ئوکرانیا پەڕینەوە لە دنێپر بەرەو ناتۆ یا مانەوە لەبەردەم لەشکرتاریەتی رووسدا

د.محمد خدر مولود
دوا بە دوای قلیشانەوەی رووداوەکانی شاری ستراتیژی ئەڵما ئاتای کازاخستان - باخچەی باشووری رووسیا و بەهانەوە چوونی مۆسکۆ بۆ فریادرەسیی و رزگارکردنی قاسم جومرت تۆکاییف سەرۆکی دێرینی کازاخستانی کەریدۆرە ستراتیژییەکەی چین بۆ ئەوروپای رۆژهەڵات، چەند رۆژێکە جارێکی دیکە بابەتی رۆژەڤە و هێرشکردن و هەژمونی داگیرکردنی زیاتری لەلایەن رووسیاوە لە پای نزیک بوونەوەی ئوکراینا لە بە ئەندام بوونیدا لە هاوپەیمانیەتی ناتۆ بوونەتەوە بابەتی گەرم و بلەزی میدیاکانی جیهان.
مشتومڕی گەرمی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئەوروپییەکان بەرامبەر ڕووسیا گرنگترینیان دیداری نێوان هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ڕووسیا بوو لە جنێف لە 21-1-2022 هێشتا نەبۆتە خاڵی بەهێزی دڵنیایی و گرەنتی تەواو بۆ هێوربوونەوە و ڕەوینەوەی فشار و هەژموونی لەشکرتاری مۆسکۆ و مەترسییەکانی هێرش بۆ سەر ئوکرانیا بەداگیرکردنی کییفی پایتەختەوەش.
زلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە لە تازەترین لێدوانی دا بۆ گەلی ئوکراینا لە رۆژی 24-1-2022 وێرای ئەوەی دڵنیایی دایە گەلەکەی لە ئەندام بوونیان لە ناتۆ لە نزیکترین دەرفەتدا و دڵنیایی خۆڕاگری سەرکەوتنیشی لە بەرامبەر فشار و هەژموونەکانی مۆسکۆ راگەیاند.
بەڵام زلینیسکی لەو ئان و ساتەشدا لە نێوان دوو کەوانەدا قەتیس ماوە و بە چاوکراوە و ئەبڵەقی سەیری ئەم بەروئەو بەری( دنێپرودۆڵی دەمباس) دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە زیلینسکی سەرۆکی ئوکراینا بە دیداری پووتینی سەرۆکی رووسیا رازی بوو، کە بریار بوو رەجەب تەیب ئەردوگان لە ئەنقەرە لە سەرەتای ئەم مانگە دا لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆیان کاتەوە، گەر عینادی و کەلە ڕەقی و پێداگیری پووتین نەبوایە، دیدارەکە سازدەبوو.
لە تێڕوانین و خوێندنەوەی تایبەتی ئێمەدا ئەم چەند دێرەش دەخەینە سەر دێرەکانی سەرەوەو هاوکێشەکە وا وێنا دەکەین.
ڕووس و بێلاڕووس لە یاری سیاسیی کۆچەرانی سەرسنوور، ئەو کارتەیان وەک گەڵای پایز دەمامکەکەیان هەڵوەری و جگە لە شەرمەزاری مینسک و ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆی سەرۆکی بێلارووس چیتری لێ شین نەبوو تا ڕووی دیالۆگی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیەتیان هەبێ، هەر هیچ نەبێ لە بەرامبەر قسە و گفتی ئەوروپییەکانی ئاشق بە دروشمی (دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ.!!) ئەوەندە بێنێ بابەتی سیاسیی پێ گەرم بکرێ و دەرگای دیدار و گفتگۆی بەڕوودا بکاتەوە کە لە مێژە ئەوروپییەکان هەموو دەرگاو پەنجەرەیەکیان بەڕووی لۆکاشینکۆ داخستووە.
قسە لەسەر ئوکراینایە، ئەو وڵاتەی خاوەن پێگەی ستراتیژی دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی و مرۆییە، لە بوارەکانی پیشەسازی سەربازی و مەدەنی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و وەرزش و هونەرەکانی ئەدەبی و سینەما و شانۆو هونەری ئەفرێنەری باڵیێ و چاپ و بڵاوکردنەوە، پیشەسازی خۆراک و بژێوی ژیان و بیناسازیدا، وەک وڵاتە دەگمەنەکان دەگمەن و پێشەنگە.
بەڵام، ئوکراینا قەدەر و پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەی وا هەڵکەوتووە قوربانی پێگە جوگرافیەکەی بێ، لە وەتەی بۆتە وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆ لە دوای پرۆسەی پیرۆسترۆیکای گرۆرباتشۆڤ و لەساڵی ١٩٩١ وە ئەوە هەر ژەهری ترس و تاڵاو و مەرگەمووشی ئازادبوون و سەربەخۆ بوون و بوون بە ئەندامی ناتۆیەتی دەینۆشێ.
لایەنێکی دیکەی ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناخۆی ئوکراینا دەسەڵات گرتنەدەستی ئوکراینایە لەلایەن پارت و چینی (لۆگاریشیەت)ەوە با بە شایان و شایستەیی هەڵبژاردنەکانیش بووبێ. ئاخر ئوکرانیای دوای پرۆسترۆیکا بەتایبەتیش لە دوای ساڵی 1991وە، هەر پارت و لایەنێکی براوەی هەڵبژاردنەکان کە دەسەڵاتی حوکمدارییان گرتۆتە دەست زۆربەی هەرەزۆریان لەنێو پارت و چینە لۆگاریشیەتەکەوە سەریان هەڵداوە و هەموویان پارتی تازەی دامەزراوی بارودۆخی قۆناغ و کاتوساتی ئێستایی بوون، هیچیان پارتی خودان مێژوو و مێژووکردە نەبوون، جگە لە حزبی شوعی ئوکراینی نەبێ ئەویش لە هەڵبژاردنەکانی دوای 1991وە تا دوا هەڵبژاردنی ساڵی 2018 دەنگی پێویستی سەرکەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی بەدەست نەدەهێناوە تا وەک پارتێکی حیساب بۆکراوی پشت ئەستوور بە جەماوەر و مێژووی دێرینی سەرکردایەتی وڵات بەرێوەبردن بکات لە بەرامبەریش دا هەموو پارتە براوەکانی ئوکراینا کەسانی پارتە لۆگاریشییەکانن، ئەوانەن وەک بزنسمان و دەوڵەمەند و پیاوانی بزنسی سیاسیی هاتوونەتەپێش و ڕکابەری بردنەوەی هەڵبژاردنەکانن بە پارتەکەی خاتوو(یولیا تیمۆشینک)ە و پارتە تەمەن سێ ساڵییە تازەیەی سەرۆکی ئێستایش زیلینیسکی کە پارتی (خزمەتکاری گەل)ە. چ جای ئەو لیگۆریشیانەی کییف و دەمباس کە زۆربەی بەرژەوەندییەکانیان یا بە مۆسکۆ گرێدراون یا بە رۆژئاوا و ئەمریکا.
بوونی ئەو لۆگاریشییانە لە لووتکەی دەسەڵات تا ئەم خوولەی دوای هەڵبژاردنیش خاڵێکی دیکەی بێ هێزییە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسی جەماوەری و ئوکرانیایان خستە نێو دوو کەوانەی داخراوو سەبەتەی دەستی ئەمریکاو ڕووسیا .
نەتوانەوە و لە نێونەچوون و ململانێی نەتەوەکان، ململانێیەکی مێژووی شارستانیی پڕ لە ئاستەنگە ڕێک وەک هەڵگرتنی بەردە زەبەلاحەکەی سیزیفە، بەردەوامی و کۆڵنەدان و پشوودرێژی و پشتیوانی مێژووی و جەماوەری گەل و میللەتی دەوێ ئەو پێداگیرییە جەماوەریەش لای ئوکراینەکان بە هەر نرخێ بێ لە ئاسۆی سەربەخۆ بوونی شاری کییفی پایتەختەوە وەک رۆژی رووناک دەبینرێ.
بۆیە ئوکراینەکان وەک وڵات و نەتەوە نە دەتوێنەوە و نە لە نێو دەچن، نە داگیر دەکرێن.
هەولێر 25-1-2022




