تیمی تەلەڤزیۆنی فەرمیی پۆلۆنیا (TVP) سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (PDK)ی کرد

هەولێر-KDP.info- مارچین تۆلیتسکی، پەیامنێری بەشی هەواڵەکانی تەلەڤزیۆنی فەرمیی کۆماری پۆلۆنیا(TVP) و سەرپەرشتیاری تیمی تەلەڤزیۆنی پۆلۆنیا لە یەکەم سەردانیاندا بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و بەرپرسی دێسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی کران.
تیمی تەلەڤزیۆنی کۆماری پۆلۆنیا بە مەبەستی ئاشنابوون بە دۆخی مرۆییی ئاوارە و پەنابەران لە کوردستان و عێراق و قەیرانی کۆچی بەلێشاوی عێراقییەکان و لە نێویاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە پەنابەران لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆماری بیلاڕووسیا و بەکارهێنانی سنووری وڵاتانی پۆلۆنیا و لیتوانیا بەرەو وڵاتانی تری یەکێتیی ئەورووپا ڕاپۆرت و هەواڵ بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی پۆلۆنیا ئامادە دەکەن. تیمی تەلەڤزیۆنی پۆلۆنیا بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و پۆلۆنی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لێدوانیان بۆ تەلەڤزیۆنی پۆلۆنیا و میدیای وڵاتەکەیان وەرگرت.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هاوکاری و ئاسانکاریی پێویستی خستە ڕوو کە تیمەکە بتوانن لە ڕۆژانی مانەوەیاندا لە هەرێمی کوردستان سەردانی کەمپەکانی ئاوارەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەندین دامەزراوەی هەریمی کوردستان و دەزگای ڕاگەیاندن بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای دۆخی هەرێم و ناوچەکە ببن و زانیاریی پێویستیان دەست بکەوێت سەبارەت بە هۆکارەکانی کۆچی پەنابەرانی عێراقی، لە کورد و عەرەب و نەتەوە و پێکهاتەکانی تر بۆ ئەورووپا و بەتایبەتیش بۆ کۆماری بیلاڕووسیا و دواتر بۆ کۆماری پۆلۆنیا کە لەسەر سنوورەکان و لەنێو دارستانەکانی نێوان بیلاڕووسیا و پۆلۆنیا و لیتوانیا ژمارەیەکی زۆری پەنابەران سەرگەردان بوون و تووشی نەخۆشی و تراژیدیایەکی مرۆیی بوونەتەوە و چەندین کەس تاوەکوو ئێستا گیانیان لەدەست داوە و بێ ئاو و خۆراک و دەرمان و بێ بەتانی و پێخەف لە بەرامبەر سەرما و باراندا تووشی نەخۆشی و گرفت بوونەتەوە و بەرەو چارەنووسێکی نادیار سەفەر دەکەن کە هیچ یەک لەم وڵاتانە هاوکار نین لە داڵدەدانیان و مافیای ناوخۆیی و بیلاڕووسیا تەنیا بۆ دەستکەوتی ماددی ژیانی ئاوارەکانیان خستووەتە بەردەم مەترسیی جددییەوە کە پێویستە بە هاوکاری و هەماهەنگیی سیاسی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمارەکانی بیلاڕووسیا و پۆلۆنیا و لیتوانیا پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی گرفتی مرۆییی ئاوارەکان پێش ئەوەی بەهۆی سەرماوسۆڵەی سەر سنوورەکان و ڕووداوی نەخوازراوی ترەوە ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) ڕایگەیاند کە بۆ ئەوەی میدیای ناوخۆیی، گرنگی بەم پرسە بدات هەروا هاوکاریی کۆنسوڵگەری کۆماری پۆلۆنیا و دامەزراوەکانی پۆلۆنی بواری خێرخوازییان داوە کە ویستوویانە لە ڕێگەی میدیای کوردستانەوە پەیامی خۆیان بگەیەینە خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە شیکردنەوەیاندا بۆ تیمی تەلەڤزیۆنی پۆلۆنیا سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەوانەی گەشتی بیلاڕووسیایان کردووە ڕایانگەیاند، کە لە کوردستان سەرژمێرییەک نییە سەبارەت بەو ئاوارانەی چوونەتە بیلاڕووسیا و مەرج نییە ئەو خەڵکەی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانی سنووری هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە دەرەوە هەموویان کورد بن و بەپێی زانیارییەکان ئەوان سەر بە نەتەوە و پێکهاتەی جیاوازن، کە کۆچی لاوانی عێراقی لە نەتەوە و پێکهاتەکانی چەندین هۆکاری هەیە وەک :
-لە ئەنجامی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ و ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لە عێراقی دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کاریگەریگەرییان هەبووە لەسەر کۆچی عێراقییەکان بەرەو دەرەوەی وڵات، خەڵکی عێراق شایانی خزمەتگوزاری و ژیان و گوزەرانێکی شایستە ترن کە دوای نەمانی داعش دەبووایە گرنگیی زیاتر بە دۆخی مرۆیی و ئابووری و ئاسایش و سەقامگیری بدرێت، لە خۆپێشاندانەکانی ناڕەزایەتی گەنجانی عێراق لە بەغدا و شارەکانی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەیان خۆپێشاندەر کوژران، یان دەستگیر کران و ڕاپێچی زیندان کراون و ژمارەیەکیش لە چالاکوانانی سیاسی ڕایان کرد و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە کرد و دواتر ھەندێکیان ھەوڵی چوونەدەرەوەیان داوە.
- لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە چوارچێوەی ماددەی (١٤٠) دەستوور هەژمار دەکرێن، هەروا دۆخی ئاسایش و ئابووری و گوزەران و بەردەوامیی هێرشە تیرۆریستییەکان و توندوتیژی بۆ سەر خەڵکی سڤیل و ئاستی بەرزی بێکاری و دڵنیانەبوون لە ئایندەیان و نەبوونی خزمەتگوزاری کاریگەریی کردووەتە سەر کۆچی گەنجانی ئەم ناوچانە بۆ دەرەوەی وڵات.
- بە هەزاران پەنابەری کوردستانی ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهەڵات لە هەرێم دەژین کە بەردەوام ژمارەیەکیان هەوڵی چوونەدەرەوە دەن.
- دەیان هەزار لە ئاوارەکانی بەشەکانی تری عێراق کە لە سەردەمی شەڕی داعش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا دەژین و بەهۆی نەبوونی ئاسایش و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و مەترسیی تیرۆریستی و میلیشیا چەکدارەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی پێشتر لێی هاتوون، هەربۆیە ژمارەیەکیان بە ڕێگەی ڤیزا و لە ڕێگەکانی ترەوە فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانی سنووری هەرێم بەکار دێنن بۆ گەشتی دەرەوەی وڵات.
- بەشێکی زۆری باڵیۆزخانەکان و کۆنسوڵگەریی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە نین ڤیزەی گەشتیاری و تەنانەت بۆ خوێندن و چارەسەریش بدەنە ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێم. بۆیە ھەندیک کەس، بەتایبەتی گەنجان ھەوڵی ڕێگای قاچاخ دەدەن بۆ ئەوەی بچنە دەرەوە و دنیا ببینن.
- هەندێک لە گەنجانی کوردستان هەروا هەوڵی چوونەدەرەوەی وڵاتیان داوە کە بێگومان کاریگەریی شەڕی داعش و هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێم و کێشە هەڵپەسێنراوەکانی نیوان بەغدا و هەولێر، چارەسەرنەکردنی پرسی بودجە و بابەتی تر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵدا کە هێشتا چارەسەر نەکراون و کاریگەرییان هەبووە بەسەر قووتی خەڵک و مووچە و گوزەرانی ئابووری و بێکاری و ئەو گەنجانەی زانکۆ تەواو دەکەن و بێکار دەمێننەوە و گرفتی ژیان و گوزەران هۆکارن بۆ کۆچی خەڵک بۆ دەرەوەی وڵات.
- لە هەموو بارۆدۆخێکدا هەریمی کوردستان خوازیار نییە کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراقی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە شێوەی نایاسایی وڵات جێ بهێڵن و خۆیان بدەنە دەستی قەدەر و تووشی مەینەت و تراژیدیا ببنەوە لە ڕێگای کۆچکردن بەرەو ئەورووپا کە هەڕەشە لەسەر ژیان و گوزەرانیان دروست بووە لە بیلاڕووسیا و پۆلۆنیا و لیتوانیا و لەنێو دەریاکاندا. بەردەوام هەرێمی کوردستان و میدیای کوردی خەڵک لەم مەترسییانە ئاگادار دەکەنەوە.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
