٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کاتی کۆبوونەوەی لوتکەیەکی عێراقی نەهاتووە؟

سەرچاوە: KDP.info

پ.د. نەزاکەت حسێن

لە وڵاتێکی پڕ قەیران، کێشە و ئاڵۆزی و چوار دەوردراو بە بەرژەوەندی دەرەکی و دەوروبەر و ژینگەی گونجاو بۆ گرووپی تیرۆریستی و توندڕەوی و لێوان لێو بە جەنگی کەلتوری، دابڕانی سەرکردەکانی لە یەک و نەمانی زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن مەترسیدارترین شتە کە رووی تێکردوە، چونکە کە سەرکردەکان و لایەنەکان نەیان توانی لە نزیکەوە گفتوگۆ بکەن و پەیامەکانیان بە یەک بگەیەنن، لە بری ئەمە لە دوورەوە پەیام بۆ یەکتر دەنێرن و پەیامی دووراودووریش زمان زبری و توندوتیژی و ئاماژەی جۆراوجۆری تێدەکەوێت، کاردانەوەو راڤەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت. جگە لەوەش وڵات خاوەنی میدیا و کەناڵی راگەیاندنی بێ سەروبەری جۆراوجۆری دوور لە خەمی بەرپرسیاریەتی و نیشتمانی و هەریەکە بە ئاراستەیەک بارودۆخەکە دەجوڵێنێت و خەڵکی بۆ ئاراستە دەکات. لەولاشەوە وڵات ئێستا بۆشاییەکی ئیداری و سیاسی چاوەڕێ دەکات کە دام و دەزگا تەشریعی و یاسایی و حکومییەکان هەموویان ئیفلیج دەبن. ئەم بۆشاییە ئیداری و سیاسیە لە وڵاتێکدا کە پڕ بێت لە هێزی چەکدرای و میلیشا قورس دەکەوێتەوە، جگە لەوەی عێراق مەیدانی پاکتاوکردن و ئەجندای چەندین لایەنی دەرەکیە، کە واتە ئاراستە دەرەکی و ناوخۆیان ئەم بارودۆخەی ئێستا وڵات هەیەتی ئایندەیەکی مەترسیدار چاوەڕێی دەکات و بە پلەی یەکەمیش هاووڵاتی و خەڵکی عێراق دەبێتە قوربانی. وەستانی ئەم ململانێیەش ئاسان نییە، جەنگێک ململانێیەکی بۆ داگیرکردنی پارچەیەک زەوی یان دەستکەوتێکی دارایی  نییە تا بە بڕیارێک ئاگربەست بوو ئیتر لایەنەکان بتوانن بچنەوە دۆخی خاوبوونەوەو ئاشتی. ململانێی یەکتر رەت کردنەوەو کەلتوری و یەکتر قەبوڵ نەکردن و دەسەڵاتە، بۆیە ئەوەی کلیلی چارەسەر بێت گەرچی چەندین هەوڵی دەرەکی و دەستپێشخەری دەرەکی هەبێت بۆ هێورکردنەوە، چارەسەر هەر دەبێت سەرکردەکان لوتکەیەکی عێراقی دەستبەجێ دروستبکەن و کۆبونەوەیەکی لوتکە بکەن، تاکو سەرەتا دەرگایەک بێت بۆ دیالۆک دواتریش لێکتێگەیشتنەکان دروست دەبێت، بەمە لەبری ئەو پەیامە توند و ئاماژەهەڵگری جۆراوجۆر و کاردانەوانە و وەڵام بە دوای وەڵام هێنەرانە، هیچ نەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ ئاراستەی یەکتری دەکەن و نزیک بونەوەیەک دروست دەکات. گەرچی بارودۆخی عێراق  و ئەم هەموو جیاوازییە لە بیرکردنەوەو ئامانج و نەژادی و نەتەوەویی و مەزهەبی پێویستی بە لوتکەیەک، یەکێتیەکی عێراقی هەیە کە لە کاتە سەختەکان و شێوانەکان و ئیفلیج بوونی دامودەزگاکان بێتە سەرخەت و لایەنەکان کۆبکاتەوە. چونکە کە پەرلەمان و دادگا و حکومەت و کۆمار هیچیان نەبوونە شوێنی لێکنزیک بوونەوە کارکردنی پێکەوەیی ئەم لایەنانە، دەبێت شتێکی تر هەبێت ماڵێکی تر هەبێت کۆیان کاتەوە، دەسەڵاتێکی هەبێت باڵاتر لە سەرووی ئەمانەوە. لە ئێستاشدا شوینی گونجاو بۆ ئەمە و ئەم کۆبوونەوە هەولێرە، کە ناوچەیەکی سەقامگیرەو بەشێک نییە لەو کێشە و ململانێیەی لە عێراقدا دروست بووەو، دەتوانێت رۆڵی نێوەندگیری و دروست کردنی سەکۆیەکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و لێک نزیک بوونەوە پێک بهێنیت کە ئەم بانگهێشت و دەستپێشخەریەشی کردووە چەند جار لەم ماوەدا. هەر هیچ نەبێت بۆ کۆبوونەوه‌یەکی میوانداریش بێت بۆ ئەوەی ئەو لایەنە ناتەبایانە رووبەڕووی یەک بنەوە هەنگاوێک دەبێت بۆ خاوبونەوە و رۆڵی تێکده‌ر و میدیا شێوێنەر و دەستی ئەم لاو لای بەرژوەندی پارێزراو لە تێکچوونی بارودۆخەکانی عێراقدا کەم دەکاتەوە. ئەوەی چاودێران  پێشبینی دەکەن و شیکاری بۆ دەکەن هیچ لایەنێک لەم گرژیە سوودمەند نابێت چەند بەدووری بمێنەوە کات دەڕوات زیانە مادی و مەعنەوەییەکان زۆرتر دەبێت ژینگەیەکی گونجاو بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و گرووپی توندڕەوی دروست دەکەین، دواجاریش هیچ شتێک چارەسەر ناکات دانیشتن و لێک نزیک بوونەوە دیالۆک نەبێت. چاوەڕێ نابێت لە کەس بکەن گۆچانی سیحری بە کەس نییە بۆ چارەسەر، عێراقییەکان خۆیان نەبێت دانیشن پێکەوە گفتوگۆی بکەن. چەند هەوڵی دەرەکیش هەبێت دەبێت دواجار سەرکردەکانی ئەم وڵاتە خۆیان بگەنە بڕیار هیچ کاتیش بریاری دووراودوور و هەر کەس لە ماڵی خۆی و بۆ لایەنگری خۆی ئاڵۆزی زیاتر نەکات کەمی ناکاتەوە. 

 

هەواڵی پەیوەندیدار