کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هێرش و کۆمەڵکوژییەکەی تاران مەحکوم و ریسوا دەکەن

د.محمد خدرمولود
لە نیوەرۆی رۆژی چوارشەممەی 28-9-2022 دا کاتێ سوپای پاسداران تا بەرە بەری ئێوارەی ئەم رۆژە بەهێزی زەمینی و ئاسمانی 73مووشەکی زەبەلاحی بالیستی و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو لە قەبارە و کاریگەری جۆراوجۆری کوشندەی مەرگهێن و وێرانکەر هێرشی کردە سەر پێشمەرگەی قارەمان و کەسانی تێکۆشەری نێو بارەگا و کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامی ئەم هێرشە بەرنامە بۆ دارێژراوەدا تاران کۆمەڵکوژییەکی نایەوە و بە هۆیە 17 کەس شەهید بوون و 46 ی دیکەش بریندارن و سەدان کەسی دیکە دەربەدەرن کە نزیکەی بە ( 700 ) خێزان مەزەندە دەکرێ و چەندین جێگا و شوێنی ژیان و حەوانەوەو خوێندگا و بارەگا وێران و خاپورکراون.
ئەی ترس و فۆبیای مەرگهێن لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامەوە ..؟ هەر لە ساتی بۆردوومانەکانەوە منداڵان و ئافرەتان و تەواوی هاوڵاتیانی کوردی سفیلی رۆژهەڵاتی لە نێو فۆبیای مەرگ و تارمایی هێرش و پەلاماردانی مووشەکی و درۆنی دەژین و تا ئەو ساتەش لە نێو دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و ترس و فۆبیای مەرگی تاران دان.
گەر ئێرانییەکان کەیفیان بە خۆیان بێ لەو هێرش و پەلاماردانە نامرۆڤانەیە، خۆیان بە سەرکەوتوو بزانن و بەختەوەر بن بەوەی کە تازەترین چەکی کوشندە و مۆدێرنی خۆیان بە کورد و بە هەرێمی کوردستان تاقیکردبێتەوە، ئەوا زۆر بە سەهوو چوونە.
هەروا هێرشی رۆژی 28-9-2022 لە پای هەر چییەک بێ و بۆ پاساوی هەر کارێک بێت، ئەوا لە گوێی گادا نووستوون. چونکە ئێستا تاران لە جاران زیاتر وەک بەغدا و ئەنقەرە و دیمەشق بە ناشیرینترین و دڕندەترین رژێمی ناوچەکە دێتە ژماردن و وەک رژێمێکی کوردکوژ ومرۆڤکوژ و جوانیکوژو ژنکوژ و ژیانکوژ لە قەڵەم دەدرێ و کەلە رەقی و لاساری و خۆدزینەوەکانی لە بەرامبەر پرسی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، هەموو مەبەستە شاراوەکانی تارانی باشتر بە دیار هێخست.
ئیتر تاران، بەو کوشتارگەیەی رۆژی 28-9-2022 و بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە رۆژی 19-9-2022 وە و دواتر سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی لە شارەکانی ئێرانەوە بە ئاگر و ئاسنەوە، ناشیرینتر و دڕندەتر بەدیارکەوت و لە هێرش و پەلاماردنی رۆژی 28-9-2022 یشدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتێکی دراوسێی وەک عێراق با لەژێر هەژموونی خۆشیدا بێت، لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە مایە و جێگای قبوڵکردن نییە بۆیە هەر لە ئێستاوە بە تووندی ئەو هێرش و پەلاماردانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و سەرکوتکارییەکانی دەرهەق بە خۆپێشاندەران و شەقامی ناڕازی تاران ریسوا و شەرمەزار کراوە و وەک لێشی دەخوێندرێتەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هەر بەوەندە ناوەستن.
لە ئاستی ناوەخۆش تەواوی جەماوەر و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و دۆستانی گەلی کورد لە هەر کوێیەکی جیهاندا هەبن پێشانیان دا بە تووندی سەرکۆنەی تاران دەکەن و ریسوا و مەحکوم و شەرمەزاری دەکەن و وەک تۆتالیتارترین سیستەم و ڕژێمی ناوچەکە سەیری دەکەن.
هەولێر 1-10-2022




