بڕیاڕێکی نابەجێ لە کاتێکی هەستیاردا

سەلام عەبدوڵڵا
مایەی سەرسوڕمان بوو بۆ هەموو لایەک، کاتێک دادگای فێدڕاڵی عێراقی بڕیارێکی لەناکاو و بەپەلەی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم راگەیاند، ئەمە لەکاتێکدا ئەم دۆسیەیە لە لای ئەو دادگایە و گەلێک دۆسیەی تری هەستیاری- وەک مادەی (140)ی دەستوور- پشتگوێ خستبوو، ئەمە لە کاتێکدا سوپای عێراق و میلیشیاکان هێرشێکی سەربازییان کردە ناوچەکانی مادەی (140) و خودی شاری کەرکووک کە سەراپای جوڵەیەکی نادەستووری بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دادگایە لەو پێشێلکارییە بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوو.
جارێ خۆی ئەم دادگایە، دادگایەکە کە بە هەمان نەفەسی رژێمی پێشووەوە دامەزراوە و وەک ئەوەی بە گوێرەی خواستی دیکتاتۆری عێراق، کە هەموو دەسەڵاتەکانی لە دەستدابوو داڕێژرابێ و پشتیوانێکی سەرسەختی ئەو رژیمە و دیکتاتۆرەکەی بووبێ، نیزامێکی پۆلیسی بەسەر هەموو عێراقدا سەپاندووە و بەرگریکارێکی سیستەمی مەرکەزییەو دۆسیەی نەوتیش، بە کردار، تەنیا دیکتاتۆر خۆی بەرپرسیاری بووە.
جا ئەم دادگایە بە هەمان عەقڵییەت و هەمان مێتۆد دەیەوێ بڕیارەکانی بچەسپێنێ بێ گوێدانە ئەوەی ئێستا لە عێراق هەیە- ئەگەرچی تەنیا لە سەر کاغەزیش بێت- ئەوا سیستەمێکی دیموکراتی فرەیی و فێدڕاڵییە، بۆیە بڕیار و یاساکانی ئەو دادگایە، ناتوانێ رەنگدانەوەی واقیعی ئەمڕۆ بێت، بۆیە بڕیارەکانی لەجێی خۆیدا نین و خودی دادگاش ناشەرعی و نادەستوورییە. چونکە بە پێی خواست و ویستی دەسەڵاتدارانی بەغدا کە تایفەگەری و دەستێوەردانی دەرەوە زۆر زاڵە بە سەریاندا و بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەڵیدەسووڕێنن، چونکە نەماندی ئەم دادگایە هیچ هەڵوێستێکی بەرانبەر تەعریبی نوێ و داگیرکردنی موڵک و ماڵی کوردەکان و تراژیدیای ئەنفال هیچ رۆڵێکی هەبێت و هەمیشە لە بەرژەوەندی لایەنە شۆڤینییەکان و دژە دیموکراتی و فێدڕاڵی رۆڵیان گێڕاوە.
کوا هەڵوێستی ئەم دادگایە لە مەڕ پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک کە بە ئاشکرا بە تۆپزی سیاسەتی عەرەباندن و گوندە کوردەکان لە سەر ماڵ و موڵکی تاپۆکراوی خۆیان دەربەدەر دەکات. کوا؟
بۆیە تا دادگایەکی شەرعی و دەستووری و یاسایی بۆ ئەم قۆناغەی نوێی عێراق دانەڕێژرێ و لە پەرلەماندا پشتیوانی تەواو نەکرێت ئەوا بڕیارەکانی ئەم دادگایە ناشەرعین و هەرێم ناتوانێت پابەندیان بێت.




