١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کورد لە لوتکەی بڕیاری نێودەوڵەتیدا

سەرچاوە: KDP.info

بڵند نەوڕەس

بەشداریکردنی ھەردوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین دیدارە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی جیھاندا لە میونشن بۆ پرسی ئاسایش، ھێمایەکی نێودەوڵەتییە بۆ کاریگەری ئەم دوو سەرکردە نێودەوڵەتییەی کوردستان.

کۆنفرانسی میونشن، سەکۆیەکی جیھانییە بۆ کۆبونەوە و گفتوگۆکردنی خاوەن بڕیارەکانی جیھان لەسەر بابەتی ئاسایش و وزە و ئابووری و سیاسەت و ژینگە.

لە پەراوێزەکانیشدا گفتوگۆی دوو لایەنە دەکرێت لەنێوان خاوەن بڕیارەکاندا.

دیدارە جیاجیا و ھاوبەشەکانی ھەردوو بەڕێزان سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسەکەدا بە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵگەن بۆ ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان ئامادەیی و کاریگەری ھەیە لەسەر ھاوکێشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە پرسی ئاسایشدا ھۆکارن بۆ سەقامگیری ناوچەکە و شکاندنی داعشیش بە ھاوکاری ھاوپەیمانان و لە سەر دەستی پێشمەرگەو بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی، بۆتە فاکتێکی نێودەوڵەتی و بە گرنگی زۆرەوە لێی دەڕوانرێت.

لە پرسی وزەدا نەوتی ھەرێمی کوردستان چەسپاوە لە سەر نەخشەی وزەی جیھاندا.

ئەم پرسانە و چەندانی تر پرۆپۆزەڵی سەرمێزی گفتوگۆکانی بەردەم سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتن لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە و خاوەن بڕیارەکانی جیھاندا.

ھەرێمی کوردستان لە رێگەی دانایی لە مامەڵەکردنی دوورمەودا و درێژخایەنی ستراتیژی و سیاسییەوە، رۆڵی لە ھەندێک دەوڵەت زیاترە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تایبەت خاوەن بڕیارەکان باش لەم بەھا باڵایە تێگەیشتوون و دەخوازن ھەرێمی کوردستان ببەستنەوە بە بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە.

سیاسەتیش کرۆکەکەی دۆزینەوەی بەرژەوەندی ھاوبەشە لەسەر بنەمای سوودی ھەمە لایەنە بۆ ھەمووان، ھەر ئەم سەنگ و پێگە گرنگەی ھەرێمی کوردستانیشە کە ھەردوو بەڕێزان نوێنەرایەتی دەکەن، بۆتە ھۆکاری چەندین فشار و گوشاری سیاسی و ئابووری و یاسایی لە لایەن نەخوازەکانی کوردستانەوە، بۆ ئەوەی لە ھەنگاونان خاوی بکەنەوە و ئاراستەی رەوتە راستەکە بەلاڕێدا ببەن.

ئەم بەشدارییە جێگای سەرنجە و چاوی یار و نەیاری لەسەرە، بەڵام سەرەڕای ھەرشتێک، پرۆژەی کرانەوەی زیاتر بە رووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە پرۆژەیەکی بەردەوام و ئامانجدار و رێگای راستی گرتووە و دەرفەتی گەڕانەوە بۆ دواوی وەلاناوە و بەرەو ئاسۆیێکی باشتر و گەشتر و مانادارتر بە شێنەیی بەڕێوەیە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار