عێراق شکست لە دوای شکست

د.محمد خدر مولود
رۆژی دووشەممە 29ی ئابی 2022 سیستەمی حوکمداری بەغدا لە سایەی دەستەبژێرانی سیاسیی شیعەی عەرەبی عێراقی کە حوکمی ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە دەکەن، نەک هەر پێی نایە قۆناغێکی دیکەی سەربەرەو ژێر و غلۆربوونەوە و راپێچکردنی هەموو چەشنە گفتگۆی پێکهێنانی حکومەت، بەڵکو پەردە لەسەر سیناریۆی تەمەن 19 ساڵەی سیستەمی حوکمداری ئەو وڵاتە دادرایەوە و ئێستا لە چاوەڕوانی قۆناغێکی دیکەدا و بەشێکی دیکەی سیناریۆکە دایە.
تەمەنی 19 ساڵەی ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە، سەیر و سەمەرەیە، خاوەن دەستوورە هەر خۆشی وەک حوکمدار و دەسەڵات و بەرپرسانی بەغدای دەستەبژێرانی سیاسیی عەرەبی عێراقی گەورەترین پێشێڵکاری دەستوورەکەن و پشتگوێ خستن و وەلانانی ئەوەی پێی دەگوترێ دەستوور و پرینسیپەکانی پێکەوە ژیانی هاوبەشانە.
19 ساڵە ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە هەر کەس و لایەنێکی هاتبێتە سەر حوکم و دەسەڵاتی بەغدای گرتبێتە دەست یا مەحکومی ( ئەو) بووە یا سوخرەکێشی (ئەویتر).
19 ساڵە ئەو عێراقە وەک جاران هەر (بلدی نیفاق )ە، گۆرەپانی مڵمانێی ئەمریکا و ئێرانە، کەریدۆری تارانە بۆ گەیشتنە سووریا و لوبنانی حزب اللە.
کە ئاوڕ لە رابردووی نزیکی عێراق دەدەینەوە و رووداوەکانی (10) مانگ لە تەمەنی عێراقی دوای هەڵبژاردنی 10-10-2021 دێنینەوە بەرچاو، هەندێ فاکت هەن هۆکاری سەرەکین عێراقیان لە شکستێکەوە بەرەو شکستێکیتر بردوەو بەمڕۆیان گەیاندووە.
گرنگترینی ئەو فاکتەرانە پشتگوێ و پەراوێزخستنی بنەما سەرەکییەکانی دەستوورە بە تایبەتیش هەر سێ ئەو بنەما سەرەکییەی کە عێراقی تازەی دوای ساڵی 2003ی لەسەر بنیات نراوە ئەوانیش (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) ە.
ڕووخانی ئەو سێ گۆڵەگەی کۆمەڵگای عێراقی تازە و نەهاتنەدی ئەو سێ بنەما سەرەکیەکەی دەستوور بە دەست تێوەردان و هەژموونی دەرەکی، باوەڕ و متمانەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عێراقی بەیەکتری نەک هەر لاوازکرد، بەڵکو گومان و دڕدۆنگی، ترس و دڵەڕاوکێی زیاتری خستە نێوان پێکهاتەی شیعە و شیعە، کورد وعەرەب، شیعە و سوونەی عەرەبی، هەروا نێوان تورکمان و ئایین و ئاینزاکان.
بەغدای خاوەن دادگای فیدڕاڵی ژێر هەژموونی دەرەکی بێ و پرۆسەی دامەزراندنی حکومەتی تازە لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردندا پێ قبوڵ نەبێ و بە ئاین و ئۆینی یاسایی بەڕەنگی سیاسی ناحەزانی کورد بیەوێیت هەولێر لەمەنگەدا بدا، حاڵی لەمڕۆ لە 29-8-2022 خۆشتر نابێ و گڵۆڵەکەی بەغدای باغی دادی ئەم و ئەو خراپتر دەکەوێتە لێژی.
وا ئاوێنە گەورە تەلیسمدارە پیرۆزەکەی ( یەکێتی خاکی عێراق) بە جۆرێ شکا، هووردوو خاش بوو، کەس پێڕا ناگا پارچە شکاوەکانی کۆبکاتەوە و جارێکی دیکە پێکەوەیان بڵکێنێتەوە.
هەولێر 30-8-2022




