٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

بەریتانیا دووپاتی مانەوەی ھێزی وڵاتەکەی وەک بەشێک لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامبوونی ھەماھەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرد.

ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز دەیڤید ھەنت، کۆنسوڵی گشتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، باسی لە ڕۆڵ و ھێزی مێژووی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا بەرز نرخاند و سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەو وڵاتەی کرد بۆ وەستانیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان لەکاتی پێویستدا و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان دووپات کردەوە، ھەروەھا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی جەختی لە ھاوکاری و ھەماھەنگی کردەوە بە ئامانجی خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی ھاوبەشی ھەردوو وڵات و میللەت. 

لای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسی ھاوکاری و ھەماھەنگیان کردوو، جەختیان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە تەواوی بوارەکاندا کردەوە، بەڕێز دەیڤید ھەنت دووپاتی بەردەوامبوونی ھەماھەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرد، کۆنسوڵی گشتی و  بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی باسیان لە دوایین پێشھات و گۆڕانکاریەکانی ھەرێم و ناوچەکە کرد، بەتایبەتی پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەش و شەڕی تیرۆر و بەرەوپێشچوونی بواری ئابووری و ئەکادیمی و بەھێزکردنیان و پەیوەندیەکانیش بە ئامانجی خزمەتی زیاتر بە ھاووڵاتیانمان بێت.

ھاوکات پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی فیدڕاڵ بەشێکی دیکەی گفتووگۆکان بوون، سیوەلی ڕایشیگەیاند، حکوومەتی داھاتوو پێویستە لەسەر بنەمایی دیموکراسی و داخوازی ھاووڵاتیان بێت کە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو بە گوێی تەواوی لایەنەکانیاندا، ھەروەھا عێراق زۆر لە سیستەمەکانی حوکمڕانی تاقیکردۆتەوە و تێیدا سەرکەوتوو نەبوە و جگە لە نەھامەتی و ناسەقامگیری ھیچی دیکەی لێ بەرھەم نەھاتووە، بۆیە پێویستە تەواوی لایەنەکان ڕێز لە خواستی و دەنگی گەلانی عێراق بگرن، کۆنسوڵی گشتی شانشینی یەکگرتوو دووپاتی ھاوکاری عێراق و ھەرێمی کردەوە لە بواری سەربازیدا، ھەروەھا دووپاتی مانەوەی ھێزی وڵاتەکەی وەک بەشێک لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردەوە، ھاوکات پەیوەندی و ڕەوشی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو، کە ھەردوولا جەختیان لە زەرووریەتی یەک دەنگی و پێکەوەبوون کرد بۆ تێپەڕاندنی قەیران و خزمەتکرنی خەڵکی کوردستان.

ھۆشیار سیوەیلی جەختیشت کردەوە، پارتی بۆ بەرقەرار بوونی ئاشتی و ئارامی و بەردەوامبوونی پەرەسەندن، ھەمیشە ڕێگای گفتوگۆی گرتۆتەبەر بۆ چارەسەرکردنی جیاوازیەکان، بۆ بەدەستھێنانیشی قوربانی بە پشک و بەرکەوتەی یاسای خۆی داوە بۆ لایەنەکانی دیکە، بەڵام بەداخەوە ئەوان لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان نەبوون، بۆیە پێمان وایە لەم قۆناغەدا وا پێویستە زیاتر لە جاران بەرگری لە مافی خۆمان بکەین بە ئامانجی خزمەتکرنی گەلی کوردستان و گەلانی دیکەی عێراق، بەڕێز شاندی میوان ھیوایان خواست کە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق بەرژەوەندی گەلانی عێراق و سەقامگیری و بەرگری لە سەروەری وڵات کاری لە پێشینەیان بێت، حکوومەتی وڵاتەکەشی بەردەوام دەبێت لە ھاوکاری حکوومەتی عێراق و ھەرێم، پێکەوەکارکردن ئارامی و ئاسایشی و بەرەو پێشەوەچوون بەدی دەھێنێت و داھاتوویەکی پڕشنگدار دەستەبەری دەکات ئەوەش لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتدایە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار