١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دادگای باڵای فیدراڵی لە دایک بوونێکی نادەستووری و لادان لە بنەماکانی دەستوور لە ژێر فشاری سیاسی

سەرچاوە: KDP.info

کۆسرەت میران بەگی*

دادگای باڵای  فیدڕالی عێراق بە  پشت بەستن  بە مادەی (٤٤) لە یاسای بەڕێوەبردنی کاتی دەولەتی عێراق لە سەردەمی بریمەر بە پێ ی  یاسای ژمارە (٣٠) لە ساڵی ٢٠٠٥  دامەزرا کە ئەوکات ئەیاد علاوی وەک سەرۆکی حکومەتی کاتی عێراق کە دەسەلاتی جێ بە جێ کردن و یاسادانانی هەبوو  ئەم یاسایەی دەرکرد، لە کاتێکدا دەبوایە لە دوای پەسەند کردنی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ بە پێ ی مادەی ٩٢ لە دەستووری عێراق یاسایەکی نوێ تایبەت بە دامەزراندنی دادگای باڵای فیدڕالی لە پەڕلەمان دەرچووبایە کە دەسەڵاتەکان و تایبەتمەندیەکانی دادگاکە لە مادەی ٩٣ ی دەستووری عێراق دیاری کراوە جیاواز لەم دەسەڵاتانەی کە لە یاسای ژمارە ٣٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ دادگاکە دانراوە،  بەڵام ئەمە ڕووینەدا و کارکردنی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەم یاسایەی سەرەوە بەردەوام بوو تا ٢٠٢١ پاشان بەهۆی لەکار کەوتنی نصاب کە یەکێک لە دادوەرەکانی دادگای فیدڕالی  کۆچی  دوای کرد و یەکێکی تریش خانەنیشین بوو لە کاتێکیش دانیشتنی دادگا پێویستی بە ئامادەبوونی  تەواوی ئەندامان هەبوو کە ژمارەیان ٩ دادوەر بوو، هەر بۆیە لەبەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن سەرۆکی کۆمار بە مەرسومی کۆماری لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق فایەق زێدان دوو ئەندامی خانەنشینی دادگای تەمیز لە شوێنیان دانا دواتر کە سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕالی بە پێ ی مادەی ٣ لە یاسای دادگای فیدڕاڵی تانەی ڵیدا ناچار هەردوو ئەندامەکە هەڵوەشایەوە و سەرۆک کۆمار ناچار داوای هەمواری یاساکەی کرد لە پەڕلەمان ئەمەش هەر بەردەوامی دان بوو بە پڕۆسەیەکی نادەستووری چونکە لەلایەک دەبوایە پڕۆژە یاسایەکی نوێ بۆ دادگای باڵای فیدڕالی بنێردرایەتە پەڕلەمان نەک ئەم یاسایە کۆنە هەموار بکرێتەوە کە بە پشت بەستن بە دەستووری نوێ ی عێراق دانەڕێژرا بوو. لە هەمان کات بە پێ ی ماددەی ٩٢ لە بڕگەی دووەم دەبوایە بە دەنگی دوو لەسەر سێ ی ئەندامان پەسند بکرایە کە چی بە زۆرینەی سادە یاساکە بەڕێکرا بە بیانوی ئەوەی هەمواری یاسایە نەک دەرچوونی یاسایەکی نوێ. لە لایەکی تر بەپێ ی دەستوور جگە لە دادوەر دەبێت شارەزای فقهی ئیسلامی و شارەزای یاسای  ببن بە ئەندام لە دادگای فیدڕاڵی کەچی ئەمەش پشتگوێ خرا.

ئەوکات نەدەبوایە کورد هیچ دادوەرێکی پێشنیار بکردایە بۆ ئەم دادگایە کاتێک دەنگیان نەدا بە هەمواری  بەشێک لە مادەکانی یاسای هەموارکراو بەتایبەت لە مادەی  پەیوەست بە میکانیزمی دەنگدان لە دادگا ئەوکات فشارەکانی کورد کاریگەر تر دەبوون و ڕەنگە بڕیاری دادگای فیدڕالیش دژ بە هەرێم ئەو ئیعتبار و مصداقیەتیان نەبوایە.

ئەم تێبینیانەی لەسەر کار و بڕیارەکانی ئەم دادگایە هەن:

1. هەندێک لە بڕیارەکانی دژی بڕیارەکانی پێشووی خۆیەتی 

2. هەندێک جار  دادگای فیدڕاڵی لە دەسەڵات و تایبەتمەندیەکانی خۆی لادەدات کە لە مادەی ٩٣ دەستووری عێراقی بۆی دیاری کراوە ئەمەش زۆر جار کێشەکانی عێراقی ئاڵۆزتر کردووە.

3. هەندێک لە بڕیارەکانی تەواو سیاسین یان لە ژێر فشاری سیاسی دەردەکات

4. هەندێک لە بڕیارەکانی پێچەوانەی دەستوورە و  دەچنە خانەی هەمواری دەستووری بەمەش لە تایبەتمەندی خۆی لایداوە کە سەرەکیترینیان لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوورە (تفسیر الدستور) نەک دەرکردنی دەقی دەستووری (تشریع النص الدستوری) و هەمواری دەستوور کە ئەمەش پێشێلکردنێکی زەقی دەستوورە،  لە کاتێکدا لە مادەی ١٤٢ و مادەی ١٢٦ میکانیزمی هەمواری دەستووری دیاری کردووە  کە لە مادەی ١٢٦ بڕگەی چوارەم کە دەڵێت ( لایجوز اجراء ای تعدیل على مواد الدستور من شأنه أن ینتقص من صلاحیات الاقالیم التی لاتكون داخلة ضمن الاختصاصات الحصریة للسلطات الاتحادیة الا بموافقة السلطة التشریعیة فی الاقلیم المعنی وموافقة اغلبیة سكانه باستفتاء عام . )کە هەرجۆرە بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی ببێتە هۆی هەمواری دەستوور دەبێتە مەترسی لە سەر گۆڕانی  سیستەمی سیاسی وڵات و ئاڵۆز تر کردنی کێشەکان. هەروەک چۆن بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی کوردستان کە پێچەوانەی مادەکانی (١١٠،١١١،١١٢،١١٤،١١٥،١٢١)ی دەستوورە کە لە مادەی ١١٠ بە هیچ جۆرێک باس ناکات کە  سیاسەت و بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم تەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵیە بەلکو بە پێ ی مادەی ١١٢  و ١١٥ نەک دەسەڵاتی هاوبەشی هەردوو حکومەتە بگرە بیرەکانی دوای ٢٠٠٥ تەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە چونکە ئەگەر هاوبەش بوایە لە مادەی ١١٤ ئاماژەی پێدەکرا  کەچی دادگا بێ ڕەزامەندی دادوەرانی کورد بڕیارێکی  نادەستووری و تەواو مەرکەزی دەرکرد لەسەر ئەم دۆسیە بێگومان ئەمە دەچێتە چوارچێوەی هەمواری دەستوور و کەم کردنەوەی دەسەلاتە کانی هەرێم بەبێ ڕێکاری هەمواری دەستووری کە بەرەو ناوەندی بردنەوەی دەسەڵاتەکان و بە پاشە کشەکردن لە دابەش کردنی دەسەلاتە فیدڕالیەکان دادەنرێت.

چۆن دەتوان ڕێگە لەسەر پێچیە دەستووریەکانی دادگا بگرین:

هەروەک دەزانین لە مادەی ٩٤ ی دەستوور دەلێت بڕیارەکانی دادگا یەکلاکەرەوە و کۆتاییە (قرارات المحكمة الاتحادیة العلیا باتة وملزمة للسلطات كافة) ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە لەسەر بنەمای دەستوور بڕیار بدات بەڵام لەکاتێکدا کە سەرپێچی دەستوور دەکات یان بڕیارەکان پاڵنەری سیاسیان هەیە بێگومان مادەی ٩٤ دەوەستێت لە هەمان کات بە بڕوای من دەکرێت بەم ڕێگایانە دەنگ بەرامبەر بڕیارەکانی ئەم دادگایە بەرز بکرێتەوە:-

1. بە پێ ی مادەی ١٣ لە بڕگەی دووەم کە دەلێت (لایجوز سن قانون یتعارض مع هذا الدستور، ویُعد باطلاً  ای نص قــانونی آخــر یتعارض معه .) واتە هەر یاسایەک یان دەقێکی یاسایی یان بڕیارێکی دژ بە دەستوور  پوچەلە(باطل)ە بۆیە دەتوانین بلێین ئەم بڕیارانەی پێچەوانەی دەستوورن  لە ڕووی دەستووریەوە تەندروست نین و پوچوڵن دیار ترینیان بڕیاری دژ بە یاسای نەوت و غازی کوردستانە.

2. لە مادەی ٦٧ تایبەت بە بەرپرسیاریەتی سەرۆک کۆمار دەلێت (یسهر على ضمان الالتزام بالدستور) واتە سوورە لەسەر گەرەنتی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە بنەماکانی دەستوور لە نێویشیاندا دادگای بالای فیدڕالی کاتێک هەر لایەنێک پابەند نابێت بە دەستوور یان ماددەیەکی دەستووری جێ بە جێ ناکرێت یان بڕیار و یاسایەکی دژ بە دەستوور دەردەکات پێویستە سەرۆکایەتی کۆمار بە پێ ی مادەی سەرەوە بە ڕۆڵی خۆی هەڵبسێت و بەرگری لە دەستوور بکات چونکە سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستوورە لە وڵات بەتایبەت کە سەرۆک کۆمار کوردە و نوێنەرایەتی گەڵی کورد دەکات جا لەهەر حیزبێک بێت  زۆر پێویستە ئەم دەسەڵاتەی خۆی بەکار بێنێت بۆ ڤیتۆ کردنی  بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دژ بە یاسا و دۆسیەی نەوت و غازی کوردستان یان هەر بڕیارێکی تری لەم جۆرە چونکە ئەو لەسەر پشکی گەڵی کورد لەم پۆستەیە پێش ئەوەی وەک نوێنەری هەر حزبێک لەم شوێنە بێت.

3. دەکرێت فشاری سیاسی  و هەمەجۆر بخرێتە سەر دادگا  تا خودی خۆی  یان بە پێشکەشکردنی داوا بە بڕیارەکانی  خۆیدا بچێتەوە  یان هەمواری بکاتەوە یان هەڵیبوەشێنتەوە، ئەمەش ڕوویداوە لە چەندین کەیس دیارترینیان دەست نیشانکردنی کوتلەی گەورەی پەڕلەمانی بوو کە دوو بڕیاری دژ بەیەکی دا.

4. گرنگە داوای پێچەوانە لەم دادگایە تۆمار بکرێت لە ڕێگای کەسانی شارەزا. بۆ ئەمەش دەكرێت حکومەتی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی بەرگری لە خۆی بکات بێگومان لە بڕیاری دادگا دژ بە یاسای نەوت و غازی هەرێم خەمساردیەک هەبوو لەلایەن هەرێم کە لانی کەم دەیتوانی داوای (استئخار) تۆمار بکات لانی کەم بۆ دوا خستنی کەیسەکە.

5. دەکرێت داوای یاسایەکی نوێ بە پێ ی دەستوور و مادەکانی (٩٢،٩٣،٩٤)  بۆ دادگای فیدڕاڵی بکرێت یان داوای هەمواری یاساکە بکرێت  هەروەک لە مادەی ٩٢ لە بڕگەی دووەم لەبارەی دادگاکە دەڵێت (، یحدد عددهم وتنظم طریقة اختیارهم وعمل المحكمة بقانون یسن باغلبیة ثلثی اعضاء مجلس النواب .) بەمەش کورد دەتوانی لە میکانیزمی دەنگدانی دادگاکە داوای ٩/٨ دەنگی ئەندامان بکات یان داوای زیاد کردنی ئەندامێکی تر دادگا بۆ خۆی بکات تا بگات بە ٣/٢ لە پرسەکانی تایبەت بە هەرێم  یان مافی ڤیتۆ بدەن بەم دوو ئەندامەی کورد لە پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان

6. زۆر گرنگە  کاتێک داوای یاسایەکی نوێ بۆ دادگاکە دەکرێت مافی تانە لێدان( طعن) لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بدرێت لە خوودی دادگای فیدڕاڵی بدرێت ئینجا بڕیارەکان (ملزم و بات ) بن کە ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ دەستوور.

7. هەوڵبدرێت ڕێگە لە دووفاقی بڕیارەکانی دادگا و جێ بە جێ کردنی بەشێک لە بڕیارەکان و پشتگوێ خستنی هندێکی تریان بگیرێت نموونە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە جێ بە جێکردنی مادەی ١٤٠ لە ساڵی ٢٠١٩ کە تائێستا کاری لەسەر نەکراوە و لە پرسی نەوت و غازیش هەموو جۆرە فشارێک دەکەن بۆ جێ بە جێ کردنی.

 

*مامۆستای زانکۆ- پسپۆڕی یاسایی

 

هەواڵی پەیوەندیدار