٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) پێشوازیی لە پەرلەمەنتارێکی پارتی سەوزی ئەڵمانیای فیدراڵ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ (بۆندستاگ) کە لە هەردوو پەرلەمانتار ماکس لۆکس و قاسم تاهر بە ڕەچەڵەک کوردی باشووری کوردستان سەر بە پارتی سەوز BÜNDNIS 90/DIE GRÜNEN پێک هاتبوو، چەند ڕۆژ لەمەوبەر وەک فراکسیۆنی پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی فیدراڵی بۆندستاگ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد.

پارتی سەوزی ئەڵمانیا لایەنێکی گرنگ و بەشدارن لە حوکمڕانیی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵدا لەگەڵ هەردوو پارتی سۆسیاڵ دیموکرات و پارتی دیموکراتی لیبراڵی ئەڵمانیادا،.

شاندەکە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستان یەکەم سەردانیان بۆ هەولێری پایتەخت ئەنجام دا و بە هاوکاریی کۆنسوڵگەریی گشتیی کۆماری ئەڵمانیا لە هەولێری پایتەخت چەندین دامەزراوەی هەرێمی کوردستانیان بەسەر کردەوە و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و چەند دامەزراوەیەکی تردا کۆ بوونەوە. پێش کۆتاییهاتنی سەردانی شاندەکەشیان پەرلەمانتار قاسم تاهر سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و میوانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بوو.

هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە دواهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لەم وڵاتەدا برەویان بە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان داوە و لە بەرلین و هەولێر پێشتر دیدار و کۆبوونەوەی هاوبەشیان ئەنجام داوە. پارتی دیموکراتی کوردستان هەروا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تری ئەڵمانیای فیدراڵ پەیوەندییەکی بەهێز و دۆستانەی هەیە. کۆمەڵگای کوردستانیانی ئەڵمانیا خاوەن پێگە و سەنگێکی بەهێزن لە ژینگەی سیاسی کۆماری ئەڵمانیادا و توانیویانە بە باشترین شێوە خۆیان بگونجێنن و چاڵاکی بنوێنن و ڕۆڵیان هەبێت لەنێو پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەدا و چەندین کورد توانییان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵی (بۆندستاگ) و پەرلەمانی هەرێمی لە ئەڵمانیا ببن بە کاندیدی پارتە سیاسییەکان کە چەندین کەس بوونەتە ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی و هەرێمی و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییەکان و پارتی سەوزی ئەڵمانیاش یەکێ لەو پارتە سیاسییانەی ئەڵمانیایە کە چەندین کەسایەتی چاڵاکوانی سیاسیی کورد لە ڕیزی ئەم پارتەدا ناسراون کە پەرلەمانتار قاسم تاهر، خەڵکی باشووری کوردستان، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی سەوز لە بۆندستاگ و، بێریڤان ئەیماس، خەڵکی باکووری کوردستان، وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی باکووری ڕاین و ژیان عومەر،  ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین و چەند کەسایەتیی تر ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن.

پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە دواهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە بوون بە خاوەنی ١١٤ کورسی لە پەرلەمانی فیدراڵی و دواتر لەگەڵ پارتی سۆسیاڵ دیموکرات و پارتی دیموکراتی لیبراڵی ئەڵمانیادا هاوپەیمانیی حوکمڕانیان پێکه ێنا و خاوەنی چەندین وەزیر و پۆستی گرنگن لە حکوومەتدا کە گرنگترنیان پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای فیدراڵە کە بەدەست سەوزەکانەوەیە.

شاندەکەیان بۆ ئاشنابوون بە دۆخی سیاسی و گەشەپێدانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەنجامدانی چەندین دیدار و کۆبوونەوە و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و ئاشنابوون بە پێشکەوتنەکانی هەرێم سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و خوازیارن وڵاتەکەیان جیا لە پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی، هەروا گرنگیی زیاتر بە گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و کولتووری و زانستی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بدەن.

لە دیدار لەگەڵ بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بە ئامادەبوونی بەرپرسی دێسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوە، وێڕای بەخێرهێنانی پەرلەمانتار قاسم تاهر هەروا میکانیزمی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سەوزی ئەڵمانیا تاوتوێ کرا و بە فراوانیش لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئاشتی و ئاساییش و پێشکەوتن و پێکەوەژیان و لێبووردەیی و هەروا هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری چاکسازی و ئاوەدانی و چەندین بواری تری بۆ کردن و پێشبینیەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هاوکاری و دیالۆگ و ئاشتەوایی لە هەرێمی کوردستان و شەڕ و مەترسییەکان و پەلاماردانی ناڕەوا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و موشەکبارانکردنی چەندین شوێنی هەرێم لەلایەن ئێرانییەکانەوە، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ژیان و گوزەرانی خەڵکی سڤی خستووەتە بەردەم مەترسییەوە.

لە لایەکی ترەوە، باسی سیاسەت و کولتووری پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە لایەنێکی گەشی پێشکەوتنەکانی هەرێم هەژمار دەکرێت. پێشهاتەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، ڕۆڵ و پێگە و بەشداری کورد لە ژینگەی سیاسی عێراق و پێشبینیەکان بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، پەیوەندییەکانی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە پەرسپەکتیڤی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە شێکردنەوەیان بۆ کرا. هەردوولا هاوڕا بوون بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نیوانیان و ئاڵوگۆڕی شاندی سیاسی و پەرلەمانی لە نێوان هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سەوزی ئەڵمانیا بەردەوام بن.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا سوپاس و ستاییشی هاوکاری و پشتگیریی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی و هاوکارییەکانی مرۆیی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ کرا بۆ هەرێمی کوردستان و داواش کرا هێزەکانی سەربازیی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە چوارچێوەی پشتگیری و هاوکاری هاوپەیمانی نیودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و لە ئایندەشدا وادەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ پشتگیری و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

هەر لە دیدارەکەدا پەرلەمانتار قاسم تاهر ڕایگەیاند: شاندەکەیان پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) ئاگادار دەکەنەوە لە پێشکەوتنەکانی سیاسی و دیموکراسی و پێکەوەژیان و مافەکانی مرۆڤ و لێبووردەیی لە کوردستان و هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەم دواییەی مۆشەکبارانکردنی هەولێری پایتەخت و دامەزراوەکانی هەرێم و بەردەوامیی شەڕ و مەترسییەکانی چەکدارانی پەکەکە و سنووربەزاندنی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان و ئەو و زیانانەی لە ئەنجامدا بەر خەڵکی سڤیلی ناوچەکانی سەر سنوورەکان کەوتوون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار