وەڵامێك بۆ چەواشەكارییە تازەكەی پەكەكە

ماوەی چەند ڕۆژە میدیاكانی سەر بە پەكەكە ڕاپۆرتێكی بێبنەمایان لە بارەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و ناسەقامگیری و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی بڵاو كردووەتەوە. بە فالگرتنەوە و خوێندنەوە و پێشبینی بێ بنەما (كە جێگەی سەرسوڕمانە) باسیان لەوە كردووە كە لە پازدەی نیسانی داهاتوودا لە چوارچێوەی پلانێكدا پەلاماری چەكدارانی پەكەكە دەدرێت.
لێرەدا ڕایدەگەیێنین كە سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و ڕاپۆرتانە ناڕاستن و بە عەقڵێكی ڕقاوی و ناڕاستگۆ نووسراون. پێیان دەڵێین كە پازدەی نیسانیش زۆری نەماوە و چاوەڕێ دەبین. ئەو كات درۆ و ناڕاستگۆیی و ئاژاوەگێڕیی ئێوە بۆ خەڵكی كوردستانیش ڕوون دەبێتەوە و، دووبارە ڕووی ڕاستەقینەتان بۆ گەل بەدیار دەكەوێ.
سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرانبەر سەرجەم پرسەكاندا زۆر ڕوون و ئاشكرایە و، پیلانگێڕی و ئاژاوە لە ئێوە و هاوشێوەكانتان دەوەشێتەوە نەك لە خەڵكی تر.




