٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریان لە کۆڕبەندی ساڵانەی پارتە دیموکراتەکانی جیهان‎‎ كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئەڵمانیا-KDP.info- بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئەڵمانیا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداریان لە کۆڕبەندی پارتە دیموکراتەکانی جیھان کرد، بەڕێز ستیڤن ھارپەر سەرۆکی کۆڕبەندەکە سوپاسی گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی بە گشتی و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بەتایبەتی کرد بۆ ڕۆڵی مێژووی و دیاری لە خەباتی رزگاری و دیموکراسیدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی دڵشاد بارزانی و ھوشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریان لە کۆڕبەندی پارتە دیموکراتەکانی جیھان لە ئەڵمانیا کرد.

بەڕێز دڵشاد بارزانی نامەیەکی جەنابی سەرۆک بارزانی ڕادەستی ستیڤن ھارپەر سکرتێری رێکخراوی یەکێتی دیموکراتخوازانی نێودەوڵەتی کرد، کە تێیدا جەختی لەسەر ھەماھەنگی و کاری پێکەوەکارکردن کردووە بۆ بەدەستھێنانی دیموکراسی و بەقەرارکردنی سەقامگیری.

ھاوکات بەڕێز سیڤن ھارپەر سوپاسی گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی بە گشتی و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی مێژووی و دیاری لە خەباتی رزگاری و دیموکراسیدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لە وەڵامی نامەی جەنابی سەرۆکدا بەڕێز ھارپەر کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بوو ئێستاش کەسایەتیەکی کاریگەری نێودەوڵەتیە، کە ناوبراو دەڵێت، لە ٣٠ ساڵی رابردوودا پەیوەندیەکی بەھێز و چالاک لە نێوان پارتی پارێزگارانی کەنەدا و سەرجەم پارتە دیموکراتخوازەکانی جیھان لەگەڵ گەلی کوردستان و پارتیدا ھەبووە و ھەماھەنگی و ھاوکاری حکوومەتی ھەرێم بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر وە ئەوە پاڵپشتیەش بەردەوام دەبێت.

ھوشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاندنی راگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی بەشداربوونی ئەم جۆرە کۆڕبەندانە گەیاندنی پەیامی ئاشتیانەی گەلی کوردستانە لە ھەمانکاتدا ناساندن و داواکاری پشتگیریە بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، سیوەیلی راشیگەیاند، لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندامی ھیچ رێکخراوێکی جیھانی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی نیە، بەڵام پەیوەندییەکی باش و بەھێزی لەگەڵ تەواوی رێکخراوە جیھانیەکاندا ھەیە و بەشداری کارای لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیاندا ھەیە، ھەمیشەش دووپاتی سیاسەتی پارتی دەکاتەوە کە بریتییە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دیموکراسی و سەقامگیری و بەردەوامبوون لە گەشەسەندن بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی.

رێکخراوی یەکێتی دیموکراتخوازانی نێودەوڵەتی (-International Democrat Union-IDU ) رێکخراوێکی نێودەوڵەتیە کە ئەو پارتانە لە خۆدەگرێت کە ئامانجیان جێگیرکردنی دیموکراسیە لە جیھاندا، لەو پارتانەش پارتی کۆماریەکانی ئەمریکا، پارێزگارانی بەریتانیا و کەنەدا و پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا و دەیان پارتی سیاسیی کاریگەری گۆڕەپانی سیاسی جیھان و حوکمڕان لە وڵاتانی خۆیان.  

جێگای باسە لەو کۆڕبەندەدا چەندین پەناڵ ئامادەکرابوون بۆ گفتوگۆ لەسەر رەوشی دیموکراسی لە جیھان و ئەو مەترسیە و ھەڕەشانەی کە لەسەر سەقامگیری و ئاراستیە بە دیموکراسی بوونی جیھان دەکەن. فەلاح حەسەن جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی جیھان یەکێک بوو لە بەشداربوانی پانێڵەکان و باسی لە رەوشی ئێستای عێراقی و ھەرێمی کوردستان کرد.

ھەروەھا جێگری لاوانی سیاسی جیھان باسی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و شەڕی تیرۆر و خەباتی گەلی کوردستان کرد بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی بۆ خزمەتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە، ھاوکات شەڕی داعش و بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی دیموکراسی و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و سەقامگیری ئابووری و سیاسی جیھان ئەو بابەتانە بوون کە باسیان لێکرا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار