وێرای داواکاری باڕبارا لیف، بارزانی ئەوجارەش دەبێتەوە فریادرەسی عێراق ..؟

د.محمد خدرمولود
کەس لاری لەوەدا نییە رووداوەکانی ئەم دواییانەی بەغدای پایتەخت و شارەکانی تری باشووری عێراق دەرهاویشتەو لێکەوتەی دوێنێی نزیکن دەگەڕێنەوە بۆ رێز نەگرتن و بێ بایەخکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی رۆژی 10-10-2021 و بەهەند وەرنەگرتنی دەنگی خەڵک و جەماوەی بەشداربووی هەڵبژاردن.
گەیشتنی عێراق بەو بارودۆخە چەقبەستووەی ئێستای، بێگومان لە نەبوونی هزر و کەلتوری پێکەوەژیان و گیانی یەکترقبووڵکردن و رێزگرتن لە پرۆسەی دیموکراسییە، سەرباری هەژموون و فشاری دەرەکی و دراوسێیی هەموو هۆکاری هەرە سەرەکین بۆ بنبەست گەیشتنی پرۆسەی سیاسی لەم ئان و ساتەی عێراقدا.
کە دەڵێین لەم ئان و ساتەدا، واتە سیستەمی حوکمڕانی ئێستای عێراق لە ئان و ساتی شکست لە دوای شکست دایە و لە لێواری داڕووخاندا خەریکە غلۆربێتەوە.
ئەم دید و بۆچوونە هەر تەنیا دید و بوچوونی شرۆڤەکاران و سیاسەتمەدارانی عێراقی نییە، بەڵکو سیاسەتمەدارانی ئەمریکیش هەمان بۆچوونیان هەیە و هەروا دەڵێن ئەوەتا باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست رۆژی دووشەممە 5-9-2022 بە راشکاوی رایگەیاند عێراق لە لێواری داڕووخاندایە گوتیشی ئێستا کە دۆخی سیاسیی عێراق لە لێواری داڕووخان دایە و ئەمریکا بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات.
خاتوو باربارا لیف لەم لێدوانەی دا و بە سەرکردە عێراقییەکانی بەغدا دەڵێ:
گەر خاوەن بڕیاری دروست نەبن، وڵاتی عێراق بەرەو هەپروون بە هەپروون بوون دەچێ.
ئێستای بارودۆخی عێراق، بارودۆخێک نییە وڵاتان ئیرەیی پێ ببەن، ئەوەتانێ هەر ئەمریکییەکانن دەڵێن: واشنتن کارێکی ئەوتۆی لەدەست نایێ بۆ رزگارکردنی عێراق لەو بارودۆخەی تێی کەوتووە، لەوڵاوەش بە ئێرانییەکان بێ، بەغدا هەردەم لە نێو بازنەی قەیران و تەنگژەکانی دا بخولێتەوە، تا خۆیان کێشە و پرسی چەک و جبەخانەی ئەتۆمییان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ووڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا چارەسەر دەکەن.
لە کاتێکدا ئەمریکییەکان بە بایەخێکی زۆرەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن و هەوڵ و کۆششەکانی بەرێز سەرۆک بارزانی بۆ دامەزراندنەوەی عێراق و حکومەتە تازەکەی هەر لە ساڵی 2003 و پاشان لە ساڵانی 2007 و 2014 و دواتر شەری تێکشاندنی تەلیسمی داعش بەرز دەنرخێنن و بە گرنگییەوە دەڕواننە حیکمەت و کاریگەری کەسایەتی و کاریزمایی سەرۆک بارزانی.
بۆیە هەر لەو سۆنگەوە خاتوو باڕبارا لیف یاریدەدەری وەزیری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست لە دیداری سەرۆک بارزانی دا رۆژی چوارشەممە 7-9-2022 وێرای گەیاندنی سڵاو و رێزی سەرۆک جۆبایدن بە بەرێزیان، ڕاشکاوانە داوای لە سەرۆک بارزانی کرد بە حیکمەت و کاریگەری خۆیەوە پتر ڕۆڵی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ببینێ و ڕۆڵی کارای بخاتە گەڕ تا عێراق نەگاتە قۆناغی بنبەستی سیاسی.
ئەم داوایەی خاتوو باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کەوا پێگەی هەرێمی کوردستان جێی بایەخی ئەمریکییەکان و وڵاتانی جیهانە و ڕۆڵ و پێگە و کاریگەری سیاسییانەی سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا رێزلێگیراوەو بە بایەخەوە کار و کردەوەو هەوڵەکانی وەردەگیرێ و هەروا ئەوەمان پێشان دەدات سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو سەرۆک و رابەرانەی کە سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و قسەکانی زۆر بە هەند وەردەگیرێ و بیستراوەو گوێ لێ گیراوە. لەکاتێکدا ئەمریکییەکان و خودی خاتوو باڕبارا لیف لەوە ئاگادارن لە ئەنجامی سازش نەکردن و کەلەڕەقی و رێکنەکەوتنی هەردوو لایەنی شیعەی چوارچیوەی هاوئاهەنگی و سەدری و سووربوون و پێداگیرییان لەسەر داواکاری خۆیان، عێراقیان بە بارودۆخێکی ئالۆزی پڕ لە گرێ و گۆڵ سپاردووە و وا لە شکستێکەوە بەرەو شکست و لە داڕوخان و لێکترازانەوە بەرەو پارچە پارچە بوون و وێران و ڕوخان دەبات.
ئەی دەبێ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ ئەم بارودۆخەی عێراق چی بێ و چۆن بەرێزیان بەو ئەرکە هەڵبستێ..؟ لەکاتێکدا لە دید و هزری بارزانی دا چارەسەری کێشەکان سەرەتا لەو خاڵانەوە دەست پێدەكات کە سەنگی مەحەکن بۆ حکومەت و دەسەڵاتدارانی بەغدا و سیاسەتمەدارانیان، ئەو خاڵانەش بابەتی گرنگ و جەوهەرین و خۆیان لەمانەی خوارەوە دەبیننەوە:
فەرهەنگی یەکتر قبووڵکردن بابەتی رۆژانەی دیار و بەرچاوبێ، هیچ لایەنێک هەوڵی سڕینەوەی لایەنەکەی تر نەدات و رێز لە دەستوور بگیرێت و ماددەکانی بە میزاجی ئەم و ئەو بۆ بەرژەوەندی کەس و لایەنەكان پێشێل نەکرێت و هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگاش پەراوێز نەخرێت.
لەکاتێکدا لەم چەند خاڵە جەوهەرییە وورد دەبینەوە هەست دەکەین هیچ یەکێک لەم خاڵانە لای دەسەڵات و حکومەتە یەک لەدواییەکانی بەغداوە هەر لە ساڵی 2003 وە جێبەجێ نەکراوە و هەمووی بە زیادەوەش پێشێل کراوە.
هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو گەر بەغدا بۆی لوابێ، نەک هەر هەوڵی پەڕاوێزخستنی پێکهاتەکانی داوە، بەڵکو بە شەڕ و هێرش و پەلاماردان هەوڵی لەناوبردن و داگیرکاری و كوشتن و بڕینی پێکهاتەیەکی گرنگی وەک کورد و کوردستانی دراوە وەک ئەو هەوڵەی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەغدای عەبادی بۆ سەر هەولێر و کوردستان دای. ئەوە وێرای بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی ماددەکانی دەستوور و سەپاندنی سزای سیاسی و ئابووری لەلایەن بەغداوە بۆ سەر هەولێر و کوردستان لە دوای 2003 تا رۆژی ئەمرۆ و هەر جارەی بە ئاین و ئۆینێک، هەر چەند باسیان بکەیت کۆتاییان نایێ ..
وانییە خاتوو باڕبارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵات، ئێوەش پێتان وانییە دیوارێک لە بناغەیەوە لێکترازان و دەرزی تێکەوتبێ عاقیبەتی هەر ڕوخان و داروخان نابێ ..؟
هەولێر 9-9-2022




