سیاسەت و تیۆری کۆ سفر

ھۆشیار سیوەیلی
تیۆری کۆ سفر (Political Sum Theory) لە بواری ئابووری و سیاسەتدا وا دائەنێت کە قازانجی لایەنێک بە زیانی لایەنێکی تر تەواو دەبێت. گەر بە هاوکێشەیەکی سادەی ماتماتیکی دەری ببڕین ئەوا ئەگەر لایەنێکی هاوکێشەکە بۆ نموونە 10 خاڵ بەدەست بهێنێت (10+) بێت ئەوا لایەنەکەی تر دەبێت 10 خاڵ لەدەست بدات (-10) و کۆی هەردوو لایەنی هاوکێشەکە دەکاتە سـفر. ئەوانەی لەسەر ئەم بنەمایە کاردەکەن هەوڵدەدەن لە گفتوگۆ و دانوســـتانەکانیاندا لەگـــەڵ لایەنـــی بەرامبەر لە بری دۆزینـــەوەی زەمینەی هاوبەش و بە پێی پرینســـیپی (دانوستاندن) گفتوگۆکان بەڕێوەبەرن پەیڕەوی تیۆری کۆ ســـفر دەکـــەن. بەرامبەر بەمە باوەڕێـک یان تیۆرییەک هەیە پێچەوانەی ئەم باوەڕەیە و لای وایە مەرج نییە مامەڵە و چالاکی و پەیوەندییەکان لە نێوان دوو لایەن یان چەند لایەنێکدا لەسەر بنەمای تیۆری (کۆ سفر) یان قازانج بەرامبەر زیان بەڕێوە بچێت و دەشـێت تیۆری قازانـــج بەرامبەر قازانـــج بکرێتە بنەمای پەیوەندییەکان.
ئەم تیۆرییە لای وایە دەشێت پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەببرێن کە لایەنەکان قازانج بکەن نەک قازانج یان دەسکەوتی لایەنێك لەسەر حسابی لایەنەکەی تر بێت.
ئەقڵیەت و بۆچوونی داڕێژراو لەسەر بنەمای تیۆری کۆ ســـفر کاریگەری گەورەی لەسـەر بەڕێوەبردنی عێراق هەبووە و هەیە بە تایبەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. لە بەغدا شـێوە بیرکردنەوەیەک هەیە کە وا دادەنێت هموو دەسکەوتێک بۆ هەرێمی کوردستان مانای زەرەر و زیان بۆ عێراق. هـــەر بۆیە ئەوپەڕی هەوڵدەدن پەیوەندییەکی راســـتاڵ و رێکوپێک لەسەر بنەمای دەستوور ڕەگ دانەکوتێت، چونکە بۆ دۆخی ئەم سەردەمە دەستوور لەسەر بنەمای ئەوە نووسراوە کە هەموو لایەن و پێكهاتەکان قازانج بکەن و قازانجی پێکهاتەیەک لەسەر حسابی پێکهاتەیەکی تر نەبێت. تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەبێت بنەمای باوەڕی (قازانج – قازانج) نەک (قازانـــج – زیان) بکەینە ڕێچکە و ڕێنیشاندەری گفتوگۆ و پەیوەندی نێوان لایەنەکان چونکە یەکێتی و تەبایی و پەرەپێدان و ڕێزگرتن لە دەزگا ڕەواکانی هەرێمی کوردستان قازانجی هەموو لایەکی تێدایە بە تایبەتی هاوڵاتیانی کوردستان.




