ئوکراینا ... لە ساتەوەختی هەڵکشان و داکشانی دا

د.محمد خدر مولود
لە دوا لێدوانیدا، ئەمرۆ 12-2-2022 فۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئوکراینا لە کییڤی پایتەختەوە بۆ میدیاکان رایگەیاند:
کەش و هەوای میدیاکان تەواو بارگاوی بووە بەهێرش و پەلاماردانی ئوکراینا لەلایەن رووسیاوە ئەو هەواڵ و دەنگوباسە میدیاییانەی رۆژانە سات بە سات بەردەوامی بڵاودەکرێنەوە هەمووی چەواشە و دەنگ و دۆر و پڕۆپاگەندەن بۆ شێواندن و تێکدانی هێمنی و ئارامی و ئاسایشی وڵات و ترساندن نانەوەی ئاژاوەو پشێوی خەڵکە.
هەروا زیلینسکی گوتی:
بەڵگەیەکم بدەنێ ئەو فاکت و راستییە بسەلمێنێ کە رووسەکان رۆژی 16ی ئەم مانگە هێرشمان دەکەنە سەر و وڵاتمان داگیردەکەن؟ چ بەڵگە و دیکۆمێنتێکی باوەڕ پێکراو هەیە کە ئەمە ڕووبدات ..؟
ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئوکراینا لەو ئان و ساتەدایە کە تەواوی سنووری رۆژهەڵات و باشوور و باکوری بە لەشکرتاری ڕووسەکان دەورەدراوە و بە چەکی قورسی زەمینی و دەریایی و فرۆکەی (رووسیای فلادمێرپووتین)، (ئوکراینای فۆلۆدمێرزیلینسکی) گەمارۆدراوە بە ئاراستە و ڕەهەندی بەڕێکردنی سات و ڕۆژانی هەرە هەستیار و چارەنووسی ئایندە نادیار.
بۆیە هەر لە رۆژی 11-2-2022 وە دوای ئەوەی جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەکانی ناتۆ و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای ڕاگەیاندن ئەوان باوەڕیان وایە پووتین بڕیاریداوە هێرش بکاتە سەر ئوکراینا و بە یەکجاری داگیری بکات.
دوای ئەم راگەیاندنەی جۆ بایدن وڵاتانی دونیا لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیاییەوە تا هەندێ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عەرەبی بە عێراقیشەوە پەیتا پەیتا نێردە دبلۆماسییەکان و کارمەندانی بالیۆزخانە و هاوڵاتیانی خۆیان ئاگادار دەکەنەوە بە زووترین کات ئەو وڵاتە جێ بێڵن.
لەم سەروبەندە هەرە هەستیارە ترسناکە پڕ لە فۆبیای شەڕی دەروونی و جەنگی راستەقینەیی ئاسمانی و سەرزەوی دا، ئوکراینەکان لە خەڵکی تری سەر گۆی زەوی زێتر لە نێو دۆزەخی جەنگ و وێرانەیی و باری نا هەموار و ترس و نیگەرانی داگیرکاریدا دەژین.
وێرای ئەوەش ئوکراینەکان هێشتا بە ورەبەرزی و خۆڕاگری و دڵسۆزی و خۆشەویستیان بۆ خاکی وڵات و نیشتیمانیان، بوێر و ئازایانە، بەرگە و بەرگری، مانەوە و بەرخودانیان هەڵبژاردووە.
تا ئەو ساتە و تا رۆژی دیاریکراوی جەنگ وەک زیلینسکی ئاماژەی 16ی فیبرایەلی پێداوە بۆچوونی شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسیی و میدیایی لە ئوکراینا و رووسیادا خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ئەم قەیرانە هەیە، هەر لایەنە لە بەرژەوەندی وڵاتیان شرۆڤەی دۆخەکە دەکەن.
شرۆڤەکار و لێکۆلەرانی رووس لە موسکۆ وای دەبین:
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەمریکا و پاشان هاوپەیمانیەتی ناتۆ و ئەوروپییەکان لە دوای ڕوخان و هەرەسی بلۆکی رۆژهەڵات لە زام و برینی قووڵ و لە هەستیاری رووسەکان تێنەگەیشتوون وهیچ گرەنتییەکیان بۆ مەترسییە سیاسیی و ئابووری و جیۆسیاسیەکانی مۆسکۆ نەبووە. ئێستاش کە ئەمریکا سەرکردایەتی و پێشڕەوی پەلکێش کردنی رووسیا دەکات بۆ جەنگی بێ ئامانی داگیرکردنی ئوکراینا، مەبەست لێی پەلکێش کردنی مۆسکۆیە بۆ نێو زۆنگاوی ئوکراینا، کە بۆ رووسەکان لە زونگاوی ئەفغانستان خەستر و چڕ و بە لیتاوتر و کوشندەترە.
لە لایەکەی تردا شرۆڤەکاران و لێکۆڵەرانی ئوکراینیش وای دەبینن کە ترسی مۆسکۆ لە ئەمریکا و ناتۆ بۆ گەیشتنە سەر سنووری رۆژئاوایەتی و لە باشووری هەرە ستراتیژیش بۆ سەر لە دەریای ڕەش و ئەزۆفتە.
ئەوسا مۆسکۆ لەلایەن ناتۆ و ئەمریکاوە بە تەواوەتی گەمارۆ دەدرێ و بە دیوی ئەوروپا و رۆژئاوا هەموو کەریدۆرەکانی تەسک دەبنەوە و ئاسانتر بەڕوویا دادەخرێن.
ئەی ئوکراینەکان ئێستا لە چی دەترسن و لەنێو چ فۆبیایەکدا دەژین ..؟
گەر ئەو قسەیەی ئەمرۆی سەرۆکیان فۆلۆدمێر زیلینسکی خورد بکەینەوە و بیکەینە پێوەر بۆ کۆی ئەو ڕووداو و هێرش و داگیرکارییەی رووسەکان کە لە سەرەتای مانگی سێی ساڵی 2014 وە داگیرکردن و جوداکردنەوەی دیوی دۆڵی دەمباس و هەردوو شاری مەزن (لۆگانسک و دانێتسک)یان بە ئۆبەلەسنایەوەیان بە مۆسکۆوە لکاندەوەو لە باشووری دەریای رەشیش تاپۆی دورگەی کریمای فیردەوس لە ڕکی خرۆشۆف خستەوە سەرناوی مۆسکۆ، تۆ بڵێی زیلینسکی و دەستەبژێرانی ئوکراینی مەزندەی ئەوە بکەن ئەو مانۆر و نمایشە سەربازییەی مۆسکۆی پووتین بۆ بە دیفاکتۆبوون و قبووڵ کردنی رێککەوتنی مینیسکی بێڵاڕووس بێ و بۆ ئێستا هیچی ناو ئەمریکا و ناتۆش لەم هەڵکشان و داکشانەدا کڵاشیان بدرێ و هیچیان پێ نەبڕێ ..؟
هەولێر 12-2-2022




