١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەو کاتەی ھاووڵاتی بە تاوانبار ھەژمار دەکرێت ئەگەر بێتاوانیش بێت

سەرچاوە: KDP.info

ھۆشیار زێباری

لە دێر زەمانەوە دادگا ھەبووە بۆ ئەوەی ببێتە پەناگە بۆ ھاووڵاتیان، بۆ ئەوەی ستەم لێکراوان ڕووی تێبکەن و ماف خوراوان و ماف زەوتکراوان پەنای بۆ بەرن، ھەموو جۆرە ڕژێم و سیستەمی حوکمڕانی لە دونیادا یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و بڕیاردان لە سەریان بە دادگا سپێردراوە، ھەروەھا پێیان سپاردووە کە ستەم لەسەر ھاووڵاتی نەھێلێت و مافیان بۆ بگەڕێنێتەوەو بڕیاری کۆتایی داوەتە دادگا و، نابێت بڕیارەکانی ڕەتبکرێنەوەو کاری پێنەکرێت. عێراقیش بەدەر نییە لەو کارە، بۆیە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتێکی ئەوتۆی داوەتە دەسەڵاتی دادوەری کە بە ھیچ دەزگایەکی دیکەی نەداوەو گەرەنتیەکی ئەو تۆشی پێداوە بۆ ئەوەی خۆی بەدوور بگرێت لە ململانێی سیاسیی و سیاسەتمەداران و بڕیارەکانی دادگاشی بە کۆتا بڕیار داناوە، بەتایبەتی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کە بڕیارەکانی لەسەرووی بڕیارەکانی ھەر دەزگایەکی دیکەیە، بەڵکو سەرجەم دەزگاکانی دیکەی ناچار کردووە پابەندی بڕیارەکانی ئەم دادگایە بن کە ماف و ئازادییەکانی ھاووڵاتیانی پێ سپێردراوەو ھیچ بوارێکی نەداوە بۆ پێھەڵچوونەوەی بڕیارەکانی.

ھۆکاری ئەم دەسەڵاتە فراوانەش کە دەستوور پێیداوە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەزگایە بێلایەنی تەواوی خۆی بپارێزێت و بەتەواوەتی دوورکەوێتەوە لە ململانێ و ڕکابەرایەتی دژ بە یەکەکان و، تەنھا کاری جێبەجێکردنی ماددەو بڕگەکانی دەستوور و چەسپاندنی بنەماکانی بێت کە داڕێژەری ئەو دەستوورەیە، ویستیان سەردەمەکە بکەنە سەردەمی ماف و ئازادییەکان و پرەنسیپی دیموکراسی و دادپەروەری و ماف گەڕاندنەوە، دوای ماوەیەکی دوور و درێژ لە پێشێلکردنیان، بەڵام لەم عێراقە نوێیە زۆری نەخایاند، تا وایلێھات کە زۆر شت بگوترێت لەسەر ئەم دادگا فیدڕاڵییە لە میزاجییەت و مەیلی بۆ ئەملاو ئەولاو لە زۆر بڕیارەکانی و، بەتایبەت بۆ لایەنی براوەو باڵادەست.

زۆر کاتی ناوێت بۆ ئەو کەسەی بیەوێت بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ڕاستییەی کە زۆربەی بڕیارەکانی ئەم دادگایە بەپێی ویست و خواستی گەورەو پیاوە کاریگەرەکان دەرکراوە، بەڵام شیکردنەوەیەکی شەرمنانەو ھەڵسەنگاندنێکی وریا دەبێت لەسەر بنەمای ئەوەی کە ھەرکەسێک دەنگ بەرزبکاتەوە و سکاڵا لە ھەندێ لە بڕیارە ستەمکارەکانی دادگا بکات زۆری پێناچێت بەدوایدا دەگەڕێن بۆ سزادانی، بە تۆمەتی ناڕەزایی و ناو زڕاندن و لەکەدارکردنی ناوی دادگا، بۆیە ستەملێکراو دەبێت تووڕەیی خۆی بخواتەوەو ئارام بگرێت و سەبری ھەبێت، ئەگەر لە بەرزترین پلەی دەزگای جێبەجێکاریش بێت لەم وڵاتە.

