١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە هەڵبژاردن تۆقیون

سەرچاوە: KDP.info

هاودەنگ فاروق

ئەوانەی لە هەڵبژاردن تۆقیون، دەزانن هەر چەند مانگێكی ماوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسە یاسایی و سیاسییە، كەچی لەبری ئەوەی بە خۆیاندا بچنەوە، زیاتر دەستیان خستۆتە بینەقاقای هاووڵاتییان. لەباتی ئەوەی كارئاسانی بكەن و ژیان ئاسایی بكەنەوە، بە پێچەوانەوە، دەبینین سزای دەنگدەرانی زۆنەكەیان دەدەن و پارەی بانك دەبەن و، خانەنشینانی شارەكە، بە دەردێك دەبەن كە جارێكی دی بیر لەوە نەكەنەوە دەنگیان پێ بدەن.

هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە هاونیشتمانیان دەسەڵاتی ئایندەی خۆیان دیاری بکەن، بەو ئامرازەیش، دیسان نیشتمان ڕێک بخەنەوە و چارەسەرێک بۆ قەیران و کەموکووڕییەکان بدۆزنەوە.

هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە تا هاووڵاتیان، حزب یان چەند حزبێک هەڵبژێرنەوە بۆ حوکمڕانییەكی باشی لەمەولایان؛ بیانكەنە نوێنەری خۆیان و بەو شێوەیە لە بەڕێوەبەرایەتی و هەڵسووڕاندنی كاروباری وڵاتدا بەشدار بن.

لە ڕوانگەی پارتییەوە، هەڵبژاردن بنەما سروشتییەکەی دیموکراسییە و دەبێ گەلی كوردستان ئەو نەریتە ببپارێزێ و باشتر گەشەی پێ بدات نەك حزبەکان بیمرێنن.

متمانەدان بە حیزبە سیاسییەکان یان متمانەوەرگرتنەوە لێیان، ئەركی خەڵكە، ئەمە ئەو ئەرکە گرینگەیە کە تەنیا هاووڵاتیانی دەنگدەر ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن و بڕیاری لەسەر دەدەن، بۆیە دۆڕاو و سەرکەوتوو، ئاکامی هەر هەڵبژاردنێکە و دەبێ وا بێت!

بۆ حزبە دۆڕاوەکانیش، بەخۆداچوونەوە باشتر دادیان دەدات، لەوەی پاساوی ناژیرانە و نالۆژیکی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بهێننەوە، ئاخر ئەوەی پەرێزی خاوێن و كارنامەی خزمەتكردنی ڕوون و مرۆییانە و نیشتمانی بێت و، دەستی لە ناو ئیشدا بێت، نابێ لە هەڵبژاردن بترسێت، خۆ ئەوانەشی نەیانتوانیوە و ناتوانن لە خزمەتی گەل و نیشتماندا بن، باشتر وایە یان بكشێنەوە یان بەرنامە و پرۆگرامی خزمەتی گەل و نیشتمان بكەنە بنەمای كردار و سیاسەتەكانیان و ئەوكات سەربەرزانە و بەبێ دڕدۆنگی بەشداری هەڵبژاردنەكان بن. دواجار ئەوەی دەیباتەوە، تەنیا ئەو لایەنانەن كە هەموو جووڵەیەكیان لە پێناوی خزمەتكردنی گەل و نیشتماندایە، نەك ئەوانەی لە كەڕەنا و شەیپووری دووبەرەكی دەتووڕێنن.. 

ئەو حزبانەی تۆقیون لە هەڵبژاردن و مەرگی خۆیانی تێدا دەبیننەوە، هەقە لێیان بپرسین كێ دەستی گرتوونە كە پارەی بانكەكان بهێننەوە و، بە شێوەیەكی شارستانی خزمەتی دەڤەرەكەیان بكەن؟ ئەوە باشتر نییە لە كێشەنانەوە بۆ هەڵبژاردن و ترسان لەو پرۆسەیە؟

 

هەواڵی پەیوەندیدار