قەیرانی عیراق

دژوار فایق
بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەی لە عیراق هاتە کایەوە دوای فەشەلی سیاسی و ئیداری و پەیدابوونی گەندەلی و دزی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەکو ئاو وکارەبا و رێگاوبان و پێداویستی پزیشکی و نەبوونی ئازادییەکان و ئەمن و ئاسایش، هاووڵاتیانی عیراقی لە ناوەراست و خوارووی عیراق لە مانگی تشرین راپەرین، داوای هەلبژاردنی پێشوەختەیان دەکرد وەکو چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی عیراق بۆ گۆڕینی نەخشەی پەرلەمانی عیراقی و رێگەگرتن لە تەزویر و گەیشتنی خەڵکی بێ لایەن و ئەکادیمی نیشتیمانپەروەر بۆ پەرلەمانی عیراق لە پێناو گۆڕینی تەرازوی هێز لە بەرژەوەندی چین و توێژی هەموو پێکهاتەکانی عیراق .
ئەوەبوو لەژێر فشاری شەقامی عیراقی هەلبژاردنی پێشوەختە کرا بەڵام تا ئێستا نەتوانرا حکومەتێکی نیشتیمانی پێکبێت و کوتایی بە مەینەتیەکانی عیراق بێت، تا ئێستاش دیار نییە ئایا ئەو حکومەتە کەی پێکدێت، بەڕای من هۆیەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ:
1- دەستێوەردانی دەرەکی
2-سووربوونی هەندێ سەرکردەی سیاسی لەسەر وەرگرتنی پلە و پۆست
3-سیاسییە باڵادەستەکان لە بەغدا دەیانەوێت پێگەی خۆیان لە حکومەت بپارێزن بە هەر شێوەیەک بێت بەژداربن لە حکومەتی نوێ لە پێناو ئەوەی بەرژەوەندی خۆیان و دوست و لایەنگرانیان بپارێزن
4-بوونی دزی و گەندەلییەکی زۆر و بەکارهێنانی پلەوپۆست بۆ بەرژەوەندی شەخسی و گیرفان پرکردن وای کردووە کەس بیر لە بەرنامەی داهاتووی حکومەت نەکاتەوە کەس رازی نەبێت ببێت بە ئۆپۆزسیۆن. ئەمە بەڕای من هۆی سەرەکی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتە. بۆیە پێشبینی دەکرێت خۆپیشاندانەکان لە عیراق بەردەوام بن، توند و تیژی لێبکەوێتەوە، خۆپیشاندەران بچنە سەر پەرلەمان و دام و دەزگاکانی حکومەت و پەکیان بخەن، دوور نییە توندوتیژی لێبکەوێتەوە ببێتە شەری ناوخو، و ئەگەری زۆر هەیە پەرلەمان پەکبخرێت و هەلبژاردن دووبارە بکرێتەوە، ئەمەش خواستی لایەنە دۆڕاوەکانە و بە دڵی هەندێ لایەنە دەرەکییە.
لە راستیدا لە سیستەمی دیموکراتی لە جیهان بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەلبژاردن دەکرێت، حزبی یەکەم یان کوتلەی یەکەم کە زۆرینەی دەنگەکان دێنن لە هەلبژاردن لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی نوێ دا ڕادەسپێردرێت بو پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان، سەرۆک وەزیران بەرنامەی حکومەتەکەی خۆی دادەرێژێت، دانوستان لەگەل لایەنەکانی بەژداربووی پەرلەمان دەکات بۆ گەنگەشەکردن لەسەر بەرنامە حکومییەکە و پۆستی وەزیرەکان، هەندێک لەو لایەنانە بە سەروک وەزیران و بەرنامەکە رازی دەبن و بەژداری دەکەن لە حکومەت، هەندێ لەو لایەنانە بە سەرۆک وەزیران و بەرنامە حکومییەکە رازی نابن دەبنە ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی بە شێوازێکی بابەتییانە رەخنە لە حکومەت دەگرن و چاودێری دەکەن. ئەگەر حزبی یەکەم و سەرۆک وەزیرانی پێشنیارکراو نەتوانن لە ماوەی مانگێکدا حکومەت پێکبێنن ئەوا لە نێو پەرلەمان براوەی دووەم رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. حکومەت لە ماوەی دەستوری و یاسایی پێکدێت و هەنگاو بە هەنگاو بەرنامەی خۆی جێبەجێ دەکات.
ئەوەی لە عیراق دەگوزەرێت پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە و پێچەوانەی خواستی پێکهاتەکانی عیراقە و پێچەوانەی خۆپیشاندەرانی تشرینە و پێچەوانەی دەستور و یاسا و رێسایە، گەمەیەکی سیاسییە بە روحییەتی حزبایاتی تەسک و تایفیی و بەرژەوەندی شەخسی بە سپونسەری دەستێوەردانی دەرەکی.