تویتە بەناوبانگەکەی( حیدر عبادی )ش، باشترین بەڵگەیە کە گوتبووی( دەنکە گەنم لەکوێ سکاڵا بکات ئەگەر دادوەر مریشک بوو)، بەم نموونەیە ئیدی پێویست ناکات زیاتر بەدوایدا بچین.

ناشاردرێتەوە کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژێک لە ڕۆژان متمانەی لێوەرگرتینەوە، کە بێگومان بڕیارێکی سیاسی بوو، بەڵگەش ئەوەیە کە ئەو لایەنەی بڕیارەکەیدا لایەنێکی سیاسی بوو ھیچ (حصانە)یەک بۆ بڕیارەکانی ئەو لایەنە نییە، بەڵگەی دیکەش ئەوەیە کە دادگای دەستپاکی لە ھەموو ئەو تۆمەتانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دابوویانە پاڵمان، ‌بێتاوان دەرچووین.

ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی داراییش کە ئێمە وەزیر بووین تێیاندا، ھەروەھا وەزارەتی داد کە دەزگایەکی بێلایەنە ڕایگەیاند کە ھیچ مافێکی بەسەرمانەوە نییە، لەبەر ئەوەی ھیچ کەمتەرخەمیەک لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان لەلایەن ئێمەوە بەدی نەکراوە، بۆیە نامانەوێ سەری خوێنەر گێژکەین، ئەگینا زۆرێک لەو بڕیارانەمان دەخستەڕوو کە ئێمەیان بێتاوان دەرخستووە بە ژمارەو ڕۆژ، بەڵام ھەمووی دیارو ئاشکرایە بۆ ھەمووان.

ئەو دادگا فیدڕاڵیەی کە ئومێدمان پێی وابوو لایەنێکی بێلایەن بێت و کار بەو بڕیارانە بکات کە دادگای دەستپاکی بڕیاری لەسەر داوەو، پێویست بەوە ناکات داوای سکاڵا لەو وەزارەتانە بکات کە کارمان تیادا کردووە، تەنانەت لەلایەنە بێلایەنەکانی دیکەش کە ھاتنە سەرخەت بۆ لێکۆڵینەوەی بێلایەن و سەربەخۆ.

بەڵام ئەو ڕۆژە عەبووسەی کە دادگا بڕیارە سەیر و سەمەرەکەیدا، کە نادەستووری بوونی کاندیدکردنم بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەرکرد، پشتی بە سەیرترین بەڵگەو پشتگیری بۆچوون بەست، ئەویش ئەوەبوو کە ئەو دادگا فیدراڵییە پشتی بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران بەست کە بڕیاری متمانە لێوەرگرتنەوە بوو، کە وەکو ھۆکارێک بۆ بێبەشکردنمان لە بەشداریکردنی کێبڕکێی پۆستی سەرۆککۆمار، بۆیە لەوکاتەدا دەیان پرسیار بە خەیاڵماندا ھات کە تەنھا ئەوانەی بەقووڵی چوونەتە ناو لایەنە شاردراوەکان و لەپشت پەردەکانن دەیزانن و سەریان لێی دەردەچێت.

ئایا دادگای فیدراڵی ئاگادار نییە کە بڕیاری متمانە لێوەرگرتنەوەمان، گریمان ڕاستیش بێت ئاسەوار جێ ناھێلێت بەپێی دەستوور، تەنھا ئەوە نەبێت کە وەزیر بە دەست لەکارکێشاوە ھەژمار دەکرێت؟ 

ئایا دادگای فیدراڵی ناچار نییە کە حوکم و بڕیارەکانی خۆی لەسەر ڕۆشنایی بڕگەکانی دەستوور بدات، نەک بەپێی دەسەڵاتێکی دیکە کە بڕیارەکانی کۆتایی نین؟ 

