٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەو پرسیارەی هەقە هەموو كوردێک بیكات

سەرچاوە: KDP.info

هاودەنگ فاروق

‎نەباوەڕی خۆم و نە ڕێبازەكەشمان ڕێگەمان نادا بە ڕشتنی قەترەیەك خوێنی مرۆڤێك خۆشحاڵ بین، چ جای ئەو مرۆڤانە لە قەوم ڕۆڵەی خۆمان بن، بەڵام لەو تاوانكارییەی کۆماری ئیسلامی کردی، پرسیارێك لای هەموومان دروست بوە.. خێرە هەموو حزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات كەوتنە بەر ئەو هێرشە دڕندانەی ئێران، بەڵام  "پەژاک " پریشکێکیشی بەر نەکەوت؟ 

‎دەمێكە گوتومانە، " پەژاک "ساڵانێکە بووەتە سنوورپارێزی کۆماری ئیسلامی و چەند جاریش پێشی چوونەوەی تێکۆشەرانی کوردی بۆ نێو ڕۆژهەڵات گرتووە،جگە لەوەش، دایکی پژاک واتە پەکەکە، وەکو هێزێکی "میحوەری مقاومەت " ئێستا پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییە و لەهەر جێیەک کورد بەرژەوەندییەکی هەبێ، لەوێ بۆ لەباربردنی ئاژاوە دەنێتەوە. 

‎ئێستا دەركەوت و ڕوونترین تاقیكردنەوەی كردەیی بوو كە هەموومان بینەری بووین و بواری ڕاجیایی نەهێشتۆتەوە. بەڵكو پێویستە هەموو ئەوانەش كە ڕۆژێك لە ڕۆژان دوودڵ بوون، بە دەروونێكی هێمنەوە ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن: بۆچی تەنیا "پەژاك" پارێزراو بوو؟

‎وەڵامی ئەم پرسیارە بێگومان دەبێتە هۆی یەكلاكردنەوەی زۆر پرسی دیكە كە تاكو ئێستا لە چوارچێوەی گومان و دوودڵیدا مابوونەوە، ئاخر دەستپاراستنی ئێران لە "پەژاك"، بە ڕێكەوت نییە و، هیچ گومانێك لەوەدا نەماوە كە ئەوان لە سەنگەری پاراستنی ئێراندان وهەر بۆ ئەو ئامانجە دژە کوردییەش دامەزراون.

‎بەر لە هەمووان ئەندامانی خوارەوەی ئەو گرووپە پێویستە هەڵوەستە لەسەر پرسیارەكە بكەن. بە ئەقڵێكی كراوەوە، لە خۆیان بپرسن: ئەم هەڵوێست و سیاسەتە كوا لە بەرژەوەندیی كوردە؟ چۆن دەبێت هێزێكی كوردی تا ئەوپەڕی لە كۆدەنگی و سەنگەری كوردایەتی دوور بكەوێتەوە؟

‎ئیدی جەماوەری كوردستانیش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت و پارچەكانی دیكە بە گشتی، هەمان پرسیار بكەن. چونكە ئەگەر بڕیارە كوردایەتی و پاراستنی نەتەوە سەنگی مەحەكی شۆڕش بێت، بێگومان "پەژاك" لەو چوارچێوەیەدا نییە و، خودی داگیركەرانی كوردستان، وەك بینیمان ئەوانیان قبووڵە و بەدوژمن و جوداییخوازیان نابینن. چونكە پلەدارەكانی ئێران دوای هێرشەكان جەختیان لەوە كردەوە، كە ئەوان دوژمنانی ئێران و جوداییخوازەكانیان كردۆتە ئامانج.

 

هەواڵی پەیوەندیدار