بیری ئاشتی و پێکەوەژیان لە کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد

پ.د.نەزاکەت حسێن
هەڵسەنگاندن بۆ پەرتوک و نووسینەکانی کەسێک تەنها بریتی نیە لە شیکار و هەڵسەنگاندن بۆ شتە باس کراوەکان یان دەستەواژە وتراوەکان، ئەی شتە نەوتراوەکان چین؟ چ ئایدیایەک یان خەیاڵێکی نووسەر دەرک پێ دەکرێت لە پشت ئەو وشە و بیرە نووسراوانەی کە گوزارشتی لێ دەکات؟. بە تایبەتی خەیاڵ و روئیای سەرکردە ڕەنگدانەوەی راستەوخۆی هەیە لەسەر رەفتارەکانی، کارەکانی، بڕیارەکانی، هەنگاوەکانی، دواجاریش لەسەر ئەوەی دەبێتە کەلتور لای خەڵک و کۆمەڵگە، نموونە سەرکردەیەک باوەڕی بە توندڕەوی هەبێت ئەم باوەڕەی رەنگدەداتەوە لەوەی چی دەبێتە کەلتوری ئەو کۆمەڵگەیە. بە پێچەوانەشەوە سەرکردەیەک باوەڕی بە پێکەوەژیان هەبێت ئەمەش رەنگدەداتەوە لەوەی چی دەبێتە کەلتوری ژیان لای خەڵک، وە لە سیستمی حوکمڕانی وڵاتدا رەنگ دەداتەوە بەهەمان شێوە.
سەرکردە راستە رۆڵی رابەرایەتی کردنی هەیە، بەڵام ئەو ڕابەرایەتیەو بەڕێوەبردنی وڵات هەمووی ئەو نایکات. باراک ئۆباما لە وتارێکیدا لە بەردەم جەماوەری ئەمریکا لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا وتی"ئێمەی سەرۆکەکان بەردی بناغەی نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان و پرۆژەکان دادەنێین دواتر ستاف و هاووڵاتیە ئەوی تری تەواودەکات، ئێمە پلان دادەرێژین و ستراتیژ دەکێشین جگە لەوەی بە هاوکاری خەڵک و نوخبەش ئەمە دەکەین، بەڵام ئەوە هاووڵاتیە، ئەندازیارەکانن، مامۆستاکانن، پزیشکەکان و فەرمانبەرەکان جێبەجێ و تەواوکردنی لە ئەستۆ دەگرن." یوڤاڵ هەراری دەڵێت "سەرکردە دەبێت زۆر وریا بێت، چی دەڵێت، بە تایبەتی لە کاتی کاردانەوەو بڕیاری دەستبەجێ دا، وە ئەم پێی وایە کە سەرکردە نابێت خێرا لە کاردانەوەدا بڕیار یان گوتاری هەبێت، چونکە راستەوخۆ کاردەکاتە سەر جوڵە و رەفتاری خەڵک و رای گشتی". من لەم باسەمدا دەمەوێت لە گۆشەنیگایەکی ترەوە هەڵسەندگاندن بۆ خەیاڵ و روئیاکانی سەرۆک بارزانی بکەم لە بەرگی پێنجەمی کتێبەکەی 'بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد' ئەویش بیری ئاشتی و پێکەوەژیانە لە روئیای سەرۆکدا. رەنگە ئەو لە کتێبەکەیدا لە شتە وتراوەکان باسی ئاشتی و پێکەوەژیانی نەکردبێت بە زەقی ئەم دەستەواژانەی وەک دروشم بەکار نەهێنابێت، بەڵام لە تێڕوانینی بۆ شەڕ کاردانەوەو رەفتار و هەڵسوکەت و بڕیارەکانی لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕەکان بە تایبەتی مەبەستم زیاتر شەڕە ناوخۆیی و براکوژیەکانە کە زۆرتر لەم بەرگەدا باسی کردووە. بە ئاشکرا بیری دژە شەڕ و توندوتیژی و براکوژی و باوەڕبوون بە ئاشتی و پێکەوەژیان