ئایا بەڕاستی ئەم دادگایە نازانێت کە سەرجەم ئەو تۆمەتانە لەلایەن ھەندێ بەلاڕێدابراودا لە ئەنجوومەنی نوێنەران درایە پاڵمان، لە دادگا و لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە ھیچ بنەمایان نییەو ئێمە لێی بێ بەرین، ھەروەک بێبەریبوونی ھەندێک لە دادوەرەکان لە ئینساف و بێلایەنی؟

ئایا دەکرێت بڕیاری پەرلەمان کە دادگاو لێکۆڵینەوەکان دووپاتیانکردەوە کە ڕاست نین و پشتی پێ ببەسترێت بۆ بێبەشکردنی ھاووڵاتی لە ماف و ئازادییەکانی لە بەشداریکردنی دادگەرانە لە کاروباری سیاسەت و حوکمدا؟

ئایا بەڕاستی دادگا لە بڕگەکانی وای دانابوو کە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران ناوبانگە باشەکەمان و مێژووی کارکردنمانی لەکەدار کردووە، سەرەڕایی ئەوەی کە بڕگەیەک نییە لە دەستوورداو حوکمی کۆتایی نییە کە دەکرێت بکرێتە بەڵگەو سەنەدێک بۆ ستەمێکی وەکو ئەم؟

ئەم پرسیارانەو زۆری دیکەش بەخەیاڵمدا ھاتن، وای لە ئێمەو چەندین شارەزا و لێکۆلەرانی یاسایی و دەستووری کرد، کە بەغەمەوە لە چارەنووسی ئەو بڕگە دەستووریە بپرسین کە دەڵێت تۆمەتبار کاتی تۆمەت پێداکردنی بێتاوانە، تاکو لە دادگایەکی یاسایی تۆمەتەکەی لەسەر ساغ دەبێتەوە، ئەی چی بۆ ئەوە دەڵێن کە لەبنەڕەتدا بێتاوانی سەڵمێندراوە؟

ئایا مافی ئەوەی نییە تەواوی مافی خۆی پیادە بکات بێ کەم و کورتی؟

ناشیشارینەوە کە ئێمە بیرمان لەوە دەکردەوە کە سکاڵا لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمار بکەین سەبارەت بەو تۆمەتانەی خستبوویانە پاڵمان بۆ متمانە لێسەندنەوەمان لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەو ئەنجوومەنە بێلایەنی خۆی نەپاراستبوو، ھەروەھا بەکارھێنانی دەسەڵات و ستەمکردن لە بەکارھێنانی بە مەبەستی (تسقیت) سیاسی، کەچی رووبەڕووی حوکمێکی مێژوویی بووینەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە کە دەڵێت ھاووڵاتی تاوانبارە ئەگەر بێتاوانیشی سەلماند.

ئەم بڕیارە بە سیاسی کراوانە کە دادگاو لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایانکرد کە ڕاست نین، لە ئەنجامدا دەبنە بێبەشکردنی ھاووڵاتیان لە مافە سیاسییەکانیاندا، بەڵکو دەشێ وەکو سەنەد بەکاربێت بۆ حوکمە ڕواڵەتیەکانی کە لای ئێمە دیاربوو تەنھا بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی و، ڕیاییە لە ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام لە حەقیقەتدا ماف و ئازادی بێ بنەماو پووچەڵەو، دادگاکان بەپێی میزاجی خۆیان تەفسیری بۆ دەکەن و شیی دەکەنەوە، لەوانەیە ئومێدبڕی ئەو ستەملێکراوانە بێت کە پەنا دەبەنە بەر دادگای سروشتی بۆ ئەوەی مافەکانی وەربگرێتەوە.

سەردەمەکە سەردەمی تەداخولکردنی دادگایە لە کاروباری سیاسەتداو گەر نەڵێین سەردەمی ئەوەیە کە گەورەکان دادگا بە ویستی خۆیان ھەڵدەسوڕێنن.‌

 

هەواڵی پەیوەندیدار