١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئایا ئۆکڕاینا بەدەردی کوێت دەچێت ؟!

سەرچاوە: KDP.info

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

لە مانگی ئۆگۆستی ساڵی 1991، کۆماری ئۆکڕاینا وەک کۆمارەکانی دیکەی یەکێتی سۆڤیەت سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و بووە یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نێوەدەوڵەتی (یوئێن) و بە یەکجارەکی له دەستەی وڵاتانی سەربەخۆیی دا نەما، کە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو له ساڵی 1923-1991 سەرۆکایەتی دەکرد .. ئەگەر چی ئۆکڕاینا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، تا ڕادەیەکیش ناو و دەنگۆی هەیه له نێوەندە نێودەوڵەتیەکاندا، زۆربەشی بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ مۆسکۆ یه، هەروەها له ئاستی ئابووریدا بە هۆکاری ئەوەی بەردەوام قەیرانی هەبووە، نەیتوانیوە ئاستی ئابووریەکەی بەهێز بکات، ئەمەش وەک حاڵەتێکی نا سرووشتی لێی دەڕوانرێت. ئۆکڕاینا کێشەکانی بەردەوام بووە لەوەتەی جاڕی سەربەخۆیان داوە، بەڵام له سەرەتای ساڵی 2014وە کێشەکانی بەهۆی داگیرکردنی دوورگەی (کرێم) لەلایەن سوپای ڕووسیاوە، ئەوە زیاتر وڵات بەرەو گێژاوی سیاسی و قەیراناوی بۆوە، ئەگەرچی ئەوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و جیهانی لەم داگیرکاریەی سوپای ڕووسیا ناڕازیی بوون و سەرکۆنەیان کرد، بەڵام ڕووسەکان پاڵپشتی ریفڕاندۆمی دورگەکەیان کرد گەڕاندرایەوە سەر ڕووسیای فیدڕاڵ، دواتر کێشەکان بەوە نەوەستان لە زۆر شاری تر خۆنیشاندان لە بەرژەوەندی ڕووسیا ئەنجامدران، وەک (دوبناس) له ڕۆژهەڵاتی وڵات به هاوکاری ڕووسەکان که لە سنوور پەڕینەوە و توانرا سوپای ئۆکڕاینا ڕابگرن. ئاڵۆزی و قەیرانەکانی ئۆکڕاینا بەوە نەوەستاون له سەدەی بیست و یەکدا، پێشتر ساڵی 2013 ئەمجارەیان ئۆپۆزسیۆن چەندین خۆنیشاندانی تووندی له کییڤ و شارەکانی دیکەدا ئەنجامدا دژ به سیاسەتی ئابووری وڵات و زۆربوونی قەیرانەکان. کێشەی ئەمجارەی ئۆکڕاینا جیاوازتر له جاران دا، کێشەیەکه کۆمەڵگای سیاسی و دیپلۆماسی و سیاسی و تا وەکو سەربازیشی بە خۆی سەرقاڵ کردووە، دوای ئەوەی ئۆکڕاینا مەیلی بۆ ئەوە نیشاندا که هەوڵدەدات ببێتە ئەندام لە ڕێکخراوی سەربازی ناتۆ دا، لێرەدا ڕووسیای فیدڕاڵ پێچەوانە لەم بڕیارەی کییڤ هۆشداریدا بەوەی ڕێگا نادات ناتۆ لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی دا نزیک بێتەوە، به بڕوای مۆسکۆ ئەم نیەتەی ڕۆژئاوا و ناتۆ باش نیه، بۆیە لە لایەن فلادیمێر بۆتین سەرۆکی ڕووسیای فیدڕاڵ وە هەڕەشەی ئەوەی لێکرا هێزی سەربازی بجوولێنێت، کە ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، چ ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەک و یەکێتی ئەوروپا ئەم هەڕەشەیەی مۆسکۆیان به جدی وەرگرتووە، وەک ئەوەی بە ئاشکرا باسی جەنگ دەکرێت و ئەم جەنگەش نەوەک هەر بە تەنیا ئەوروپای ڕۆژهەڵات، بەڵکو سەرتاسەری ئەوروپا بگرێتەوە هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکڕاینا، بیرهێنانەوەیەک دەداتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ناوزەند و بەراوورد دەکرێت به هەڕەشەکانی سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەمی سەدام بۆ سەر کوێت، دواتر داگیرکردنی دەوڵەتی کوێتی ئەندام له ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان (یوئێن) لەلایەن سوپای عێڕاقەوە، ئەمەش وای کرد کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە گەورەترین ئاستدا به هۆش خۆی بێتەوە، بزاڤی دیپلۆماسی و سیاسی و جەنگی بێتە ئاراوە، له پاشاندا یەکگرتنی جیهان بۆ دەرپەڕاندنی سوپاکەی سەدام لە کوێت به ماوەیەکی دیاریکراو.. ڕووسیای فیدڕاڵ هەڕەشە دەکا، وەك سەرچاوە فەرمیەکان ئاماژەی بۆ دەکەن ئەم هەڕەشانه جدییەتیان پێوەدیارە، چونکه پێشتر جوولەی سوپای پۆتین له (کرێم و دونستیک) هەبوو، ڕووسیا بێ منەتانه هەڕەشە و هێرشەکانی به کردەوە  ئەنجامدا ، دوور نییه  ئەمجارەیان ئۆکڕاینا بەدەردی کوێت بچێت وەک چۆن ڕژێمه یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق بەردەوامبوون له هەڕەشەکردنی کوێت دا، بەمجۆرەش ڕووسیا هەڕەشە دەکات و سەربازانی به شێوەیەکی بەربڵاو له سنوورە نێودەوڵەتیەکان دا دابەشکردووە، لەملاشەوە ئۆکڕایناش جمووجۆڵی فەرمی و خۆبەخشی دەست پێکردووە، واتا زەنگێک هەیه، بەڵام نازانرێت ئاخۆ ئەم زەنگە کەی و چۆن لەلایەن پۆتین لێ دەدرێت، پرسیارەکه ئەوەیه ئایا لە بەجێگەیاندن و زەنگ لێداندا، هەڵوێستی جیهان بەگشتی و( یوئێن ) به تایبەتیش هێزەکانی ناتۆ چی دەبێت، ئەمانه و چەندین ڕووداوی دیکه لە چاوەڕوانی جیهاندایه.

 

هەواڵی پەیوەندیدار