم هێنانەوەیە کە ئێستا چەمکی 'Digital Dictatorship، واتە دیکتاتۆریەتی دیجیتاڵی بۆ بەکاردێت و باس دەکرێت و توێژینەوەی لە سەر دەکرێت. جگە لە بەرهەمهێنانەوەی سەنتراڵیزم کە لە کۆندا دیکتاتۆرەکان بەکاریان دەهێنا، داتا و زانیاری لای خۆیان کۆنترۆڵ و خەزن دەکرد، ئێستا تەکنەلۆجیا داتا و زانیارییەکانی جارێکی تر سەنتراڵیزم کرد کە لە وتاری پێشوو بە ناوی 'کێ دەبێتە ئیمپراتۆری داهاتووی جیهان' بە درێژی باسم کردبوو، کە ئایندەی هێز لای ئەو کەس و شوێنەیە زۆرترین داتا و زانیاری لەسەر کەسەکان کۆکردوەتەوە و خەزنی کردووە. گرفتەکەش بە تەنها ئەمە نیە بەڵکو لەوەدایە تەکنەلۆجیا چەند زیاتر گەشە بکات زیرەکی زیاتر گەشە دەکات بە بێ هەست، واتە هەست دەمرێت، جیهانی بێ هەست دروست دەبێت. لە ژیانی مرۆڤایەتی کە ژیانی پێ بەڕێوە بردووە ئەم دووانە Intelligences and consciousness  'زیرەکی و هەست'  پێکەوە ئیشیان کردووە، واتە مرۆڤ خاوەنی ئەم دووانە بووە، چارەسەری گرفتەکانی بە هەردووکیان کردووە، ئێستا تەکنەلۆجیا و ئامێرەکانی زیرەکی دەستکرد بە زیرەکی بە تەنها ئیش دەکەن نەک هەست. لە مرۆڤ باشتر کێشەکان چارەسەر دەکەن، بەڵام بە بێ هەست. ئەمەش بۆ ژیانی مرۆڤایەتی سەختە، چونکە مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتی بە هەستە، لە گەڵ هەست مامەڵە بکات تا لە گەڵ ئامێری بێ هەست ئاسودەترە.'فیڵ ئەلباران'، پسپۆری بواری سایکۆلۆژییە لە توێژینەوەیەکی تایبەت بە 'قەیرانی ئاسودەیی لە سەردەمی تەکنەلۆجیا ' نموونەیەک باس دەکات دەڵێت "جاران کە شتت دەکڕی یان لە فرۆشگا بچوکەکەی گەرەکەکەت یان لە ئۆتۆمبیلە گەرۆکەکان یان دەست گێرەکان، لە کاتی کڕینەکە گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتیش دروست دەبوو، زۆرجار دەبوویتە هاوڕێی فرۆشیارەکە تەنها شتی پێ نەدەفرۆشتی، بەڵکو رەچاوی هەست و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریشتی دەکرد، ئێستا لە ئامێرێک یان ئۆنلاین کاڵا یان شمەکەکەت دەکڕیت بەس داتا و قسە لە تۆ وەردەگرێت و وەڵامی نیە بۆت، ئەمە مردوویە بۆ ژیانی مرۆڤ". واتە ئەم پسپۆڕە بە ژیانێکی بێ هەست و مردوو پێناسەی کردووە. جگە لەوەی بەردەوام مرۆڤ دەکەوێتە لا، ئەم مەترسیەش زیاتر بوو کە ئامێرەکانی زیرەکی دەستکرد لەوە بە تەنها نەمان کە کارمان بۆ ئاسان بکەن و لە بری خۆمان ئیشمان بۆ بکەن، بەڵکو چویە مەیدانی سەربازی و جەنگ و بوویە بکوژمان وەک Killer robots واتە'رۆبۆتە بکوژەکان بەرهەم هاتن' کە بە lethal autonomous weapons systems. واتە سیستمی چەکە بکوژە سەربەخۆکان  ناودەبرێت' وەک درۆن و ئۆتۆمبیلە زەمینیە بێ شۆفێرەکان خۆی دەبینێتەوە، واتە ئامێرە بێ هەستەکان دەشمانکوژن، کە ئەمە ئەوەندە مەترسیە هەندیک لە وڵاتان قەدەغەی بەکارهێنان و بوونی ئەم جۆرە ئامێرە بکوژانەیان کردووە، دەڵێن نابێت ئەڵگۆریزم هەرگیز بریار لە ژیان یان مەرگی ئێمە بدات. واتە بەرەو ژیانێک دەچین ئەڵگۆریزم و ئامیرەکانی زیرەکی دەستکرد بڕیارمان بۆ بدەن بژین یان بمرین؟ ئەمەش مەترسیە چونکە جیهانێکی بێ هەست و بێ بەزەیی و بەرژەوەندی دوور لە ڕەحم و سۆز و هیچ ئیتیک و پرینسیپێک ویژدان تەحەکەم بە ژیان دەکات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار