١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هەڵمەتێکی نادروست

سەرچاوە: KDP.info

سەلام عەبدوڵڵا

گومان لەوەدا نییە کە ناحەزانی هەرێم پەنا بۆ هەموو مێتۆدێکی ناڕەوا و خراپ بۆ لێدانی هەرێم و بەرژەوەندییەکانی بە هەموو شێوەیەک دەدەن، ئەویش بەو هیوایەی ڕەوڕەوەی بەرەو پێشەوەچوونی، کە بە ئاشکرا لە هەموو لایەکەوە دەبینرێت، ڕابگرن گەر نەشتوانن تێکیبدەن.

جا لەم هەڵمەتە ناشەریفانەدا، بەداخەوە لە ناوخۆی هەرێمیش بە تاک و بە ڕەوتی سیاسیش بەشداری دەکەن و هەندێک جار لە نەیارانی هەرێمیش زیاتر پێیان دادەگرن.

جاران ناحەزان و دوژمنانی کورد بە چەک و جبەخانەی پڕ لە چەکی مەترسیدار و قڕکەرەوە ئەو کارانەیان دەکرد کە لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەو شێوازەیان سەرکەوتوو نییە و ئامانجەکانیان ناپێکێت و گەلەکەمان بە خۆڕاگری، بە قوربانی زۆریشەوە هەر لەسەر پێی خۆی ڕادەوەستێ و خەباتی بەردەوام دەبێت، ئیدی ئەوانە شێوازی خۆیان گۆڕی بە شێوەیەک زۆر ڕیاکارانە وەک ئەوەی ئەوان دڵسۆزی گەنجانمان بن کەوتنە پشتیوانی گەنج و لاوانمان بۆ هیجرەت بەرەو هەندەران بەو حیسابەی لەوێ دەتوانن ژیانی پڕ لە خۆشی و کامەرانی بەرنە سەر، کە ئامانجی ڕاستەقینەیان دوور خستنەوەی ئەو نەوە تازە پێگەیشتووە بوو کە دەبوو جڵەوی بەرپرسیارەتی هەڵبگرێ و خەباتی باب و باپیرانی بەرەو ئامانج بەرێت، ئەوەی ئەوان بە خوێن و خەبات دەیانکرد ئەمان بە زانست و پەروردە و تەکنەلۆژیای مۆدێڕن بەردەوامی پێبدەن.

ئێستاش کە چەند رۆژێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرتاسەری عێراق کە لە (10)ی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەدەچێت، زۆر بە ئاشکرا دیارە کە هەڵمەتێکی قێزەون بەڕێوەدەچێت ئەویش هاندانی گەنج و لاوانە بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردندا و دەنگ نەدانە بە نوێنەران بۆ پەرلەمان کە ئێستا تەنیا مەحفەلی یاساییە بۆ داکۆکی لە مافە ڕەواکانی هەرێم و پێشێلکاری حکوومەتە جیاجیاکانی عێراق سەبارەت بە هەرێم، کەچی ئەو دەنگە ناسازە لە زۆر شوێن لە میدیا و سۆشیال میدیا و تەنانەت هەندێک لە مزگەوتەکانیش دەبیسترێ، کە زۆر چالاکانە داوای بایکۆتی هەڵبژاردن و دەنگ نەدان دەکرێ کە بەڕاستی خزمەتێکی بەلاشی نەیارانی هەرێمە و تەنیا دوژمنانی کورد و هەرێمی پێ خەنی دەبێ.

بۆیە دەنگدەری بەڕێز، گەنج و لاوانی نیشتمانپەروەری ئەم نیشتمانە، بە پێچەوانەی ئەو دەنگە ناسازانەوە، ڕۆژی دەنگدان چالاکانە بەشداری بکەو ویژدانی خۆت ئاسودە بکە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار