مەسرور بارزانی: کورد خاوەن پرس و دۆزی ڕەوای خۆیەتی نەک سواڵکەری بەر دەرگای بەغدا

د.محمد خدرمولود
لە دوای ساڵی 2014 وە ماوەی هەشت ساڵە ئەو راستیە حاشاهەڵنەگرە بۆ تەواوی چاودێرانی سیاسی و ناوەندەکانی میدیا و دەستەبژێرانی نێو کۆمەڵگای کوردستانی ڕوون بۆتەوە کە ئەوە بەغدایە سیاسەتی برسی کردنی هەرێمی کوردستانی وەک کارتێکی فشار و هەژموون گرتۆتە دەست تا خەڵکی شۆرشگێڕی کوردستان سەرقاڵی پرسی (مووچە و بودجە و نەوت و گاز و بریارەکانی بەناو دادگای فیدڕاڵی عێراقی) بکا.
هەڵبەتە لەم سیاسەتەی دا بەغدا دوو ئامانجی هەبووە، یەکەمیان مەبەست لێی وەستاندنی هەموو ئەو پێشکەوتن و بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە بوو کە هەرێمی کوردستان بە بەرنامە و پلانی تۆکمە هەنگاوی مەزنی بۆ تا هەولێر و کوردستان لە ناوەندە سیاسییەکانی ناوچەکەدا بووە ئەو ناوەند و مێرگە درەوشاوەیە ئاشتی خوازە دیموکراتیەی پێشەنگەکەی ناوچەکە.
ئامانجی دووەمی بەغدا مەبەست لێی پەراوێزخستنی پرسە دەستووریە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد و کاڵکردنەوەی دۆزی ڕەوای کوردستان بوو لە عێراق.
لە هەردوو ئامانجی دا بەغدای دادگای بەناو فیدڕاڵی دەیەوێ ڕەوڕەوەی مێژوو و پێشکەوتنی کوردستان بگەڕێنێتەوە دواوەو پرۆسەی سیاسیی بگەێنێتە ئەو خاڵەی کە مرۆڤی کورد هاووڵاتی پلە دوو بێ و بێ ئیرادەو ویستی سەرفراز و سەربەخۆ بێ هەمیشە (هەولێر هەموو دەم هەر چاوی لە بەغدا بێ).
پرێس کۆنفرانسەکەی رۆژی 3-3-2022 ی رێزدارمەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووهەڵماڵین بوو لەسەر پەردەی دووەمی ئەو شانۆگەرییەی لە بەغداوە نمایش دەکرێ. ئەو شانۆگەرییەی لە بەغدا لەلایەن دادگای بەناو فیدرالییەوە نمایش دەکرێ، بەو سیناریۆ ئاشکرایەی هەیەتی، ئاشکربوو، کە مەبەست لێی بەچۆکداهێنانی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی ئیرادە و خواست و ویستە پیرۆزییەکانیەتی. ئەوەیان لەکاتێکدایە هەموو بریارەکانی ئەو دادگایە لەدوای بەربژێرکردنی بەرێز هۆشیار زێباری بۆ سەرۆک کۆماری عێراق کەوتوونەتە کار بریاری سیاسین بە ئەجندای دەرەکی، لە پشت پەردەوە کۆمەلێک هۆکاری سیاسیی لە پشتەوە ئاراستە و جوولە بە بڕیارەکان دەکەن.
هەروا بڕیارەکەی دژ بە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانیش هەر لەو روانگەوەیە وەک زۆربەی هەرەزۆری ئابووریناسان و یاساناس و شارەزایانی بواری دەستووری عێراقی و کوردستانی لێی دواون بریارێکی نایاسایی و نادەستوورییە، مەبەست لێی لێدانە لە پێگە و پایەی یاسا و دەستووری هەرێمی کوردستان و کیانی سیاسیی و خۆبەرێوەبردنی ئازاد و دەستوورییانەی کوردستان وەک کیانی فیدراڵی لە عێراق دا.
رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسەکەی دا ڕاشکاو و بوێرانە، سەرۆک و بەرپرسانە، بە ڕوونی و ڕەوانی ڕووی وتاری لە بەغدا و کوردستان کرد و بە بەغدای گوت: هەرێمی کوردستان هیچ بڕیارێکی نادەستووری قبووڵ ناکات و ڕێگا نادات هیچ ئیرادە و ئەجندایەکی سیاسیی بەسەردا بچەسپێندرێت.
هەمدیس سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە وتارە پرێس کۆنفرانسییەکەیدا، بوێر و ئاشکراگۆییانە ڕووی لە گەلی کوردستان کرد و ڕوون و ڕەوان لە داهاتی نەوتی کوردستان دواو جارێکی دیکە جەختی لە ئەمانەت و دەست پاکی و بەهێزی و لێزانی و شارەزایی ئیدارەکردنی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەمی بەهێزی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە کردەوە. هەروا سەرۆکی حکوومەت بێ باک لە زێدەڕۆیی و هەرزەگۆیی ئەم و ئەوی ئۆپۆزیسیۆن ومۆپۆزیسیۆن، بوێر و ڕاشکاوانە بە هەمووانی گوت: کورد خاوەنی پرس و دۆزی ڕەوای خۆیەتی، نەک سواڵکەری بەر دەرگای بەغدا.