دەخوێنیتەوە. هەمیشە لە نێوان هێرش کردن و پەلاماردان یان بەرگری کردن تاکرابێت فەرمانی دەرکردووە بەرگری هەڵبژێرن نەک هێرش کردن، فەرمانی دان بەخۆداگرتنی بە هێزەکانی پارتی داوە، وەک لە لاپەڕەی ٢٣٥، کە باسی پەلامارەکانی یەکێتی بۆ سەر بارەگاکانی پارتی لە گەرمیان و سلێمانی بە هێزەکانی پارتی و رێکخستنەکانی دەڵێت لەو ناوچانە "خۆتان راگرن و دەستپێشخەری نەکرێت' بە هەمان شێوە لە لاپەڕەی ٢٣٤ دەڵێت "هەموو رێنمایی و ئامۆژگاریەکانمان بۆ لق و هێزەکانمان دان بەخۆداگرتن و خۆپاراستن لە کاردانەوە بووە، سەرەڕای هەموو رووداو و پێشێلکاریەکان' ئەمانە و لە هەموو شەڕەکان و گرژیەکان کە باسی دەکات جەنابی سەرۆک لەم کتێبەدا کاردانەوەکانی وەک سەرکردەیەک هەوڵی کۆنترۆڵ کردن، دان بەخۆداگرتن، بەرگری کردن نەک هێرش کردن، دەستپێشخەری بۆ شەڕ نەبووە، کە رووبەڕوویشی بووەتەوە بەرگری کردن و هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی هەڵبژاردووە، تاکڕابێتیش دووری لە شەڕ هەڵبژاردووە، لە نمونەی جەنگی نێوان پەکەکە و یەکێتی نەچووەتە بەرەی هیچکامیان و هاوکاری کەسیانی نەکردووە، بزوتنەوە و یەکێتی نەک بەشداری نەکردووە بەڵکو هەوڵی ئاشتکردنەوە و هێورکردنەوەی بارودۆخەکەی داوە. ئەمانە خەمی سەرکردەیەکی نیشتمانی و گەلەکەیەتی کە نەیویستووە کارەساتی جەرگبڕ و مرۆیی رووبدات. روئیای ئاشتی بوون و پێکەوەژیانە لە پشت ئەم بڕیارانەوە. تەنانەت ئەگەر زوڵمیش لە ئەندامان و کادیران و هێزەکانی کرابێت. لە نێوان توندیدا هەمیشە هێوربوونەوە و ئارامی هەڵبژاردووە. ئەمە گرنگ بوو بۆ ئەم هەرێمە و پوچەڵ کردنەوەی پلانی ناحەزەکانی کە هەر لە سەرەتاکانی دروست بوونی، ئەوەی لەم کتێبەدا رووداوەکان بۆمانی دەگێڕنەوە هەوڵێکی دروستکردنی جەنگێکی ناوخۆیی کەلتوری هەبووە بۆ هەرێم کە خراپترین جۆری جەنگە کە یەکتر رەت کردنەوە، یەکتر سڕینەوە، یەکتر قەبوڵ نەکردنی لێ دەکەوێتەوە، ئەگەر حەکیمی سەرکردەیی نەبووایە، ئێستا بارودۆخمان لە پارچەکانی تری عێراق باشتر نەدەبوو کە ئەو جەنگە کەلتوریە ناوخۆییە یەکتر رەتکردنەوە بەردەوام تەشەنە دەکات تیایدا تا گەیاندویەتیە ئەم رۆژە. لە نموونەی ئەو هەوڵە ناحەزانەش لە رووداوەکاندا و چۆنیەتی هەڵگیرسانی شەڕەکان لە نێوان یەکێتی و پارتی و یەکێتی و ئیسلامیەکان هەستی پێ دەکرێت، کە ساڵانێک رۆڵی بینی لە یەکتر رەت کردنەوەو دروستکردنی بەرەی ئیسلامی و عیلمانی و بەرەی یەکێتی و پارتی و سلێمانی و هەولێر و دووئیدارەیی، ئەوەتا سەرۆک بۆمان دەگێڕێتەوە کە لەوکاتەی لە کۆبوونەویەکی ئاسایی کردنەوەو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە لاپەڕە ٢٢٣ ئاماژەی پێدەکات، دوای ساتێکی کەم لە واژۆی رێکەوتنەکە و لە کاتی نانخواردنەکە دەڵێت "بروسکەیەک بۆ مام جەلال هات و مام جەلال شڵەژا' باسی ئەوە دەکات لە رانیە ئەندام و کادیرانی بزوتنەوە هێرشیان کردوەتە سەر بارەگانی یەکێتی'واتە هەر ساتێک هەرێم ئارام بووبێت لە شوێنێکی ترەوە ئاگرەکەیەکان بۆ هەڵگیرساندووەتەوە. هێمنی و هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتی بە ئاشکرا لە رەفتارەکانی سەرۆک دەبینیت، هەموو جەنگێک بیری بۆ ئەوە چووە بە دوای رێگەچارەیەکدا گەڕاوە بۆ ئاگربەست، کۆنترۆڵ کردن. جگە لەوەی دژی بێرێزی کردن بە کەس و هیچ هێزێک بووبێت، کە ئەمە نیشانەی بوونی روئیایەکی روونی پێکەوەژیان و دروست نەبوونی رق و تۆڵەکردنەوەیە لە ناو کۆمەڵگا، ئەوەتا لە کاتی بەدیل گرتنی هێزەکانی بەرامبەر لە جەنگەکان ئازادکردنی بۆ دیلەکان هەڵبژاردووە ئەگەر لایەنی بەرامبەریش ئەوەی نەکردبێت. لەکاتی بەدیل گرتنی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی ئەو کاتە، مامۆستا مەلا عوسمان، خێرا پەیامێک ئاراستەی یەکێتی دەکات کە بێڕێزی بەو پیاوە نەکرێت وە دەشڵێت شەرمم کرد بچم بیبینم کە زانیم بێ رێزی بەرامبەر کراوە. ئەگەر لەم روانگەیەوە و لەم هەنگاوانەی سەرۆک بڕوانین، دەتوانین بڵێین ئەوەی ئەم هەرێمەی رزگارکرد لەو جەنگە کەلتوریە ناوخۆیە و خۆکوژیە، وەک جەنابیان لە شوێنێکدا بە جەنگی خۆکوژی باسی دەکات، و ئەو فەراهەم بوونی ئاشتی و پێکەوەژیانە ئێستا سیمای سەرکەوتووی ئەم هەرێمەیە، بەرهەمی ئەو هەنگاو و بڕیارانەی ئەو بووە لە کاتی هەر گرژی و شەڕێکدا. لە پشت هەر رەفتارێکی بەم جۆرە کە هەمیشە بیەوێت باروودۆخەکە بە ئەرێنیدا بەرێت، روئیایەک بۆ پێکەوەژیان هەیە، لە پشت روئیای پێکەوەژیانیش شتێک هەیە پێی دەوترێت بیری ئەرێنی، بیری ئەرێنی ئەوەیە تۆ لە بەرامبەرەکانت، تەنانەت نەیار و دوژمنەکانیشت یان ئەوانەی گرژیت هەیە لە گەڵیان، لە رفتارە ئەرێنیەکانیان بڕوانیت نەک نەرێنیەکان، چونکە مامەڵەکردن لە گەڵ نەیار و دوژمن و بەرامبەرەکانت لە روانگە ئەرێنیەکانی، دورت دەخاتەوە لە تۆڵە و توندڕەوی، وەک لە زۆر رەفتارەکان و گوزارشتەکانی جەنابی سەرۆک لەم پەرتوکەدا دەبینین، تەنانەت لە گەڵ دوژمنە سەرسەختەکەی کوردیش کە سەدام حسێنە، کە باسی سەردانەکەی کردووە بۆ لای، باسی رەفتارە ئەرێنیەکانی دەکات کە لەگەڵیان هەیبووە لەو سەردانەدا، ئەمە وای لێکردووە کە لە بری رق، تۆڵە، رەت کردنەوە، پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و رێگەچارە دۆزینەوە بۆ هێورکردنەوەو ئارام کردنەوەی دەست کەوێت. رەنگە زۆرتر بتوانرێت لە خەیاڵ و روئیا ئەرێنیەکانی سەرۆک بکۆڵینەوە لەم پەرتوکەیدا، بەڵام لە وتارێکی وا کورتدا ئەوەندە ئاماژەکان شوێنی دەبێتەوە.




