١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پارتی و سەرکردایەتییەکەی... لەتای تەرازوودا

سەرچاوە: KDP.info

خلیل الزبیدی

ھەر کە باسی ناو و مێژووی پارتە سیاسییە دێرینەکانی عێراق ھات کە خەباتیان کردووە لە پێناو بەدیھێنانی ئامانجەکان و ئاوات و داواکارییەکانیان، ئەوە خۆت بە ناچار دەبینی و بێ دوو دڵی باس لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەیت، کە یەکێکە لە دیارترین ئەو پارتانەی کە زۆرترین سەرکەوتنی بە دەست ھێناوە لە بەدیھێنانی بەشێکی گرینگی ئامانجە ھەوڵ بۆدراوەکانی، ئەم سەرکەوتنانەش زادەی چەندین دەیەیە لە ساڵی (١٩٤٦)ەوە لەو خەباتەی کە ئەم حیزبە ئەوەی لە توانا و لەبەر دەستیدابوو لە لایەنی ماددی و مرۆیی بکاتە قوربانی بۆ دۆزی کورد.‌

بۆیە ئەم پارتە نزیکترین و خۆشەویسترین بوو لە دڵی میللەتی کورد، چونکە وابەستەی غەمو پەژارەو ئاوات و ئامانجەکانیانە بۆ ئازادی و دیموکراسی و سەقامگیری و مافی چارەی خۆنووسین.

بارزانی گەورەی کۆچکردوو خەباتێکی بێ وێنەی کرد لەو پێناوەدا سەرەڕای ئەو ھەموو تەحەدداو گرفتانەی کە بەدرێژایی چەندین دەیە تووشیان دەھات و دەھاتنە بەردەمی وەکو دوورخستنەوەو ئاوارەبوون و چەندین جار ھەوڵی تیرۆرکردنی، بەڵام ئەو بە گەورەیی عەقڵ و کارامەیی و ئەزموون و شارەزایی بێ وێنەیی خۆی، توانی ئازار و مەینەتییەکانی گەلەکەی لە کۆڵ بکات و کێشەی کورد بکاتە کێشەیەکی ڕای گشتی نێودەوڵەتی، لە سەردەمانێکدا کە ھۆکارەکانی ڕاگەیاندن بەم شێوەیەی ئێستا بەردەست نەبوون وەکو ئەم سەردەمە، ئەو ھۆکارانە وایانکرد کە ئەم پیاوە بەڕاستی ببێتە سەرکردەو سەرقافڵەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی، بەڵکو ببێتە ڕێبەری روحی بۆ ھەموو ئەو ئازادیخوازانەو ئەوانەی بە دوای ئازادی دەگەڕێن بۆ گەلی کورد. 

ھەر وەکو چۆن بارزانی گەورە ئەو ڕێگا سەخت و دژوارانەی گرتە بەر و خۆی تووشی ئەو ھەموو نەھامەتییەکرد، قەدەری بەڕێز مسعود بارزانیش ئەوە بوو کە لەسەر ھەمان رێباز بڕوات کە باوکی رەحمەتی لە سەری دەرۆیشت بەڵکو دژوارتریش.

تووشی قەبارەو لافاوێکی زۆری ناخۆشی و نەھامەتی ناوخۆیی و دەرەکی بوویەوە چونکە نەخشەی ناوچەکە گۆڕا لە گەڵ سەرھەڵدانی شۆڕشی رێباز سیۆکراتی ئێران و بەغدا خەریکی شەڕێکی سەخت و دژوار بوو لەگەڵ رژێمی نوێی تاران و ھاوسەنگی بەرژەوەندییەکانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە گۆڕا، کە پێویستە لە سەر ھەر سەرکردەیەکی سیاسی و مەیدانی ئەو کاتی دەکرد حالەتی وریایی و چاودێری پەیڕەو بکات تا وەکو تەمو مژەکە دەڕەوێتەوەو بەرچاو ڕوون دەبێت لە ناوچەکە. بەڵام سەرکردەی نوێی پارتی بەھەمان ئەو عەقلییەتە لەسەر خۆیە و فیکرە پڕجۆشدراوە بە ئاوات و ھیوای بەدیھێنانی ئاواتی گەلی کورد کە لە باوکی و مامۆستای یەکەمی بارزانی گەورە بۆی مابوویەوە، ئەم کەش و ھەوایەی قۆستەوەو ڕووی لە حیزبەکەی کرد و دەستی کرد بە فراوانکردنی چالاکییەکان و قاعیدەی حیزب و بڵاوەپێکردنی زیاتر، سەرەڕای کاری بەردەوام و بێ وچان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان بەشێوەیەکی بەرچاو، بۆیە لەم قۆناغەدا بزووتنەوەی کوردی بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی کە سەرکردایەتی نوێی پارتی توانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە سنوور و سنوورە ئاوییەکانیشی بەزاند. بەم کردارەش پارتی و سەرکردایەتییەکەی ناوبانگ و متمانەیەکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکی باش و بەرچاو و زیاتری لە پارتە عێراقییە بەرھەڵستکارەکان بەدەستھێناو ئەم رۆڵە بەرچاو و دیارە تا ھەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام بوو، لەگەڵ ئەو ھەموو رووداو و پێشھاتەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی بەڕێز مەسعود بارزانی توانی بە کارامەیی و لێھاتوویی و دووربینی و ویست و ھێمنی خۆی کە پێی ناسراوە، ھەمووی بە کەمترین زەرەر و زیان تێپەڕێنێ و بە ئەنجامێکی وا لێی دەرچێ کە لە داھاتوویەکی نزیک بۆ کوردستان و عێراق و گەلی کوردستان، ئەمەش بە راستی روویدا، بە کارامەیی و لێھاتوویی خۆی و شارەزایی لە ئیدارەدانی کارەکان لە کوردستان دەبینین و ھەموو چاودێر و لێکۆلەرەکانیش ئاست و قوڵایی ئەو دەستکەوتانەی کە سەرکردایەتی کوردی بەدەستیان ھێناوە دەبینن کە کوردستان ئەمڕۆ بۆتە نموونەیەکی سەردەمیانە لە بیناسازی و ئاوەدانی، بۆیە بەئینسافەوە دەڵێین کە کاکە مەسعود نەک ھەر تەنھا بۆتە سومبولێک لە سومبولەکانی خەباتی گەلی کورد، بەڵکو بۆتە ھێما و سومبولێکی عێراقی گوزارشت لە خەون و ئاوات و خواستەکانی ھەموو ئازادیخواز و ئەو کەسانەی خەون بە عێراقێکی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو دەبینن کە چەند نەھامەتی و بێدارییان بینی لە ھەرەس ھێنان و خراپی ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراق لەلایەن پارتە عێراقییەکانی دیکەوە، کە نزیکەی بیست ساڵە لە بەغدا فەرمانڕەوایی دەکەن و لەو ھەموو ماوەیەدا ھاووڵاتی عێراقی تەنھا نەھامەتی و نائومێدی بۆ ماوەتەوە، بۆیە مافی عێراقییەکانە شانازی بە ئەزموونی کوردستانەوە بکەن، ھەروەھا مافی خۆیانە شانازی بە سەرکردەیەکی کارامەی عێراقی  مەسعود بارزانییەوە بکەن.    

سەرەڕای ئەو ھەموو جەنجاڵییە و کێشمەکێشمە سیاسی و تەحەددایانەی کە رووبەروویان بۆتەوە، سەرکردایەتی کوردی رۆڵی چینی گەنجانی فەرامۆش نەکردووەو لە بیر خۆی نەبردۆتەوە، ھەروەکو دەبینین کە چەندین لە گەنجان تواناکانیان خستۆتە نێو سیاسەت و مەیدانی لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و، بەڕێز مەسرور بارزانی وەکو یەکێک لە دیارترین ئەو گەنجانە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەدەرکەوتووە، ئەمەش دووربینی و قوڵایی نەھجێکی راست و دروست دەسەڵمێنێ کە پارتی پەیڕەوی کردووە لە چەسپاندنی چەمکی سەرکردە گەنجەکان و پێویستی نوێکردنەوەی خوێنی حیزب و دواتریش دەستنیشانکردنی ئاوات و خەونەکانی گەنجان کە کۆمەڵگای ئاوەدانین لە ھەر کۆمەڵگایەک، بە باشترین شێوە بە مەبەستی بونیادنانی پاشەرۆژێکی گەشتر، بۆیە دەڵێین پیرۆزە لە براکانمان لە سەرتاسەری کوردستان بۆ ئەم جۆرە پیاوە گەنجە بەتوانایانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددا سەختەکان و گشت مەترسییەکان بە مەبەستی بەردەوامیدان بە کاروانی بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەی کە سەرکردایەتی حیزب دەستنیشانی کردووە، بۆیە دەبینین بەڵکو بڕوامان وایە کە باشترین و لێھاتووترین کەس کە ئەو پەیامەی ھەڵگرتووە و بە ئەمانەتەوە بەجێی دەگەیەنێ بۆ گەیاندنی کوردستان بە کەناری ئارامی و پێشکەوتن و گەشەکردن، ئەو گەنجە لێھاتوو و کارامەیەن و لە پێشیشیانەوە کاکە مەسرور بارزانی.

لە کۆتاییدا دەڵێم ئەوەی باسمانکرد (تملق) و بە بەژن و باڵا ھەڵگوتن نییە بۆ ئەو جۆرە پیاوانە، بەڵکو ئەوە چەند وشەیەک بوو خستمە نێو تەرازووی حەقەوەو بۆ مێژوو باسم کردوون کە لەم سەردەمەداو بەھۆی تەکنەلۆژیاوە ھەموو وردەکارییەکان تۆماردەکات دەیانپارێزێت، چونکە ھەر جارێ سەردانی ھەولێرم کردبێت شتێکی تازەم بەرچاو کەوتووە و ئاوەدانکاری تازەم بینیوە، بەڵام لە بەغدا ھەموو رۆژێک ئابڕوو چوونێکە، گەندەڵیەکی نوێیە، پرۆژەیەکی خەیاڵی نوێی و نائومێدیەکی بێسنوورە.

 

وەرگێڕان: یاسین سێكانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار