ئیتر بۆ کوردستان هەموو رۆژێک 25-9-2017 یە، هەموو رۆژێک ڕیفراندۆمی سەربەخۆییە

د.محمد خدرمولود
پێنج ساڵ بەر لە ئیمرۆ گەلی کوردستان سەلماندی خاوەن ئیرادە و توانا و کەسایەتی خۆیەتی و باوەڕی بە سەرکردایەتی سیاسی و بریاری سیاسی کورد و کوردستانیەتی خۆی هەیە و ناچێتە ژێر هیچ رکێف و هەژموونی دەرەکی و هەڕوگیف و چاوسوورکردنەوەش نایترسێنێ و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی خۆی دەدات.
پێنج ساڵ بەر لە ئەمرۆ لە 25-9-20127 جەماوەری گەلی کوردستان بە تەواوی چین و توێژ و ئایین و ئایینزا و هزر و بیروباوەڕ و رێبازی سیاسییەوە پاڵپشت و پشتیوان و هاودەنگ و هاوبیری سەرۆک و رابەری خۆیان بوون، جگە لەو لایەن و کەسانەی لە سەرەتاوە لە ژێر کارو بەرنامە و هەژموونی دەرەکی دابوون و خودان ئیرادە و کەسایەتی خۆیان نەبوون.
ئاخر پرسی گەورە و کاری مەزن بە مرۆڤی خاوەن کەسایەتی و ئیرادەی بەرز و بەرگری کاری سەرسەخت و شێلگیر دەکرێت. مێژووی سیاسی بە تایبەتی و مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی لە مێژە سەلماندویەتی مرۆڤە سەرکەوتووەکان ئەو کەسانەن کە خودان ئیرادە و هەڵوێست و تێگەیشتنی خۆیانن و کەسانی سەرکەوتوو، ئەو کەسانەن خودان هزر و تێگەیشتن و بیرکردنەوەی (بنیاتنان و دامەزراندن و دروستکردنن) نەک خودان هزری پاشکۆی و پاشکۆبوون و رێمۆنت کۆنتڕۆڵی ئەم و ئەو.
وا ئێستا پێ دەنێینە ناو پێنجەمین ساڵیادی ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی کە لە سەدا 72.16% خەلكی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد، و نزیکەی چوارملیۆن کەس و ڕێژەی 92.73% بە دەنگی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم بریاریان لە چارەنووسی خۆیان دا و هاودەنگ و هاوڕای سەرۆک و رابەریان مەسعود بارزانی بوون و پشتیوانی ئەو پیاوە مەزنە فریادرەسە بوون کە خۆی (شەرمەزاری خوا و مێژوو و گەل و نەتەوەکەی نەکرد) و بەڵکو (ئیرادە و دەنگی گەلەکەی سەرخست).
هۆکارێک لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە سەرکەوتوویی لە کات و ساتی دیاری کراوی خۆیدا لە 25-9-2017 وێرای فشاری هەر چوار دەوڵەتی دراوسێ و فشار و هەژموون هێنانی هاوپەیمانان بۆ دواخستنی یا ئەنجام نەدانی، پێداگیری و جەختکردنەوەی سەرۆک بارزانی بوو بۆ پرسەکە و پیرۆزی ئەنجامدانی پرۆسەکە بوو، لە کات و ساتی راگەیێندراو و دیاریکراوی خۆیدا، نەک نەکردەی پەشێمان و فریوخواردووی بەڵێن و قسە و گفتی بێ گوفتار.
سەرۆک بارزانی لە نێو سەرۆک و سەرکردەکان بەوە ناسراوە، هەردەم تێگەیشتنی گشتگیر و تایبەتی خۆی هەیە و بە ووردی لە رووداو و پێشهاتەکان ڕادەمێنێ و بە کاوەخۆ و بە دەروونێکی ئارام و هزرێکی وورد و قووڵەوە بڕیار دەدات. کاتێ بڕیاریشی دا خاوەن بەڵێن و بڕیار و هەڵوێستی خۆیەتی و سازش لە سەر پرس و چارەنووسی نەتەوەکەی بەرامبەر هەر هاوکێشەیەک و بەرژەوەندییەکی ئیقلیمی و ناوچەیی ناکات.
بۆیە هەموو نووسەر و توێژەر و شرۆڤەکارانی سیاسی و سیاسەتمەدارانیش دەتوانن گەر مەبەستیان بێ زیاتر و باشتر لە پرسی کورد و ڕەوایەتی دۆز و خەبات و تێکۆشانی تێبگەن، بە بەڵکە گوتارەکانی سەرۆک بارزانی وەرگرن و شرۆڤەی بۆ بکەن.
لەو گوتارە سەردەمییانەی سەرۆک بارزانی دا بەر لە روخانی بلۆکی رۆژهەڵاتی و هەرەس هێنانی دوو جەمسەری و دوای روخانی دیواری بەرلین و هاتنەئارای پرۆیسترۆیکای گۆرباتشۆفی مەزن و دوای سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکان لە داستانی خواکوڕک لە 1988 و دوای شەڕی هەشت ساڵەی ئێراق و ئێران، لەو گوتارەوە کە بە ( گۆتاری خواکوڕک)ەوە دیناسێنم بۆ گوتاری شاری کۆیە – 1992 کە بە گوتاری (خۆ ئامادەکردنی بەرەی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و گواستنەوەی دەسەڵاتی شۆڕشگێری بۆ دەسەڵاتی شارستانی پەرلەمانی حوکمداری حکومەتی هەرێمی کوردستانی یەوە) ناسراوە تا گوتاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی رۆژی 23-9-2017ی نێو ئاپۆرەی جەماوەری یاریگای هەولێردا... هزر و تێگەیشتنی سەرۆک و ڕابەرێک دەبینین لە هۆکارەکانی هەڵبەز و دابەزی پرسی نەتەوەکەی بە ئاگایە و تێدەگات هاوکێشەکان چۆن چۆنی گوزەر دەکەن و سات و کاتە هەستیارە نەبینراوەکانی هەڵکشانی پرسی نەتەوەکەشی کە ئەوە خاڵی مەبەستە لە کوێ و لە چ کاتێکدایە.
دوای پێنج ساڵ برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیەتی دژی شەڕی داعش و یان کۆبیج، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆگلاس سڵێمان بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق و فرانک بەیکەر بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق دا، دۆگلاس سڵێمان نامەکەی تیلەرسەنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بۆ سەرۆک بارزانی پێی بێ و پێی نەبێ، بە دڵنیاییەوە دەیبینن و دەیبیستن وا ئەو ساڵیش کوردستانییان شاد و سەرفراز و سەربەرزانە یادی رۆژی دەنگدان بۆ ریفراندۆم دەکەنەوە و بۆ دۆز و پرسی چارەنووسسازی سەربەخۆیش سوورتر و رژدترن لە جاران و بەرز و پیرۆزتریش لە جاران دەرواننە ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی و ئێستایی و ئایندەیی رابەر و فریادرەس سەرۆک مەسعود بارزانی.
هەولێر 24-9-2022




