بۆ تاران.. دوای مووشەك بارانی هەولێر.. عند جوهینە الخبر الیقین

د.محمد خدر مولود
ئێران و دۆست و هاوڕێ و هاوکوفانی چ لە عێراقدابێ یا لە کوردستاندا شاد و بەختەوەرن کە تاران لەو دیوی سنوورەوە بە دووری 300 کیلۆمەترەوە بە مووشەکی بالیستی هەولێری مووشەکباران کردووە لە خۆشیاندا کەوتوونەتە هەلەکە سەما.
با ئەوان، کەیفساز و بەختەوەربن. خۆشی و بەختەوەرییان کە خۆش بەختەوەرییە بۆ دنەدان و رازی کردن، دەچێتە خانەی دوژمنایەتی کردنی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری، سەرباری کۆیلەیی و پاشکۆبوون.
لە کاتێکدا هەموو لایەن و کەسانی نیشتمانپەروەری خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیان تێکدانی ئارامی و سەقامگیری هەولێر، واتە خۆ بەدەستەوەدانی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و پاشکۆیی و زاڵبوونی هەژموون و فشاری دەرەکی و بە قەڵەمڕەوبوون و کەوتنە ژێر رکێفی هیلالی ئێرانی.
لە واری واقیعدا گەر تاران ئەو مووشەکبارانەی بەم پاساوەوە بێ گوایە لە هەولێر بنکەیەکی جمووجۆڵی ئیسرائیلی مەترسیداری تێدایە، بۆ ئەوان جێی مەترسییە!!!، دیارە ئەو پاساوە سەرباری بێ بنەمایی، بیانووە و چاوبەستە و فریودان و بەڕوودامانێکی دیکەیە لە شەرمەزاریان، ڕەواجی ئەودیوی سنووری پێ دەکەن.
ئێرانییەکان بەر لە هەموو کەس باشتر دەزانن بۆچی مووشەکبارانی هەولێر دەکەن. ئەوان وێنە گشتییەکەی پێگەی سیاسی و ئابووری بە نەوت و گازی سروشتی هەولێر و کوردستانیان لە ناوچەکە و عێراقدا لە بەرچاوە کە هەولێر خاوەن ئەجندای خۆیەتی، کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو ئێستای هاوکێشەی سیاسیی عێراق دا خاوەن پێگەی سەنگینی نیشتیمانی و ئیرادەی نەتەوەییە بۆ یارییە سیاسییەکانی دامەزراندنی حکوومەتی تازەی عێراق، گەر برسیش بکرێ و بڕیاری نادەستووری دادگای فیدڕاڵیشی بۆ دەرچێ نەدەچەمێتەوە، نە دەچێتە ژێر فشاری ئەم و ئەو.
ئەی بۆ تاران هەموو جارێ سیاسەتی مووشەکبارانکردنی هەولێر پیادە دەکا..؟ ئایا هەر لە بەر بوونی ئەو درۆ زل و زەبەلاحەیە کە بانگەشەی بۆ دەکەن ..؟ یا (عند جوهینە الخبر الیقین)..؟
هەولێر، وەک جوهەینە، زۆر باش دەزانێ (کەری تاران لە کوێ و تا کوێ کەوتۆتە نێو قوڕێ، یا كەری تاران لە كوێ كەوتووە وكوندەی لە كوێ دڕاوە).
ئەوە بێ هەڵوێستی بەریتانییەکان و تووک نەرمی ئەمریکییەکانە، ئەوانن لە بەرامبەر تاران شەرمن و لەرزۆکن. ئەوە ئەمریکییەکان و کۆمەڵگای نیودەوڵەتییە لەسەر چەندین پرسدا لە گەڵ ئێران لە ململانێ و گرفت و کێشەدان. کێشەی ئێران لە گەڵ زڵهێزاندایە، نەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەولێر.
لەو هاوکێشە نێو دەوڵەتییە دوو فاقییە دوو جەمسەرییەی ئێستادا، ئەوە تارانە هەل و دەرفەتی هێرشی ڕووسیای بۆ سەر ئوکراینای دەقۆستەوەو پووتین ئاسا بەرامبەر هەولێر و هەرێمی کوردستان هەڵسووکەوت دەکا.
حەق وایە تاران چاو لە پووتین نەکاتەوە و خۆی لێ نەبێتە شینە شاهۆ. چونکە هێشتا لێکەوتە و دەرهاویشەتەکانی ئەوێ دەرنەکەوتوون و گەر ئێستا مۆسکۆ تا ئەژنوی ڕوو چووبێتە نێو زۆنگاوەکەی کییف، هێشتا ئەو سەری تونێلەکە دیار نییە.
لە چیرۆک و سەربردەی کوردەواریدا وا هاتووە :
شینە شاهۆ کە بەیانیان لە خەو هەڵدەستێ، بە لە خۆبایی بوونەوە بای باڵی خۆی دەداو دەڵێ: ڕاوی مێران خواردنی ڕانە مەڕ و کارمامزە، کات دێ و دەڕوا نە ڕانە مەڕ، نە ئاسک نابن بە نێچیری، ڕوو لە دەم ئاو و زۆنگاوان دەکا دەڵێ: بۆق خواردنیش پیشەی مێرانە ..!!!
تاران .. بەغدا گوێتان لێیە .. هەولێر، ئاسکە پیرۆزەکەی نێو دۆڵ و نشێو و چیای سەرکەش و تاشە بەردە زەبەلاحەکانی کوردستانی گەرمیان و کوێستانە. هەولێر نە ڕاو دەکرێ، نە کێو ماڵ، کارمامزێکی سرکە.
هەولێر، ئەو کەلە پووشەیە پشتی حوشترەکەی بەغدای دادگای بەناو فیدڕاڵی و تارانی مووشەک وەشێن دەشکێنێ..
هەولێر، هۆلاکۆی دوێنێی بەزاند، هۆلاکۆی سەردەمیش دەبەزێنێ.
هەولێر، کوردستانە، نیشتیمانی سەرفرازی قارەمانان و بەرخودانە، بارزانی رابەر و سەرۆک، فریادڕەسیەتی.




